شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شەیری بکە لە:
شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دیمەنی بەفربارین لە هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین بە شێوەی نمەباران لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستپێبکات، هاوکات لە کۆتایی ئەم مانگەشدا شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران سەرتاسەری ناوچەکە بگرێتەوە و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزن.

وێنە گەورەکە: ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بڕی بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم وەرزە یەکێک بێت لە ساڵە پڕ بارانەکان و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی و کەرتی کشتوکاڵ هەبێت.

لێدوانی فەرمی: شێخ دارا، شارەزا و پێشکەشکاری کەشوهەوای ئاڤا، ڕایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە کاریگەریی شەپۆلێکی دەریای سپی ناوەڕاست دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ سەرەتا بە نمەباران لە هەندێک ناوچە دەستپێدەکات، بەڵام ئەم شەپۆلە سەرەتاییە بەخوڕ نابێت."

- بەپێی پێشبینییەکانی شێخ دارا، لە ڕێکەوتی 27 و 28ی ئەم مانگەدا، شەپۆلی پێنجەمی بەفر و بارانبارین دەستپێدەکات و تاوەکو 2ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. لەم شەپۆلەدا:

- پلەکانی گەرما دادەبەزن و خێرایی با زیاد دەکات.

- بەفر سەنتەری شار و شارۆچکەکان دەگرێتەوە.

- چاوەڕوان دەکرێت سەنتەری شارەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) سپی پۆش بن.

زانیاریی کەشناسی: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ سێشەممە 23-12-2025، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت. لە کاتەکانی شەودا ئەگەری نمەباران لە ناوچەکانی باشووری عێراق هەیە و پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک، کە تاوەکو بەیانیی چوارشەممە بە شێوەیەکی لاواز بەردەوام دەبێت.

ئەمەش بزانە: خێرایی با: لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا.

-مەودای بینین: لە نێوان ٨ بۆ ١٠ کیلۆمەتردا دەبێت.

- بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو: (هەولێر: 15، سلێمانی: 12، دهۆک: 13، زاخۆ: 14، کەرکووک: 16، هەڵەبجە: 14، سۆران: 11، گەرمیان: 17) پلەی سەدی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ