هەڵبژاردن لە عێراق.. دیموکراسییەکی بێ دەرئەنجام و دەنگدانێکی بێ بەها

حەمدی شنگالی

حەمدی شنگالی

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ

هەڵبژاردن لە عێراق.. دیموکراسییەکی بێ دەرئەنجام و دەنگدانێکی بێ بەها

دروشمەکان دەگۆڕێن، ڕووخسارەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەنجامەکە یەکە


دوای زیاتر لە بیست ساڵ بەسەر یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، هێشتا دیمەنی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بێزارکەر دووبارە دەبێتەوە. دروشمەکان دەگۆڕێن، ڕووخسارەکان دەگۆڕێن، بەڵام ئەنجامەکە یەکە: سیستمێکی پشکپشکێنە کە لە هەر خولێکی هەڵبژاردندا خۆی نوێ دەکاتەوە، تا وای لێهاتووە سندووقەکانی دەنگدان مانای خۆیان لەدەستداوە. دەنگدان لە کردارێکی دیموکراسییەوە گۆڕاوە بۆ ڕێوڕەسمێکی سیاسی کە هیچ شتێک لە ناوەڕۆکی دەسەڵات ناگۆڕێت.

لە ساڵی 2003ـەوە، پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لەسەر بەڵێنی گەورە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی بونیادنرا، بەڵام ئەم بەڵێنانە زوو بزر بوون بەهۆی زاڵبوونی پارتەکان بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی. تا وای لێهات هەڵبژاردنەکان بوونە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵات نەک بۆ نوێکردنەوەی متمانەی گەل، پەرلەمان بوو بە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگی هێزەکان نەک ویستی دەنگدەران. لەم بارودۆخەدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کێ دەیباتەوە؟ بەڵکو ئایا بەڕاستی هیچ کەسێک دەیباتەوە؟

دەنگدەری عێراقی ئەمڕۆ لەبەردەم دوو بژاردەی سەختدایە، دەنگ بدات لە هەڵبژاردنێکدا کە متمانەی بە پاک و بێگەردییەکەی نییە، یان بایکۆتی بکات کە بەمەش گۆڕەپانەکە بۆ ئەو کەسانە بەجێدەهێڵێت کە شارەزان لە مانەوە لە دەسەڵات و گۆڕینەوەی پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا. ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە کە لە هەمان کاتدا مرۆڤ هەست بە تێگەیشتن (ئاگایی) دەکات، بەڵام پێی وایە هەوڵەکانی بێ سوودن و هیچ ناگۆڕن. چونکە بەشداریکردن بە مانای ئەوە نایەت کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕوودەدات. هاوکات بایکۆتکردنیش بە مانای هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە نایەت و ڕەنگە هیچ شتێک نەگۆڕێت. ئەمڕۆ عێراق پێویستی بەوە نییە ژمارەی دەنگەکان لە سندوقەکاندا زیاد بکات، بەڵکو پێویستی بەوەیە مانای دەنگدان خۆی بگەڕێنێتەوە. واتە، دەنگدان لە کردارێکی ڕۆتینی و بێ بەهاوە بگۆڕێت بۆ کارێکی ئاگامەندانە و لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە، کە تیایدا هاووڵاتی هەست بکات دەنگەکەی کاریگەری هەیە و دەتوانێت لێپرسینەوە لەوانە بکات کە هەڵیانیبژاردوون.

بۆ ئەوەی دەنگدان بەهای خۆی وەرگرێتەوە، دەبێت پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پێوەرە نوێیەکان بونیاد بنرێت: شەفافیەت، جیاکردنەوەی پارە و سیاسەت، لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و بەهێزکردنی دەنگە سەربەخۆکان بۆ گەیشتن بە پێگەی بڕیاردان. دیموکراسی پەیوەندی بە ژمارەی دەنگدەرانەوە نییە، بەڵکو کوالێتی هەڵبژاردنەکانە و تەنیا بە ئازادی دەنگدان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای هاووڵاتی بۆ لێپرسینەوە لەوانەی هەڵیبژاردوون.

عێراقییەکان متمانەیان لەدەستداوە، نەک بە دیموکراسی وەک بنەما، بەڵکو بە پیادەکردنی شێوێندراوی. کاتێک دەسەڵات دەبێتە بەرهەمی سازانەکانی حیزبی نەک سندووقەکانی دەنگدان و کاتێک گەندەڵ پاداشت دەکرێت و لێهاتوو پشتگوێ دەخرێت، بەشداریکردنی سیاسی دەبێتە بارگرانییەکی ئەخلاقی زیاتر لەوەی ئەرکێکی نیشتمانی بێت.

ئەوەی عێراق پێویستی پێیەتی بانگەوازێکی سەرپێیی نییە بۆ بەشداریکردن، بەڵکو شۆڕشێکە لە ئاگایی سیاسی کە ناسنامەی هاوڵاتیبوون لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پاکی و بەرپرسیارێتی پێناسە دەکاتەوە. دەنگی هەڵبژاردن دیارییەک نییە کە بدرێت، بەڵکو ئەمانەتێکە لێی دەپرسرێتەوە و هەر کەسێک بیدات بە کەسێک کە شایستە نییە، بەشداری دەکات لە بەردەوامیدانی هەمان بازنەی شکست و گەندەڵی.

ڕەنگە هەڵبژاردنی داهاتوو جیاوازی ڕیشەیی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەڵام جیاوازی ڕاستەقینە کاتێک دەستپێدەکات کە هاووڵاتی تێبگات کە دەنگدان کۆتایی نییە، بەڵکو سەرەتایەتی. کاتێک هەر دەنگێک دەگۆڕێت بۆ پرسیار و لێپرسینەوە، تەنیا ئەو کاتە دەتوانین مانای لەدەستچووی دیموکراسی بگەڕێنینەوە و ئەوەی دوو دەیە لێی بێبەش کراوە پێی ببەخشین: هەڵبژاردنی ڕاستەقینە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: