ڕێکارەکانی گەڕانەوەی 30 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە تەواو دەکرێن

شەیری بکە لە:
ڕێکارەکانی گەڕانەوەی 30 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە تەواو دەکرێن

ژمارەیەک گەنجی کورد لە لیبیا ، وێنە؛ ئەرشیف

ئاڤا نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارە یاساییەکانی بۆ گەڕانەوەی 30 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە تەواو کردووە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەیان کۆچبەری دیکە لەو وڵاتە لە دۆخێکی سەختدا گیریان خواردووە.

چیرۆکی سەرەکی: لە ماوەی ڕابردوودا 73 کۆچبەری کورد کە زۆرینەیان دانیشتووی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینن، لە لیبیا دەستگیر کران. بەشێک لەم کۆچبەرانە ماوەی سێ مانگە لەو وڵاتە گیریان خواردووە و لە ڕێگەی "ئاڤا نیوز"ـەوە داوا لە حکومەت دەکەن ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان بۆ ئاسان بکات.

لێدوانی فەرمی: 
محەممەد حوسێن، باوکی یەکێک لەو کۆچبەرانە، بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپای کردووە لە ڕانیە و بە ئاڤای ڕاگەیاند: "قاچاخچییەکە پێی گوتبووین لە ماوەی 10 ڕۆژدا کوڕەکەت دەگەیەنینە ئەوروپا، بەڵام فێڵیان لێ کردین. ئێستا بۆ گەڕانەوەیان داوای پارەمان لێ دەکەن. داوا لە حکومەت دەکەین فریایان بکەوێت چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە."

زانیاریی زیاتر: ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرهێڵین. پێیان ڕاگەیاندووین کە ڕێکاری 30 کۆچبەر بۆ گەڕانەوەیان تەواو بووە." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە 190 کۆچبەری دیکەی کورد لە لیبیا لە لایەن میلیشیاکانەوە دەستگیر کراون و دۆخیان زۆر خراپە.

باکگراوند: بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەمساڵدا 359 کۆچبەری کورد لە وڵاتانی تونس و لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، هاوکات دوو کۆچبەری دیکەش لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ