کۆمیسیۆن: هەر کاندیدێک کارتی دەنگدان بکڕێت دوور دەخرێتەوە

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن: هەر کاندیدێک کارتی دەنگدان بکڕێت دوور دەخرێتەوە

لۆگۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان عێراق

ئاڤا نیوز

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای دەکات، دەیان سەرپێچیکاری ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن سزا دراون کە سزای هەر یەکەیان لە دوو بۆ 10 ملیۆن دینار بووە. کۆمسیۆن ڕاشیگەیاندووە، هەوڵدان بۆ کڕین یان لەناوبردنی کارتی دەنگدەر تاوانی گەورەی هەڵبژاردنە و هەر کاندیدێک هەوڵ بدات کارتی دەنگدان بکڕێت دوور دەخرێتەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، کۆمسیۆن نزیکەی 400 پێشێلکاری بانگەشەی هەڵبژاردنی لەلایەن کاندید و حزب و هاوپەیمانییەکانەوە تۆمار کردووە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دانانی ڕیکلامەوە هەبووە لە شوێنە قەدەغەکان یان بەکارهێنانی پێگە و پۆستی فەرمی.

کۆمسیۆن ڕاشیگەیاندووە، ئەو سزایانەی سەپێندراون لە نێوان دوو بۆ 10 ملیۆن دیناردایە، کە بەرزترین بڕە تا ئێستا. لەلایەکی دیکەوە هەوڵدان بۆ کڕین یان لەناوبردنی کارتی دەنگدەران وایکردووە کۆمسیۆن بە هاوکاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سکاڵای تاوانکاری لەسەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون تۆمار بکات، ئێستا لەبەردەم دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیداردا ڕێوشوێنی یاسایییان لەبەرامبەر گیراوەتەبەر و ئەگەر هەر تاوانێک لەسەر تۆمەتبارێک بسەلمێنرێت ئەوە دووردەخرێتەوە.

زانیاریی زیاتر: سێ جۆر سزای بۆ سەرپێچیکاران لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دیاریکراوە، پێبژاردن لە 100 هەزار دینار دەستپێدەکات تا 10 ملیۆن دینار، بەندکردن، هەروەها دوورخستنەوەی کاندید.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی شەممە، کۆمیسیۆن ئاشکرای کرد، ئەو کاندیدانەی بەهۆکاری جیاجیا دوورخراونەتەوە گەیشتووە 837 کەس.

شەیری بکە لە: