لە حەلەب شەڕ ڕاگیرا و بریندار و کوژراو هەیە

شەیری بکە لە:
لە حەلەب شەڕ ڕاگیرا و بریندار و کوژراو هەیە

خۆشی دەربڕینی گەنجانی گەڕەکی شێخ مەقسودی حەلەب بەبۆنەی ڕاگرتنی شەڕەکە.

ئاڤا نیوز

 

دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕ و پێکدادانی سەخت و گیان لەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی 25 کەس، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزارەتی بەرگری سووریا فەرمانیان بە هێزەکانیان کرد ئەو شەڕ و پێکدادانە بوەستێنن کە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لە شاری حەلەبی باکووری سووریا دەستیپێکردبوو.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هاوکات لەگەڵ هاتنی شاندێکی باڵای تورکیا بۆ دیمەشق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری حەلەبی باکووری سووریا، گرژیی لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان لە لەلایەک کە ئاسایشی گەڕەکە کوردییەکان دەپارێزن لەگەڵ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریا لەلایەکی دیکەوە، سەری هەڵدایەوە، لە ئەنجامیشدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەژماری فەرمی خۆی لەتۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە حەلەب فەرمانی بە ئەندامەکانی کرد وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بوەستێنن، ئەویش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داواکاریی و هەوڵانەی کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نرابوون.

 

لەلایەکی دیکەوە: وەزارەتی بەرگری سووریاش ڕایگەیاند، فەرماندەی ئەرکانی سووپا فەرمانی بە هێزەکانی کرد وەڵامدانەوەی هێرشەکانی هەسەدە بۆسەر هێزەکانی سوپای سووریا لە حەلەب بوەستێنن.

 

ئاماری قوربانییەکان

پێشترهەسەدە ئاشکرای کرد کە، لە ئەنجامی هێرشی مووشەک و بۆردومانی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، 17 کەس برینداربوون و ئافرەتێکی تەمەن 57 ساڵیش گیانی لەدەست داوە.

 

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی حەلەب سەر بە حکومەتی سووریاش ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی هەسەدە بۆسەر چەند گەڕەکێکی شارەکە، دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و 8 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

کێشەکە چۆن سەری هەڵدا؟

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریاوە خاڵێکی هێزەکانیان لە شاری حەلەبی باکووری سووریا کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامیشدا دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایش برینداربوون.

 

بەڵام وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا قسەی پێچەوانەیان کرد و دەڵێن شەڕەکە لە بازگەیەکی هاوبەش ڕوویداوە، پاشان هەسەدە هێزەکەی کشاندووەتەوە، دواتر بە ئارپی جی و هاوەن بازگەکە و دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکەی بۆردوومان کرد.

 

باکگراوند: یەکی نیسانی ئەمساڵ هەسەدە بەگوێرەی ڕێککەوتنێک لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب کشایەوە و تەنیا هێزەکانی ئاسایشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مانەوە، بەڵام لەو کاتەوە ناوەناوە گرژیی لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق دروستدەبێت، ئیدارەی خۆسەریش دەڵێت، هێزەکانی دیمەشق دەیانەوێت هێرشبکەنەسەر ئەو دوو گەڕەکە کوردییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ