" ئەم دۆخە، تێبینی نوێ و پێشبینی نەکراوی خوڵقاندووە"

" ئەم دۆخە، تێبینی نوێ و پێشبینی نەکراوی خوڵقاندووە"

گرافیکی ئاڤا نیوز

کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی ـ سەرۆککۆماری ئێران، دۆخێکی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی خوڵقاندووە.


گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران لە تەمەنی 63 ساڵیدا، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر سیاسەت و بەڕێوەبردن نییە، جگە لەوەی کە وەک بژاردەیەک بۆ جێنشینی عەلی خامنەیی ـ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرا.


ئیبراهیم ڕەئیسی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار، پاڵپشتیی تەواوی هێزە ڕادیکاڵ و بنەماخوازەکانی هەبوو، بەڵام هەنگاو و کاریگەییە لاوازەکانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، تێڕوانینەکانی گۆڕی.


جگە لە بێزاریی زۆرینەی گەلانی ئێران و بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی خولی 13ـەمی سەرۆککۆماری، بنەماخوازەکانیش لێی ناڕازی بوون. لە هەڵبژاردنی خولی دوانزەیەمدا، تەنیا لیستی "ئومەنا" وێنەی ڕەئیسییان لە تەنیشت وێنەی خومەینی و خامنەیی دانا بوو. 


پێکهێنانی حکومەتەکەی ڕەئیسی، ئەنجامی چەندین ساڵ سیاسەتی دامەزراوەیی ویلایەتی فەقیهـ بوو بە چاودێریی خامنەیی کە تێکەڵ بوو بە دەستێوەردانی فراوان، سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.


ڕەئیسی لەسەر زەمینەیەکی ئاستبەرز باسی هەنگاوەکانی پێشکەوتنی دەکرد، کەچی خۆی هیچ شتێکی تایبەتی نەکرد و تاکە سەرۆکێک بوو کە نەبووە نوێنەری گەلانی ئێران و خۆی بە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی خامنەیی دەزانی.


ڕەئیسی، لاوازی و کێشەکانی لەسەر شانی خامنەیی ڕێبەر لادەبرد و دەیخستنە سەر شانی دامودەزگاکانی حکومەت و جیاواز لە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو، نەک هەر هیچ گرژییەکی لەگەڵ وەلی فەقیهـ نەبوو، بەڵکو لە سێ ساڵەی سەرۆکایەتییەکەیدا، بۆشایی نێوان وەلی فەقیهـ و سەرۆکایەتیی کۆمار پڕ کرایەوە. 


ڕەئیسی، لە گۆڕینی حکومەتی مافیایی و یەکپارچە و ڕادیکاڵ، کەسێکی شەڕەنگێز بوو و یارمەتیدەری دەستەڵاتێکی تووند بوو و هەوڵی دەدا پێگەی خۆی لە هەرەمی دەسەڵاتدا بەرزتر بکاتەوە تا لە کاتی دیاریکراودا ببێتە جێنشینی خامنەیی. هەوڵی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی دەدا، بەڵام نەیتوانی پێش بە موحسینی ئێژەیی ـ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و سادق لاریجانی ئامۆلی ـ سەرۆکی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام بگرێت.


ڕەئیسی، کارنامەیەکی لاوازی لە دوای خۆی جێ هێشت. زۆربەی بەڕێوەبەرەکانی لاواز بوون. یەکێک لە وەزیرەکانی تێوەگلا لە گەندەڵیی دۆسیەی "چای دەبش" و هەندێکی تریشیان وەک حوجەت عەبدولمەلیکی هەر زوو وەزارەتەکەی جێ هێشت. ئەندامانی پەرلەمان زیاتر کەوتنە خۆیان بۆ لێپێچینەوەی زیاتری لە وەزیرەکانی، بەڵام نووسینگەی ڕێبەر ڕێگر بوو. 


سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ڕەئیسی بە هۆی شەڕی ئۆکراینا و دانوستانە نهێنییەکان، دەرفەتی فرۆشتنی نەوتی زیاتری پەیدا کردبوو لە بەرامبەر نەرمی نواندنی کردەیی کابینەکەی جۆ بایدن بۆ جێبەجێکردنی سزاکان، بەڵام ئێران لە بواری کرانەوەی ئابووریدا گەیشتبووە بنبەستێکی تەواو. 


ئەو لە ڕێگەی قەرزکردنی ناڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندی و ساختەکردنی ئامارەوە، هەوڵی دەدا پاساو بۆ هەڵاوسان و بچووکبوونەوەی سفرەی گەلانی ئێران بهێنێتەوە. بانگەشەکانیشی لە بەشداریی کۆبوونەوەکانی "شەنگەهای" و "بریکس" و واژۆی ڕێککەوتنی هاوکاریی دوورمەودا لەگەڵ چین و ڕووسیا، ئەنجامێکی ڕوونی لە زیادکردنی وەبەرهێنان لە ئێران نەبوو؛ بە پێچەوانەوە لاوازتر بوو.
 
ڕەئیسی، بە دوای مانۆڕدانەوە بوو لە سەفەرە نێوخۆییەکانی و ئامادەبوونی مەیدانیشی جگە لە زیادبوونی خەرجیی دەوڵەت دەستکەوتی دیکەی بەدواوە نەبوو و دواجار گیانی خۆشی لەسەر دانا.
سیستەمی نوێی یارانە (هاوکاری خێزانی) لەگەڵ نەهێشتنی دۆلاری چوارهەزار تمەنی و نەشتەرگەریی ئابووری، بە شێوەیەکی لاواز و پڕ لە کوموکوڕی جێبەجێ بوو. یارانەکانیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای کاڵاکان نەبوو و لە ئەنجامدا توانای کڕینی هاووڵاتیان لە هی پێش کابینەکەی لاوازتر و کەمتر بووەوە.


دابینکردنی بەنزین و کارەبا ڕووبەڕووی کورتهێنان بووەوە و هەتا هات ڕوانگەکان لە کەرت گشتی و حکومییەوە ڕووی لە کەرتی تایبەت کرد.


ڕەشترین ڕووکاری دەوڵەتەکەی ڕەئیسی لە پانتاییە سیاسی و فەرهەنگییەکاندا بوو کە پاڵەپەستۆ و بەرتەسکبوونەوەیەکی گەورەی بە خۆیەوە بینی و دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەری هاوکارێکی گەورەی یەکتری بوون لەم پرسانە.


ڕەئیسی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی مەجلیسی دوانزەیەمیش سەرکەوتوو نەبوو. بەڕێوەبردنی لاواز و ئاڵۆزی قەیرانەکان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئەودا، گوێپێنەدان بە خراپی دۆخی کەشوهەوا لە ورزاق، پێداویستی و بەرنامەڕێژیی لاوازی تیمی تەنگەتاوێ و دۆزینەوەی هەلیکۆپتەرە تێکشکاوەکە، هەواڵی دژبەیەک و خراپی لە گەیاندنی هەواڵی دروست و ئاراستەکردنی هزری گشتی، ڕێک نیشاندەری هەیکەلێکی خراپ و بێهێزی دەوڵەتەکەی ڕەئیسی بوون و نیشانیان دا کە قەیرانە نێوخۆییەکانی دەسەڵات لە ئێران گەورەن.


مەرگی ڕەئیسی، کاریگەری لەسەر دەسەڵات و دۆزینەوە و جیگرەوەی نابێت و کارێکی قورس نییە. بۆیە ئێستا دەبێت لە ماوەی 50 ڕۆژ هەنگاوی پێویست بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆمار هەڵێنرێتەوە، لە کاتێکدا ئێران ئەو ئامادەییەی نییە.


دوو ئەگەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری ئێران هەیە:
یەکەم: ڕەنگە بە هۆی کێبەرکێی نێوان بنەماخوازەکان و نەوەی سێیەمی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی کە چاویان لە سەرۆکەیەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە، ئاڵۆزیی سیاسیی دروست ببێت.
دووەم: ئەگەری ئەوەش هەیە هەڵبژاردنەکە بە ئارامی بەڕێوە بچێت.


دۆخی ئێستا لە دۆخی دوای تەقاندنەوەی باڵەخانەی سەرۆکوەزیران و کوژرانی محەمەد عەلی ڕەجائی و محەمەد جەواد باهونەر خراپتر نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە فەزای ئێستا لە فەزا ئینقیلابییەکەی ئەودەم ناچێت بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر سەندووقی دەنگدان.


بە پێی یاسای بنەڕەتی، تا پێکهێنانی دەوڵەتی چواردەیەم، بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ئەستۆی محەمەد موخەبر دێزفوولی ـ جێگری یەکەمی سەرۆککۆمارە. موخەبر لە ماوەی 50 ڕۆژ لە نێو ئەنجوومەنێکدایە کە محەمەد قالیبافی سەرۆکی پەرلەمان و غوڵامحوسێن موحسنی ئێژەیی ـ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری تێدایە و دەبێت بەرانامە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دابنێن.


ڕەنگیشە قالیباف و ئێژەیی ببنە بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری. وەزارەتی دەرەوەش لە نەبوونی ئەمیرعەبدوڵاهییان، لە لایەن عەلی باقری کنی بەڕێوە دەچێت.


کەواتە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ڕووی سیاسی و گوتارییەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەسەڵات و نیزام و پانتایی سیاسی نییە. ئەو کاربەڕێکەر و جێبەجێکاری سیاسەتەکان بوو. هەرگیز ڕۆڵی نەبوو لە سیاسەتدانان و لە نێو بەسیجییەکانیش خۆشەویستی کەم ببووەوە. لەدەستدانی قاسم سولەیمانی بۆ نیزام زۆر قورستر بوو لە لەدەستدانی ڕەئیسی. تاقە کاریگەریی ڕەئیسی، لەسەر هاوکێشەکانی دەسەڵاتی دوای خامنەیی بوو کە بواری ئەوەشی بۆ نەڕەخسا.


بەڕێوەبردنی زەمان و هەڵبژاردن، قۆناغێکە کە بڕیار وابوو لە ئایندەدا ڕووبدات. ئەم دۆخە، تێبینی نوێ و پێشبینینەکراوی خوڵقاندووە کە هەڵبەت بەدوور دەزانرێت بۆ دەسەڵات سەرئێشە بێت. جێگرەوەی ڕەئیسی بە ئەگەری زۆرەوە درێژەدەری کارەکانی ئەو دەبێت. تەنیا ڕەنگە بەقەدرا ئەو گوێڕایەڵ نەبێت، کۆنتڕۆڵکردنیشی بۆ ویلایەتی فەقیهـ ئاسانە.

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا
سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: