سزاکانی ئەمریکا 1300 کارمەندی عێراقی بێکار دەکات

شەیری بکە لە:
سزاکانی ئەمریکا 1300 کارمەندی عێراقی بێکار دەکات

چەند کارمەندێکی کۆمپانیا نەوتییەکان لەکاتی کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

سزاکانی ئەمریکا دژی کۆمپانیای لۆک ئۆیلی ڕووسی، دەبێتە هۆی بێکارکردنی 1300 کارمەندی عێراقی لە کەرتی نەوت، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیاکە گرێبەستی دامەزراندنی چەندین کارمەندی نوێی هەڵوەشاندووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر قبووڵ کرابوون و دەستیان لە کارەکانی پێشوویان کێشابووەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژى 23ى تشرینى یەکەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ڕۆسنەفت و لۆک ئۆیل، گەورەترین هەناردەکاری نەوتی ڕووسیادا سەپاند.

 

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: نەبیل مورسومی، پسپۆری ئابووری نامەیەکی ناڕەزایەتی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن کارمەندە بێکاربووەکانەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە نێردراوە. لە نامەکەدا هاتووە کە "ئەوان وەک گرووپێکی کارمەندی نوێ، لە پڕۆژەی غەربی قورنە 2 لە کۆمپانیای لۆک ئۆیل قبووڵ کرابوون، بە داوای کۆمپانیاکە، دەستیان لە کارەکانی پێشوویان کێشابووەوە و گرێبەستەکانیان واژۆ کردبوو و پشکنینە پزیشکییەکانیان ئەنجام دابوو، بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان، بە بڕیارێکی لەناکاو لەلایەن کارگێڕی کۆمپانیاکەوە تووشی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەکەیان بوون، بەبێ هیچ پاساوێک یان ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی".

 

لەلایەکی دیکەوە: ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕایدەگەیێنێت، "نزیکەی 1300 کارمەندی عێراقی کە لە کۆمپانیای لوک ئۆیل لە کێڵگەی غەرب قورنە 2 لە بەسرە کار دەکەن، ڕووبەڕووی قەیرانی دواکەوتنی مووچەکانیان بوونەتەوە کە زیاتر لە مانگ و نیوێکە مووچەیان وەرنەگرتووە".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو کارمەندانە ئێستا بێکار و بێ سەرچاوەی بژێوین، داوا دەکەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێکكارە "نادەستووری و نامرۆڤانەیە".

 

ئەمەش بزانە: هەفتەی ڕابردوو لۆک ئۆیل بە دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕاگەیاندبوو کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێت پابەند بێت بە بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمی نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەبێت و بووە هۆی دوورخستنەوەی کارمەندە بیانییەکان.

شەیری بکە لە: