پاتریۆتی ئەمریکا زۆر بە باشی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە

پاتریۆتی ئەمریکا زۆر بە باشی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە

گرافیک: ئاڤا نیوز

هێرشە درۆنی و مووشەکییە بێ پێشینەکەی ئێران کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیلی بە ئامانج گرت ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەمریکا سیستەمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆتی MIM-104 ـی لە کوردستانی عێراق جێگیر کردووە. ئەگەر بە ڕاستی ئەوە کەیسەکە بێت، جێگیرکردنی سیستەمەکە لە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی چەند سودێکی بۆ ئەمریکا و بۆ هاوپەیمانە دێرینەکە، واتە بۆ کوردستان، هەیە.

 

تاران نزیکەی 120 مووشەکی بالیستی وەک بەشێک لە پاکێجە هێرشییەکەی کە مووشەکی کروز و درۆنی تەقینەوەشی لەخۆدەگرت، ئاراستەی ئیسرائیل کرد؛ مووشەکێکی پاتریۆت یەکێک لەو مووشەکە بالیستییانەی لە ئاسمانی کوردستانی عێراق خستە خوارەوە. پاشماوەی مووشەکەکە لە سۆران، کە نزیکەی 60 مایل لە دەرەوەی هەولێری پایتەختە، کەوتە خوارەوە.

 

لەو شەوە دراماتیکییەدا ژمارەیەک تەقینەوەی دیکە لە هەولێر بیستران؛ ئەگەری هەیە فڕۆکە جەنگییەکان بەشێک لەو درۆنانەیان لە ئاسمانی عێراق خستبنە خوارەوە کە ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی کردن. بە دڵنیاییەوە، فڕۆکە جەنگییەکان ناتوانن مووشەکە بالیستییەکان بخەنە خوارەوە، خاڵی بەرگریی C-RAM ـیش کە ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی هەولێر هەیەتی ناتوانێت ئەو کارە بکات، بۆیە ڕووداوەکەی سۆران جێگەی سەرنجە.

 

پێشتر ئەمریکا سیستەمێکی پاتریۆتی لە بنکەی هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر جێگیر کرد. ئەمە ساڵی 2020 چەند هەفتە لە دوای ئەو هێرشە مووشەکییە بالیستییەی ئێران بوو کە کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەو کات بێوێنە بوو. ئەمەش چەند ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە ئەمریکا لە هێرشێکی درۆنیدا قاسم سولەیمانی لە بەغداد کوشت. بەڵام ئەو جێگیرکردنە سەلماندی کە کاتییە.

 

ئێستا کوردستانی عێراق زیاتر لە هەر کاتێکی دیکەی ئەم سەدەیە پێویستیی بە بەرگریی ئاسمانییە. لە 2020ـەوە، ئەو میلیشیا عێراقییانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات هێرشی مووشەکی و درۆنیی وێرانکەری زۆریان کردووەتە سەر کوردستانی عێراق.

 

ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە، سوپای پاسدارانی ئێران تا ئێستا دوو جار ڕاستەوخۆ ناوچە شارنشینییەکانی هەولێری بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج – ئاداری 2022 و کانوونی دووەمی 2024. هەر دوو هێرشەکان بێوێنە بوون، بە تایبەت ئەوەی دووەمین کە بە هۆیەوە 4 کەسی سڤیل کورژان، لە ناویشیاندا بازرگانێکی دیاری کورد. جێ خۆیەتی سەرنج لەوە بدرێت کە هەر دوو هێرشەکە بە تەواویی لە دژی ئامانجە سڤیلەکان بوون.

 

دیار نییە کەی ئەمریکا جارێکی دیکە سیستەمی پاتریۆتی لە هەولێر جێگیر کردووە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە کورد ڕاستەوخۆ پێشوازیی لەو پێشهاتە کردووە. هەر وەک ئەوەی بەم دواییانە، کە مانگی شوبات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لە پێویستیی بەپەلەی هەرێم بۆ بەرگریی ئاسمانیی کردەوە. لەوەتەی بە هۆی شەڕی ئۆکتۆبەری ڕابردووی غەززەوە گرژییە هەرێمییەکان تەشەنەیان سەندووە، ئەوە تەواو ڕوون بوویەوە کە ئێران و پڕۆکسییەکانی کوردستانی عێراق وەک خاڵێکی لاواز دەبینن و هێرشی دەکەنە سەر.

 

لەوەش زیاتر، ئەم جێگیرکردنی پاتریۆتە لەوانەیە ڕێگایەکی دوور ببڕێت تا هەندێک دڵنیایی سەبارەت بە بەرگریی و ئاسایشی ئەو سەرزەمینە داخراوە بە کورد بدات.

 

یاسای دەستەڵاتدارکردنی بەرگریی نیشتیمانیی 2024 کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کرا بەشێکی تێدایە تایبەت بە ڕاهێنان و چەکدارکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی عێراق بە بەرگریی ئاسمانی. بەڵام پێناچێت ئەمانە ‌هێندەی پاتریۆت یان هەر سیستەمێکی دیکەی بەرگریی ئاسمانیی کە بتوانێت مووشەکی بالیستی بخاتە خوارەوە، پێشکەوتوو بن. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت سیستەمی کورتمەودا تا مەودای مامناوەند دەتوانێت ڕۆکێت و درۆن بخاتە خوارەوە کە ئەمەش بە شێوەیەکی گرنگ کوردستانی عێراق، کە هیچ بەرگرییەکی ئاسمانیی نییە، بە هێز دەکات.

 

بوونی سیستەمی پاتریۆت لە هەولێر لە سوودی ئەمریکاشە. جیا لەوەی دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی سەربازەکانی لە بەرامبەر هەر هێرشێکی بالیستیی هاوشێوەی ئەوەی کانوونی دووەمی 2020، بۆشاییەکی گەورەش لە ڕووماڵکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی لە ناوچەکەدا پڕ دەکاتەوە.

 

هێزی ئاسمانیی ئوردن بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیی هەوڵە هاوبەشەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسای داوە لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەدا کە بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا فڕیوون. بە پێچەوانەی ئوردنەوە، ڕوونە کە کوردستانی عێراق هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی نییە. لە کاتێکیشدا کە عێراق ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری F-16 هەیە، ئەوان مووشەکی ئاسمان-بە-ئاسمانی کورتمەوداتریان لەوانەی هاوتا ئوردنییەکەیان هەیە. بەرگرییە ئاسمانییە عێراقییەکان کە لە سەر زەوی جێگیرن سنووردارن تا ڕادەی سیستەمی مەودا مامناوەندی پانتسیر S1ـی ڕووسی و سیستەمی مەودا کورتی ئاڤێنگەری ئەمریکی کە مووشەکی ستینگەر دەهاوێژێت. 

 

لەوەش زیاتر، دیارە کە حکومەتی عێراقی دەیەوێت لەوە دوور بکەوێتەوە کە بە هۆی خستنە خوارەوەی درۆنە ئێرانییەکان وەک یارمەتیدەری بەرگریی ئیسرائیل بناسرێت. دوای ئەو هەمووە، حکومەتی ئێستای بەغدا لەلایەن گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە درووست بووە و عێراق هیچکات پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل نەبووە.

 

بە گوێرەی ئەم هۆکارانە، پاتریۆت لە کوردستانی عێراق بە باشی جێگیر کراوە. ئەوە تۆڕی هاوبەندی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکات. هەروەها دڵنیایی دەبەخشێتە هاوبەشی درێژخایەنی هەرێمی کە خۆی لە ژێر گوشاری بەرچاوی ئەم مانگانەی دوواییدا دەبینێتەوە، هەم لەلایەن بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ گومانخستنەسەر ڕەوایەتی دەستووریی کە بە شێوەیەکی سیستیماتیکی لە سەربەخۆیی ئابووری و سیاسیی دایدەماڵێت و هەمیش لەلایەن هێرشە فیزیکییە بێ پاساوەکانەوە.

 

دەبێت ئەم هۆکارانە باوەڕ بە واشنتۆن بهێنن کە ئەم سیستەمە بهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی گرژییە هەرێمییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو دەچن، کە پێناچێت بەم زووانە ئەوە ڕووبدات.

 

نووسینی: پاوڵ ئیدۆن

سەرچاوە: فۆربێس

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا

شەیری بکە لە: