خاوەن ڕیش و سمێڵێکی درێژە؛ باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لە ئوردن دەستبەکار دەبێت

شەیری بکە لە:
خاوەن ڕیش و سمێڵێکی درێژە؛ باڵیۆزی تازەی ئەمریکا لە ئوردن دەستبەکار دەبێت

زەیفەڵڵا فایز، ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن و جیم هۆڵتسنایدەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئوردن

ئاڤا نیوز

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئوردن بووەتە جێگەی باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەویش بەهۆکاری ئەوەی خاوەن ڕیش و سمێڵێکی درێژە و لەکاری دیپلۆماسیشدا ئەم ستایلی ڕیش و سمێڵە دەگمەنە، ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ئەمریکا شارەزاییەکی باشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و پێشتریش لە عێراق و کوێت و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا دیپلۆماتکار بووە.

چیرۆکی سەرەکی: ئیدارەی ترەمپ سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ زنجیرەیەک ناوی بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان ڕەوانەی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی کرد، یەکێک لەو ناوانەش جیم هۆڵتسنایدەر بوو کە وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئوردن دیاریکرابوو.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن بڵاویکردەوە، جیم هۆڵتسنایدەر، باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەیان لە عەممان بەشێوەیەکی فەرمی نامەی دەستبەکاربوونی ڕادەستی زەیفەڵڵا فایز، ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن کردووە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جیم هۆڵتسنایدەر نامەی دەستبەکاربوونی ڕادەستی شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردنیش بکات.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن دەشڵێت، دەستبەکاربوونی هۆڵتسنایدەر دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان واشنتن و عەممان کە زیاتر لە حەوت دەیەیە بەردەوامی هەیە.

جیم هۆڵتسنایدەر پێشتر بەرپرسی یەکەم بووە لە نووسینگەی کاروباری سیاسی - سەربازیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هاوکات جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە کوێت بووە، لە عێراق، تونس، ئەفغانستان، سۆماڵ و ئیتاڵیاش لەبواری ئامادەکردنی ڕاپۆرت و کارگێڕیدا لە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاری کردووە.

هۆڵتسنایدەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی فیزیا لە زانکۆی کۆلۆڕادۆ و بڕوانامەی ماستەری لە سیاسەتی گشتی لە زانکۆی برينستۆن بەدەستهێناوە، بەرلەوەی لە وەزارەتی دەرەوە دەستبەکاربێت، ماوەی شەش ساڵ لە چوارچێوەی هێزی دەریایی ئەمریکا (مارێنز) کاری کردووە.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم هەواڵە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، ئەگەر باڵیۆزی وڵاتێکی عەرەبی ئاوا بە ڕیشێکی درێژەوە دیاریکرابووایە "لیبڕاڵ و عەلمانییە عەرەبەکان" دونیایان سەراوژێر دەکرد کە چۆن دەکرێت کەسێک بە ڕیش و سمێڵێکی درێژەوە باڵاترین پۆستی دیپلۆماسی وڵات وەربگرێت، بەڵام کاتێک ئەمریکا ئەم هەنگاوەی ناوە هیچ کەسێک ڕەخنەی لێنەگرتووە و ناڕەزایی دەرنەبڕیووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ