دیداری تایبەت؛ داود ئۆغڵۆ لەبارەی نەوت و پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە قسە بۆ ئاڤا دەکات
- کوردستان
- 24 تشرینی دووەم
ئاڤا نیوز
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاڤا میدیا باسی لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، هەولێر و تورکیا و پرۆسەی ئاشتی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕست کرد.
چیرۆکی سەرەکی: ئەحمەد داود ئۆغڵۆ هاوشان لەگەڵ دەیان سەرکردە و سەرۆک و کەسایەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەشداری لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی – کوردستان لە شاری دهۆک کرد و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە ئاڤا میدیا چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کردووە و ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:
ئاڤا میدیا: پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆکوەزیران ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، لە پێشوشدا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ دووبارە بەخێربێن، وزەیەکی زۆرتان هەیە، لەسەر ستەیجەکەش بینیمان کە دوو بۆ سێ جار گوتتان سەرۆک بارزانی، لە کاتێکدا بە ئێوەش دەگوترێت سەرۆک ئەحمەد، ئێستاش کە دەبینین دڵتان خۆشە، ئایا ئەم وزەیە لەکوێ دەهێنن؟
"هێزی من لە دەست و بازوومدا نییە، بەڵکو لە دڵەوەیە"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: پەرتووکێکم نووسیوە و لە ساڵی 2017 بڵاوکرایەوە کە کتێبێکی دوور و درێژە بە ناوی "وەستان"، گفتوگۆیە لەگەڵ گەنجان و لەوێ پرسیارێک لە گەنجان دەکەم، بەهێزترین مرۆڤ کێیە؟ ئەوەی کە زۆترین پارەی هەیە؟ "نا نەخێر" ئەوەی کە زۆرترین زانیاری هەیە؟ " نەخێر"، ئەوەی کە بەرزترین پلە و پۆستی هەیە؟ "نەخێر". بەهێزترین مرۆڤ ئەو مرۆڤەیە کە پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا باشە، هیچ مرۆڤێک لەو مرۆڤە بەهێزتر نییە، کە پەیوەندیەکی تووند و تۆڵی لەگەڵ خودی خۆیدا هەیە، هێزی من لە دەست و بازوومدا نییە، بەڵکو لە دڵەوەیەکاتێک بەرگری لەو شتە دەکەم کە بڕوام پێیەتی هەست بە دڵخۆشی دەکەم.
ئاڤا میدیا: ئەوەتان بیرخستینەوە کە لە شوێنێکدا دەڵێن( من تەنیا بڕوام بە شتێک هەیە، ئەویش ئەو دوو فریشتەیەی سەر شانی ڕاست و چەپی منن)، ئایا ئێستا کاتە گونجاوەکەیە بۆ ئەوەی بڵێین هەینیتان پیرۆز لە کاتێکدا پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو دوو فریشتەیە بەهێزە؟ هەروەها ئەمڕۆ خشتەی پلانەکەشتان قەرەباڵغە بە ئەنجامدانی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسان لە ناوخۆ و دەرەوە. تەنانەت لە کاتی ئاخاوتندا هەستمان بەوەکرد کە ئەو سیناریۆیەی ڕەحمەتی نەشەد ئێرتاش لە ( گونول داغی )ـدا دەڵێ( لە دڵەوە بۆ دڵ ڕێگایەک هەیە کە نابینرێت) ئەو عەشق و خۆشەویستیەی ئێوە بۆ کوردستان لە چییەوە سەرچاوە دەگڕێت؟ ئایا ئەو ڕێگایەیە کە نەشەد ئێرتاش باسی دەکات یاخوود شتێکی دیکە لە ئارادا هەیە؟
"ڕاستە من وەکو تورکێک لەدایکبووم، بەڵام من لە وڵاتی خۆم چەند مافم هەیە منداڵێکی کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەوەی کە مرۆڤی خۆشناوێت میلەتەکەی خۆشی خۆشناوێت دەبێت مرۆڤەکانت خۆشبوێت، ئەمە خاڵی یەکەم، خاڵێکی دیکە، خوێندنەوە و بەدواداچوونە بۆ مێژوو لەبەر ئەوەی دەبێت مێژووت خۆشبوێت و بەنێو مێژوودا گوزەر بکەیت و زۆر جار دەبێت هەنگاوێکیش لەپێش مێژووەوە بڕۆیت، کاتێک کە ئەمە دەکەیت جگە لە خۆشەویستیت بۆ مرۆڤەکان خۆشەویستیت بۆ ئەو کوولتورەش زیاد دەبێت کە بەیەکەوە هەتانە، ئێمە کوولتورێکی هاوبەشمان هەیە، لە داڤۆس پرسیاریان لە من کرد ئەگەر بێینە تورکیا سەردانی کوێ بکەین؟ ئەوان هەر دەیان گوت کاپادۆکیا- ئەنتاڵیا-ئیستەمبۆڵ، منیش گوتم دوو خەزێنەی شاراوە هەن لە تورکیا کە ماردین و ئەماسیان، بۆ نموونە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەردانی ماردینم کرد، ئەو ئاو و هەوایەی ماردین بەمن دەبەخشێت، هەمان شتیش لە هەولێر هەستپێدەکەم، تەنانەت لە کۆنیاش کە زێدی خۆمە هەمان ئەم هەستەم هەیە کاتێک لە هەولێر و سلێمانیم، کاتێک وەکو وەزیری دەرەوە ڕۆیشتمە بازاڕی هەولێر، وەکو ئەوە وایە کە لە کۆنیابم یەکێک لە دوورەوە دەڵی "ئەحمەد ئابێ" یەکێکی دیکە دەڵێ "جەنابی وەزیر، سەرۆک وەزیران" یەکێکی دیکە دەڵێ" مامۆستا ئەحمەد" ئێمە کوولتورێکمان ڕەخساندوە کە لەهەمان خاکدا هەمان هەوا هەڵدەمژین، جا چ کورد چ توورک، بۆ عەرەبیش بەهەمان شێوە، ئەوەی کە هەیە ئەم کوولتوورە هاوبەشەیە کە هەمانە، ئەو هەیەجانەی کە هەمە لەوەوە کاتێک ڕاوێژکاری باڵابووم چەند جارێک لەنێوان کوردستان و تورکیا سەرچاوە دەگڕیت. چەند بارودۆخێکی نەخوازراو هاتە ئاراوە، چەند جارێک لە تورکیاش چەند لایەنێک هەبوون هەوڵی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیاندەدا و دەیاننووسی کە بچین و هەولێر بۆمب باران بکەین، بێگومان لە ساڵی 2007، لەولاشەوە خەڵکی دیکە هەبوو شتی دیکەیان دەگوت، هەرکاتێک کێشە درووست دەبوو دەهاتم بۆ بەغدا بۆ هەولێر. جا چ لەگەڵ کاک مەسعوود چ مام جەلال یان لەگەڵ کاک نێچیرڤان یان کاک مەسرور، یان لەگەڵ فوئاد حوسێن یان کاک هۆشیار، لەگەڵ ئەمانە قسەم دەکرد، لەبەر ئەوەی ئێمە یەک خێزانین و ناکرێ لە دوورەوە هاوار بکەین، بەڵکو گفتووگۆ دەکەین و بابەتەکە چارەسەر دەکەین، ئەمڕۆ لەبەرچی لە تورکیا بە من دەڵێن سەرۆک ئەحمەد؟ لەبەر ئەوەی دەزانن وەکو تورکێک بەرگری لە مافی کوردەکان دەکەم، دەزانن مافی کوردەکان و کوولتوری کوردەکان بە باشترین شێوە دەپارێزم، جارێکیان لە سەفەرێکم بۆ دیاربەکر ئەوەم گوت کە ڕاستە من لە چیاکانی تۆرۆس وەکو تورکێک لەدایکبووم، بەڵام من لەو وڵاتە چەند مافم هەیە منداڵێکی کوردیش لە کەناری ڕوووباری دیجلە هەمان ئەو مافەی هەیە، ئەو تورکیە جوانەی کە من لە یونس ئێمرەوە فێریبووم چەندە پیرۆزبێت ئەو زمانە کوردیەش ئەوندە پیرۆزە کە منداڵێک لە کەناری ڕووباری دیجلە لە فەقێ تەیرانەوە فێری بووە، ئێمە دەبێت ڕێز لە یەکتر بگرین بۆ ئەوەی فیتنە نەیەتە نێوانمان، دڵنیاتان دەکەمەوە لەوەی لە هەر سەردانێکم بۆ دیاربەکر هەست بەچی دەکەم لێرەش لە هەولێر هەمان شتە، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازیەک هەبێت، دڵنیابن لە کەرکووکیش بەهەمان شێوە هەست بە جیاوازی ناکەم.
ئاڤا میدیا: ئێوە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیان کە بۆ یەکەمجار بە فەرمی سەردانی هەرێمی کوردستانتان کرد، جیاوازی ئەو ڕۆژەی کە تەشریفتان هێنا لەگەڵ ئێستا چییە و هەست بە چی دەکەن؟
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: لەبەرەی تورکیاوە گۆڕانکاری زۆر سەریهەڵداوە، لێرەش بەهەمان شێوە گۆڕانکاری هەیە
ئاڤا میدیا: بۆ نموونە؟
"من سەردانی کوردستانم کرد و لەنێوان ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراقدا وەستام و ناوی کوردستانیشم هێنا"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: بۆ نموونە کاتێک کە من سەردانەکەم ئەنجامدا، لە تورکیا مشتومڕی ئەوە دەکرا کە وەزیری دەرەوە دەڕواتە ئەوێ، با ببینین ئاڵای کوردستان لە دوایەوە دادەنرێت و وشەی کوردستان بەکاردەهێنێت؟ من هاتم و لەنێوان ئاڵای کوردستان و ئاڵای عێراقدا وەستام و ناوی کوردستانیشم هێنا، شکاندنی ئەم تابووە کاتێکی زۆری خایاند، بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان ناوی هەیە و ئاڵای هەیە، هەر وەک هەرێمی نەهچیڤان لە ئازەربایجان، تورکەکان یەک پشت و ڕیشەمان هەیە، ئەو تابووەمان شکاند، ئێستا وەکو پێشوو بە دوودڵیەوە سەیری یەکتر ناکرێت، من زۆر دڵخۆشم بەوەی کە ڕۆڵێکی باڵام هەبووە لە شکاندنی ئەم بەربەستانە، بەر لە ئێستا زۆرێک لە کێشە و بەربەستەکان تێپەڕێندران بەڵام ئاسایە ناکۆکی هەبێت لەسەر بابەتێک، ئەمەش بێگومان بە دانیشتن و بە گفتوگۆ چارەسەری دەکەین، کاتێک لەگەڵ کاک مەسعود لە هەولێر یەکترمان بینی بە بەڕێزیانم گوت کە ئێمە وەکو ئەندامی خێزانێک واین، ئەگەر کێشەیەک یان داواکاریەک هەبێت دەتوانن داوا لە ئێمە بکەن و چارەسەری دەکەین، پەیوەندی بە خەڵکی دیکەوە نییە و پێویست ناکات باس بکرێت، باب و باپیرانی ئێوە و باب و باپیرانی ئێمە لە هەمان شوێندا ژیاون، لەبەر ئەوە دوای ئەو ڕۆژە پەیوەندیەکی زۆر پتەومان لەگەڵ کاک مەسعود هەیە، تەنانەت ئەمڕۆش کە یەکترمان بینی ئەم خۆشەویستیە لە چاوەکاندا هەستی پێدەکرا، بەڵێ نزیکەی کاتژمێرێک دانیشتین، بەڕاستی زۆر بیری یەکترمان کردبوو نەمانزانی کات لەخۆیەوە چۆن تێپەڕی، بابەتەکە خۆشەویستیە و گفتوگۆیە لە دڵەوە.
ئاڤا میدیا: باشە چۆن ئەو پەیوەندییەی ئیستا لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە هەیە هەڵدەسەنگێنن؟ لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێوەدایە؟
"پێویستە پەیوەندییەکانیان باشتر ببێت"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: لە ڕاستیدا چاوەڕوانی ئاستێکی باشتر دەکەم. هەر دوینێ لەگەڵ وەزیری دەرەوە لە تورکیا قسەم کرد کە هاوڕێی دێرینی خۆمە بەڕێز هاکان فیدان گووتی؛ کە پەیوەندییەکانمان زۆرباشە لەگەل هەرێمی کوردستان، لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزریان مەسرور بارزانی گفتوگۆمان کرد ئەوانیش لە پەیوەندییەکان ڕازین. بەڵام پێویستە باشتریش ببێت. من دەمەوێت پەیوندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان تورکیا بگاتە ئاستێکی ستراتیژی و باڵا و بەرژەوەندی هاوبەش.
ئاڤا میدیا: ئەی سەبارەت بەو هەنگاوە نوێیانەی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە نراون بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی نوێ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
"دڵخۆشم کە پەیوەندییەکان بە باشی بەڕێوە دەچن"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: پەیوەندییەکان زۆرباشن. بۆ نموونە لە ساڵی 2008 کاتێک بۆ یەکەم جار ئەنجوومەنێک بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش بوونیادنرا، دوای ئەوە ئەرکی وەزیری دەرەوەم پێ سپێردرا و کۆبوونەوەی هاوبەشمان لە نێوان تیمی هەردولا ئەنجامدرا و زیاتر لە 20 وەزیر تێیدا بەشداریان کردو 48 ڕێکەوتن واژۆکرا، دەبێ بەم شێوەیە سەیری بابەتەکە بکەیت، واتە کاتێک وەزیرێکی عێراقی و وەزیرێکی تورک دادەنیشن پێویستە بەشێوەیەک بیربکەنەوە کە کار بۆ یەک وڵات دەکەن ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان پەسەندە، دڵخۆشم کە پەیوەندییەکان بە باشی بەڕێوە دەچن، سەبارەت بە ئەحمەد داود ئۆغڵۆ شیاع سودانی کە نەیتوانییوە ئەمڕۆ بەشدار ببێت شتی باشی لەبارەوە گوێبیست دەبم، ئەم کارانەی کە ئەنجامی دەدات، بەرەوە ئاراستەیەکی ئەرێنین، بێگومان پاراستنی پەیوەندییەکان ئەرکی هەردو وڵاتە بەتایبەت تورکیا، لە کاتێکدا ئەو ڕێگەیەی کە لە بەندەری فاوەوە دەسپێدەکات هەر بە بەندەری جەیهاندا تێپەردەبێت و دەگاتە جیهان.
ئاڤا میدیا: مەبەستان ڕێگای گەشەیە، دێینەوە سەر ئەم بابەتە ، زیاتر لەسەر هەولێر دەوەستین. بۆ نموونە هەولێر لەلایەک و بەغدا لەلایەک و ئەنقەرەش لەلایەک، ئەوەی کە ئێوە دەیڵێن سەرۆک مەسعود بارزانی یاخود سەرۆکوەزیران مەسرور بازانی ڕۆڵی ئەم دوو کاسایەتییە چۆن هەڵدەسەنگێنن لەم نێوەندەدا؟
"چەند پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهێز بێت ئەوەندەش پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا بەهێزتر دەبێت"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی لە کۆتاییدا پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوەیە، بۆیە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چەند باشبێت، بۆ ئێمە ئەوەندە گرنگە، لەبەرئەوەی ئەمە واتای خۆشبەختی و مانای خۆشگوزەرانی دەگەیێینێت، لە هەموو لایەنێکەوە، لە ڕابردوودا کاتێک تورکیا و هەرێمـی کوردستان هەنگاویان نابێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان بەغدا گوومانی لا درووستبووە، پێویست بە درووستکردنی گوومان ناکات، لەبەر ئەوەی تا چەند پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهێز بێت ئەوەندەش پردی پەیوەندیکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بەهێزتر دەبێت، بۆیە پێویست ناکات کەس گوومان لە کەس بکات و ڕێز لە یەکڕیزی خاکی عێراق دەگرین وە ناچارین ڕێز لەم یەکڕیزیە بگرین، هەر کەسێکیش بۆ ئەوی تر دەبێت وابێت، پێویستە عێراقییەکانیش بە هەمان ئەم نەفەوسەوە سەیری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیار بەکر یاخود هەولێر و ئەنقەرە بکەن کە لە نێوان هەولێر و بەسڕەدا هەیە، ئەمە نابێتە هەڕەشە بەڵکو هۆکارێکە بۆ نزیکردنەوەی زیاتری هەردوولا، ئێمە هیچکات جیاوازیمان نەکردووە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و شیعە و سوننە، بەڵام ئەوەی گرنگە کارکردنی هاوبەشە بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی تیرۆر جا چی پەکەکەیە یان داعش، بۆیە ڕێز گرتن لە سنوورەکان بەڵام نەهێشتنیان، من هەموو کات ئەم نموونەیە دەهێنمەوە کاتێک لە ئەڵمانیا دەڕۆیتە فەڕەنسا هەمووان دەزانن کە ئەمە سنووری فەرەنسایە و ئەمەش سنووری ئەڵمانیایە، بەڵام کاتێک کەسێک لە سنوورەکە تێپەر دەبێت کەس پرسیاری هیچی لێ ناکەن، بۆیە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەم شیوەیە بێت، دەبێت متمانە بەیەک بکەین کاتێک لە سنوورەکان دەپەڕێینەوە، بە درێژایی مێژووش ئەم سنوورانە بوونیان نەبووە، لە ڕووی ئابووریەوە تا چەند پەیوەندییەکانمان بەهێز بێت سنوورەکان هەر لە شوێنی خۆیان دەبن، بەڵام هاووڵاتییانمان ئاسانتر هاتووچۆ دەکەن.
ئاڤا میدیا: باشە باستان لە ئابووری کرد، ئێوە ڕۆڵێکی گرنگتان هەبوو لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، ئێستاش کاتێکی زۆر بەسەر وەستانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تێپەڕیوە و بووەتە هۆی زیانی ئابووری بە بڕی 20 بۆ 21 ملیار دۆلار، لەسەر ئەمە چی دەڵێن ؟
"نابێت هەناردەکردنی نەوت بووەستێت"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: خۆی نابێت هەناردەی نەوت بووەستێت، لەبەر ئەوەی من لە دەسەڵاتدا نیم، نازانم پێداویستییەکانی چین، بەڵام ئاسانترین ڕێگە بۆ گواستنەوەی سەرچاوە سرووشتیەکانی عێراق و کوردستان بۆ جیهان بێگوومان تورکیایە، عێراقیش پێویستە بە باشترین شێوە وەبەرهێنان لەم سەرچاوە سرووشتیانە بکات، کاتێک لە ئەرک دابووم بەبێ هیچ جیاوازییەک هەموو کات ئەوەم گووتوە کە پێوسیتە ئەو سەرچاوە سرووشتیانەی کە عێراق هەناردەی دەکات هەر هی عێراق خۆییەتی، بەڵام لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرێ، بۆیە بەبێ ئەوەی هیچ کامێکمان گوومان لەویتر بکەین، پێویستە ڕێڕەوێک بۆ ووزە، کلتور و گەشتیاری، بازرگانی بوونیاد بنێین.ئەگەر ئامانج گەشەسەندن و بەرزبوونەوەیە هەموومان بەیەکەوە گەشە دەکەین، نەک ئەوەی لایەک گەشە بکات و لایەکیش بکەوێت.
ئاڤا میدیا: باشە ئەوکات کە دەستان بە هەناردەکردنی نەوت کرد، هیچ یاساناسێک، پارێزەرێک یاخود کەسێکی شارەزا لە دەستوری عێراقی نەبوو پێتان بڵێت، بەمجۆرە هەناردەکردنی نەوت ڕۆژێک دێت دەوەستێت یاخود سیناریۆی دووەم پەسەندە کە عێراق ئەوکات هاوڕابوو دواتر پەشیمان بوویەوە؟
"تاوەکو کێکەکە گەورەتر بێت هەمووان زیاتر لێی سوودمەند دەبن "
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئێمە زۆر بە ڕوونی مامەڵەمان لەگەڵ هەردوولا کرد، بەڵام ئەوکات عێراق سەرچاوەکان بە مەرکەزی بکات و هاوڕێکانمان لە هەرێمی کوردستان دەیانویست سوود لە سەرچاوە سرووشتییەکانی خۆیان وەربگرن، بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییە پڕبکەینەوە لە نێوان هەردوولا ئێمە هەوڵی زۆرمان دا لە نێوان هەولێر و بەغدا کە هەمووان لێی سوودمەند دەبن، هەندێک لێکتێنەگەشتن ڕوویاندا. گووتمان ئەمە تێپەڕ دەبێت و تاوەکو کێکەکە گەورەتر بێت هەمووان زیاتر لێی سوودمەند دەبن، بەڵام کە کێکەکە بچووک دەبێتەوە یاخود نەوت دەوەستێت هیچ کەس بەشی خۆی وەرناگرێت.
ئاڤا میدیا: باشە باستان لە رێگای گەشە کرد، ئێستا سەر ئەو شەمەندەفەرە دەکەوین کە تاوەکو ئێستا بوونی نییە، لە کاتێکدا هەموومان ئومێدی ئەوە دەکەین کە ڕۆژێك بێت لە بەندەری فاو لە بەسڕە هێڵێک هەبێت درێژ ببێتە و بۆ بەندەری جەیهان و یومورتالک.
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: سەیرکە نابێت تەنها بەمشێوەیە بیربکەینەوە، یەکێک لەو پرۆژانەی کە من بەردەوام پەیڕەوم دەکرد یەکێتی میزۆپۆتامیا بوو، هەروەک چۆن لە مێژووی میزۆپۆتامیا هەیە، ئەویش یەک ئابووری گشتگیرە. واتە تورکیا، عێراق و سووریا بە تایبەت ئەگەر ئێرانیش پاڵپشتی بکات، دەکرێت سوود لە هەموو سەرچاوەیەک وەربگیرێت. بۆ نموونە لە نەجەفەوە، لە بەغداوە، لە مووسڵەوە، لە هەولێرەوە بۆ مێرسین. بەڵام ڕێگایەکی دیکەش هەیە.
ئاڤا میدیا: ڕێگای گەشە بە هەولێردا تێپەڕ دەبێت؟
"پێویستە، من زۆر بە گرنگی لەم بابەتە دەڕوانم "
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: بەڕای من پێویستە گرنگە بە شێوازێکی دیکە لە ڕێگای گەشە بڕوانین، کاتێک ئەم ڕێڕەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ترابزۆن و کارادێنیز ، لەوێوشەوە دەگاتە ئەوروپا، واتە نابێت تەنیا لە بەندەری مێرسیندا قەتیس بکرێ. دەبێ ڤیزۆنێکی گەورەمان هەبێت و من زۆر بە گرنگی لەم بابەتە دەڕوانم. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشدارن لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە و هیوای ئەوە دەخوازم کە بەزووترین کار بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاڤا میدیا: باشە ئێمە بە شەمەندەفەر هاتینە تورکیا و لێرە دەمێنینەوە. ئێستا پرۆسەی ئاشتی لە ئارادایە. لە کاتێکدا ئێوە لە دەسەڵات بوون ئەم بابەتە زۆر گەرم بوو. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئێستا دووبارە هەولێک هەیە و هەر وەک دیارە هەوڵەکانیش ڕژدن. هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەمە چیە؟
"ئەوانەی لە ڕابردوودا دژی پرۆسەی ئاشتی بوون ئێستا پاڵپشتی پرۆژەکە دەکەن، ئەمە کارێکی جوان و گرنگە "
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەو کات پاڵپشتیم لە پرۆسەی ئاشتی کرد. یەکێکم لە باشترین پاڵپشتی کارەکان، هەموو کات لەو بارەیەوە بۆچوونی خۆمم هەبووە، هەر بۆیە هەموو کات ڕەخنەم لێ گیراوە و ئاستەنگ بۆ کارەکانم دروست کراوە. ئەوەی ئێستا داوای ئەم پرۆسەیە دەکات بەرێز باخچەلییە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی بەپێچەوانەوە ئەوکات زۆرترین ڕەخنەی ئاراستە دەکردم. تەنانەت کە بەمنیان گوت سەرۆک ئەحمەد، باخچەلی بەتەنزەوە ڕەخنەی ئاراستە دەکردم و پێی دەگوتم " سەرۆک سەرۆک" ، وەڵامی منیش ئەوکات ئەوەبوو گوتم "سەرسەرا سەرچاڤا" ئەگەر ئەوانەی ئەوکات دژی پرۆسەکە بوون ئێستا پاڵپشتی پرۆژەکە دەکەن ئەمە کارێکی جوان و گرنگە، ئەمە رەخسناندنی ژینگەیە و هەمووان بەرپرسیاریەتییان لەسەرشانە، بۆیە من هەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی وتارەکەی بەرێز باخچەلیم کرد. دەبێت هەمووان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیە دابن، بەداخەوە بەشێک لە گرووپە نەتەوە پەرستەکان لە تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان لەم بابەتە دەڕوانن، ئەوەی دیارە و دەبێتە هۆکار و بەربەست بۆ سەرنەکەووتنی پرۆسەکە پەکەکەیە بە سوود وەرگرتن لەم ماوەیە و دروستکردنی گرووپ و تێکدانی سرووشتی کۆمەڵگە. ئێستا پێویستە شتێکی وا ئەنجام بدرێ کە کۆمەڵگە بەردەوام بێت و زیان بە کۆمەڵگە نەگات. هەروەها تەواوی مافی کوردان لەنێو دیموکراسی و ڕیفۆرم بپارێزێت و بەردەوام بێت. من دەڵێم وەک مێزێکی سێ پێی وایە. یەکەم، واتە پێی یەکەم بە دیموکراتیکردنی تورکیا و پێدانی ئەم مافە بەشێوەیەکی یەکسان بە هەمووان. دووەم، چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، لە سەردەمی من هیچ قەیومێک دانەنرا و ئەو کەسەی بەشێوەی دیموکراسی هەڵبژێردراوە ئەوە مافی خۆیەتی، کوردی لە هەموو شوێنێک بە ئازادی قسەی پێ بکرێت. سێیەم، پێویستە بە باشترین شێوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا بپارێزین. بۆ نموونە کوردەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری سووریا.
ئاڤا میدیا: باستان لە کوردەکانی سووریا کرد، پاشان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەنێو ئاگر دایە و دەکوڵێ، دوای ئەوە دادگای باڵای نێودەوڵەتی سزای دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهوۆ دەرکردووە، دوای ئەوە ئەوروپا هەڵساوەتە سەرپێ و دەڵێن ناتانیاهۆ دەستگیر دەکەین، چۆن دەتوانرێت ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپابکرێت.
"ئەمریکا و بەشێکی دیکەی وڵاتان چاوپۆشییان لە کۆمەڵکوژی غەززە کردووە"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەمە پرسیارێکی زۆر گشتگیرە، من زۆر ڕاڕام، بەداخەوە لە قسەکانیشمدا ئاماژەم بەوەدا کە دەبێت بڕوامان بە بنەما هاوبەشەکان هەبێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەرپا بکەین. بۆ نموونە مافی مرۆڤ ئەگەر بۆ منداڵانی غەززە نەبێت، بۆ منداڵانی هەڵەبجە نەبێت، بۆ منداڵانی دیکە نەبێت ناشتوانیت لێرە ئاشتی بەرپابکەیت. دەبێت ڕێز لە مافی مرۆڤ بۆ هەموو کەسێک بگیرێت و فەراهەم بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەمە ساڵێکە ئەو کۆمەڵکوژییەی غەززە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نا بەڵکو لە تەواوی جیهان هەرەشەی لەسەر مافی مرۆڤ دروست کردووە! بەداخەوە هەم ئەمریکا و هەم بەشێکی دیکەی وڵاتان چاوپۆشییان لە کۆمەڵکوژی غەززە کردووە و هاوکارییشیان کردووە. ئەگەر بمانەوێت ئاشتی لە تەواوی جیهان بەرپا بکەین، دەبێت ماف و ئازادی بۆ هەمووان دابین بکەین.
ئاڤا میدیا: باشە، ئێستا چاوەکان دادەخەین، تابلۆیەکمان بۆ بنەخشێنن و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە ساڵی 2025 بۆمان بخەنە سەر تابلۆیەکە.
"دەبێت وریابین، دەکرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخرێتە نێو ئاگرێکی نەبڕاوە"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: دەمەوێ ڕۆژهەڵاتیكی ناوەراستی باش ببینم، بەڵام بەداخەووە زۆر دوودڵم، سەیری سەرکردایەتی ئیسرائیل دەکەم، کە سەییری کابینەی نوێی ئەمریکا دەکەم ئەمانە زۆریینەیان بەشێكن لە زایۆنیەت و دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین, لەبەر ئەوەی دەکرێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنە نێو ئاگرێکی نەبڕاوە. بۆیە پێویستە وریا بین، بەتایبەت تورک و کورد و عەرەب.
ئاڤا میدیا: چۆن کاریگەری لەسەر ئێمە دروست دەکات؟
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت لە ناوچەکەدا و کە شەڕی غەززە دەستی پێکرد. گەیشتە لوبنان، پاڵمیرای لە سووریا بۆمباران کرد، کە شارێکی مێژووییە و دوای ئەوەش لەگەڵ ئێران بە مووشەک هێرشیان کردە سەر یەک. شەڕ شتێکی وایە کە دەستپێکردنی ئاسانە، بەڵام وەستاندنی زۆر ئەستەمە.
ئاڤا میدیا: بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەتوانێت ناتانیاهۆ بوەستێنێت؟
"ئەگەر بیانەوێ دەتووانن بیوەستێنن "
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا جددی بن لە دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ ئەوا دەتوانن بیوەستێنن. ئەگەر ناتانیاهۆ بچێتە هەر وڵاتێکی ئەوروپی ئەوا دەتوانرێت دەستگیر بکرێ. لەبەر ئەوەی ئەمە بڕیاری دادگایە و ئەگەر بیانەوێ دەتووانن بیوەستێنن، بەڵام ئەگەر خۆیان پابەند نەبوون ئەوە شتێکی دیکەیە و ناتانیاهۆ بەردەوام دەبێت لەم وەحشیگەرییەی دەیکات.
ئاڤا میدیا: باشە، دەچینە سنوورێکی دوورتر، ڕووسیا و ئۆکراینا. بایدن واژۆی کۆتایی خۆی کردووە و موشەکی دوور مەودای داوە بە ئۆکراینا، بەڵام بەر لەوەی ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت پوتین دەرکەوت و گوتی؛ ئێمە بە مووشەکی دوور مەودا لە ئۆکراینامان داوە.
"ڕووسیا چۆن ڕێز لە یەکڕیزی خاکی سووریا دەگرێت پێویستە ئاوا ڕێز خاکی ئۆکراینا بگرێت"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەمەش شتێکی زۆر مەترسی دارە. ئەم هەنگاوەی بایدن ڕۆشتنە بەرەو ئاگر. بەڵام ڕووسیاش چۆن ڕێز لە یەکڕیزی خاکی سووریا دەگرێت ئاواش پێویستە ڕێز لە یەکریزی و سەروەری خاکی ئۆکراینا بگرێت. بەپێچەوانەوە ئەمە ناڕاستییە لەگەڵ خۆیدا. بۆیە هەموو لایەک پێویستی بە یەک بریاری هەیە لەم بارودۆخەدا.
ئاڤا میدیا: ترەمپ بەڵێنی داوە بەوەی کە جەنگی ئیسرائیل، هەم جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دەوەستێنم. ئایا دەتوانێت ئەمە ئەنجام بدات؟
"پێموانیە کە ترەمپ بتوانێت ئاشتییەکی دادپەروەرانە بهێنێتە ئاراوە"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: ئەمە بەندە بە شێوازی وەستانی ترەمپ. یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت ئۆکراینا دوورگەی کریمیا لەبیر بکات ئەگەر بیەوێت ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا ئەنجام بدات. ئێستا ئەگەر بیەوێت یەک لەسەر سێی خاکی ئۆکراینا و دوورگەی کریمیا بدات بە ڕووسەکان بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی ئەوا بڕيارێکی دادپەروەرانە نابێت و دەبێتە هۆکاری جەنگی دیکە. بەهەمان شێوە ئەگەر لە فەلەستین کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ رێککەوتنی ئاشتی ئەوا بەقەدەر بەکارهێنهانی چەکی ئەتۆمی مەترسیدارە. بەڵام بابەتەکە وەستاندنی شەڕە بەشێوەیەکی عەدالەت و یەکسان، بەبێ ئەوەی مافی لایەک بەسەر لایەکدا بکەوێت و من کردم، وەکو ڕاگەیاندنی قودسی ڕۆژهەڵات بە شارێکی سەرەکی، کە ئەمە وەک ئەوە وایە بۆمبێکی ئەتۆمی بتەقێنیت، لەبەر ئەوەی لە دونیا هیچ کەسێک هەست بە ئاسایش و سەقامگیری ناکات و کێ لە كێ بەهێزتر بێت ئەوا ئەو باڵادەستە. لەکاتێکدا یاسای نێودەوڵەتی دەسەڵاتی هەمووان سنووردار دەکات لە چوارچێوەی ئەو مافانەی کە هەیەتی. پێم وانیە کە ترەمپ بتوانێت ئاشتییەکی دادپەروەرانە بهێنێتە ئاراوە و هیچ شتێک لە بابەتەکە بگۆرێ، بابەتەکە زۆر مەترسیدارە.
ئاڤا میدیا: ترەمپ ئازادی زیاتر دەدات بە ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی رۆژئاوای غەززە؟
"کەرتی ڕۆژئاوا دەخاتە سەر ئیسرائیل"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: بەڵێ بەڵێ، ترسی من لەوەیە، سەیرکە سیناریۆکە ئاوایە؛ سەرەتا ئاگربەست بە ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، بەڵام دواتر کەرتی ڕۆژئاوا دەخاتە سەر ئیسرائیل، بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت ئاشتییەکی دادپەروەرانە و جێگیر بهێنێتە ئاراوە. ئەگەرنا لەو شوێنە ئاشتی بەرپا ناکرێ کە لایەک جینۆسایدی بەرامبەر بە لایەکی دیکە ئەنجامداوە و بەهێز بێ هێزی خستووەتە ژێر هەڕەشە. ئەمە هۆکارە بۆ ئەنجامنەدای ئاگربەستیش.
ئاڤا میدیا: بڵاوکراوەیەکتان هەیە لە 5ی ئاداری 2012 بەم شێوەیە دەڵێن: تۆڵەی ئەوە لەو وڵاتە دەکرێتەوە کە پاڵپشتی تیرۆر دەکات، جا ئیسرائیل بێت یاخود هەر وڵاتێکی دیکە، دەبێت هەمووان ئەمە بزانن! ئێستاش کە سەیری جیهان دەکەن لەسەر هەمان بیرۆکەن؟
"دەبێت جیاکاری بکرێت لەنێوان تیرۆر و هەوڵی ئازادی"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: بێگومان وایە، بەداخەوە گرووپە تیرۆرستییەکان لەلایەن خەڵکانێکی دیکەوە بە مەبەستی تایبەت بەکاردەهێنرێن، لە دانیشتنەکەمان لەگەڵ بەرێز سەرۆک بارزانی باسمان لەوە کرد کە ئێمە پرۆسەی ئاشتیمان دەوێت بەڵام لەکاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە بەردەوامن و لە سووریا، ئەمریکا هاوکاری یەپەگەی لقی پەکەکە دەکات، ئەوا ئاور دەداتەوە و دەڵێت؛ حەماس تیرۆرستە، یانیش شەر لەگەڵ تاڵیبان دەکات و دەگەڕێتەوە. ئەمە بێ بڕیارییە و نابێت کەس پاڵپشتی تیرۆر بکات، تیرۆر نابێت لەلایەن هیچ لایەنێکەوە پاڵپشتی بکرێت، فەلەستینیش دەبێت لەم زوڵمە ڕزگاری بێت و مافی خۆ پاراستن بدات بە فەڵەستینییەکان ئایا ئەوان ڕێگای زۆرەملێ و توندوتیژی دەگرنەبەر؟ بێگومان نەخێر! فەڵەستینییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو مافە بەکاربهێنن لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێیان دراوە. بۆیە دەبێت جیاکاری بکرێت لەنێوان تیرۆر و هەوڵی ئازادی و جۆرەکانی تیرۆر.
"نابێت نەفرەت لە دڵی گەنجاندا دروست بکرێت"
ئاڤا میدیا: دواین پرسیارەکان دەبەستینەوە بە گەنجان و لە سیاسەت دەچینە دەرەوە، هەر وەک دەبینن گەنجێکی زۆر لێرە وەستاون و چاوەرێی وێنەگرتنن لەگەڵ بەرێزتان. چی پێشنیارێکتان هەیە بۆ ئەم گەنجانە و گەنجانی کوردستان و گەنجانی تورکیا؟
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: لەراستیدا من هیچ بەرپرسیارێتیییەکم نیە لە ئێستادا، بەڵام ئەگەر هەبێت ئەو گەنجانەی وەک تۆن لە کوردستان لەدایکبوون و لە تورکیا دەخوێنن، ئەو گەنجانەی لە تورکیا لەدایکبوون و لە کوردستان دەخوێنن، پەیوەندییەکی بەهێز و برایانە لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و تورکیا دروست دەکەم، بەیەکەوە ڕۆشتنە کەمپ و کۆنفرانس و بەیەکەوە ئەنجامدانی گەشتی کولتووری و سەردانی یەکتر. کاتێک گەنجەکان کۆدەبنەوە و سەردانی شارێکی تورکیا دەکەن بۆیان دەردەکەوێ کە کلتورەکانمان چەند هاوبەشن، تورکێکی خەڵکی کۆنیا بۆی دەردەکەوێ کە لەگەڵ کوردێکی خەڵکی هەولێر جیاوازییان نیە! خاڵێکی دیکە نەهێشتنی ئەو بەربەستە دەروونییەیە کە دەگوترێ هەولێر شوێنێکی سەلامەت نیە و شوێنی تیرۆرستانە، بەڵام یەکێک لە جوانترین شارەکانی جیهان دەبینێت و بەربەستە دەروونییەکان نامێنن. کۆمەڵێک مەترسی هەن کە ڕووبەرووی گەنجان دەبنەوە، یەکێک لەوانە ئەوەبوو کە سەرۆک بارزانییش ئاماژەی پێدا کە پرسی ماددەی هۆشبەر و مەترسی مەدەننییە ئەوە یەک، دووەم؛ مەترسی زیهنی و بەربەستی دەروونی کە پێویستە ئەم بەربەستانە بشکێنین. سێیەم؛ پەیوەندی بە دڵەوە هەیە، نابێت نەفرەت لە دڵی گەنجاندا دروست بکرێت، چوارەم؛ پەیوەندیدارە بە بێکاریەوە، لەگەڵیشیدا سینگڵی و بێ ژنیش خاڵێکی دیکەیە.
"من دایمە دڵم لەگەڵ هەولێر دەبێت و لەبەر ئەوەش زۆرجار بە من دەڵێن ئەحمەد هەولێری"
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: وەبەرهێنانی زۆر لە خودی خۆیان بکەن بۆ دەستکەوتنی کار، ئەگەر مەبەستیتان دەستکەووتنی کارە، گەشە بە تواناکانی خۆیان بدەن و کراوەبن بەڕووی دوونیادا، من زۆر زۆر دڵخۆشم بە ناسینی تۆ ، ئەو کەسانەم خۆش دەوێت کە دەم بەخەندەن و ڕاستگۆن، بیرت زۆر فراوانە و دەبێت هەموو گەنجان بەمشێوەیە بن، هەموو ئەو مرۆڤانەی باش پەروەردە کراون کاری باشیان دەست دەکەوێت. وە پێویستە وڵاتیش گرنگی بەو گەنجانە بدات و هاوکارییان بکات. دڵنیاتان دەکەمەوە هەرێمی کورستان، هەولێر، دهۆک، زاخۆ ، سلێمانی و بەغدا و بەسرا و تەواوی عێڕاق دەبنە ناوچەیەکی ئارام و ئێمەش ئامادەی هەموو هاوکارییەکین و من دایمە دڵم لەگەڵ هەولێر دەبێت و لەبەر ئەوەش زۆرجار بە من دەڵێن
"ئەحمەد هەولێری".
ئاڤا میدیا: ئیمەت زۆر دڵخۆش کرد، زۆر سوپاستان دەکەین، لەکاتمان گرتن و دەرگای ئاڤا کراوەیە بەرووی ئێوەدا و هەرکاتێک تەشریفتان هێنا لە خزمەت دەبین.
ئەحمەد داود ئۆغڵۆ: پیرۆزبایی دامەزراندنی ئاڤاتان لێدەکەم و خێردارە
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئاکرێ بە تۆمەتی هەڵکوڵینی شوێنەوار پێنج کەس دەستگیر دەکرێت
- عێراق
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
خاوەن نووسینگەکانى دابەشکردنی مووچە لە عێراق مانگرتنیان ڕاگەیاند
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دایکی ئۆستین تایس گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە
9 کاتژمێر لەمەوپێش
مانگ دەخرێتە لیستی ئەو شوێنەوارانەی کە مەترسییان لەسەرە
18 کانوونی دووەم
توێژینەوەیەک: بەخێوکردنی منداڵی کچ بەراورد بە کوڕ ئاسانترە
18 کانوونی دووەم
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی؛ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان
18 کانوونی دووەم
دانانی ئاڵای کوردستان لە ئینستاگرام قەدەغە نەکراوە
18 کانوونی دووەم
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
یەکەم لێدوانی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی
- کوردستان
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
دوای 11 ساڵ حکومەتی عێراق یاسایەک بۆ کەرکووک کارا دەکات
- کوردستان
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
ناونیشانی وەزیفیی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق هاوتا دەكرێت
- کوردستان
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
کار لەسەر تەواوکردنی شووقەی کەمدەرامەتان دەکرێت
- کوردستان
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش
ژمارەیەک کورسی خۆڕایی ماستەر و دکتۆرا لە تورکیا ڕاگەیێنران