لاهور شێخ جەنگی: لە زیندانەوە ڕێککەوتن ناکەم

شەیری بکە لە:
لاهور شێخ جەنگی: لە زیندانەوە ڕێککەوتن ناکەم

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی زیندانیکراوی بەرەی گەل

ئاڤا نیوز

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لە ناو زیندانەوە وەڵام چەند پرسیارێکی ئاڤا میدیا دەداتەوە، هەر جۆرە دانوستان و ڕێککەوتنێکی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەت کردەوە و داوای گواستنەوەی کەیسەکەی بۆ هەولێر دەکات.

چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکی بەرەی گەل لە زیندانەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئاڤا میدیا دەداتەوە و ڕەتی دەکاتەوە کە لە زیندانەوە دانووستان بکات و لەگەڵ یەکێتیش ڕێکناکەوێت، داوا لە کورد دەکات هاوکاری ڕۆژئاوا بکەن.

لێدوانی فەرمی: بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "کاک لاهور ئامادە نییە لە زینداندا دانوستان بکات و لەم کاتەدا لەگەڵ یەکێتیی ڕێکنکەوێت؛ ئەو خۆی بە بێتاوان دەزانێت و داوا دەکات دادگاییکردنەکەی بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، چونکە هەموو تۆمەتەکان بە ناڕاست دەزانێت".

وەڵامی پرسیارەکانی لاهوور شێخ جەنگی لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە بۆ ئاڤا میدیا بەمشێوەیە بوو:-

پرسیاری یەکەم: بەڕێز لاهور جەنگی، تەندروستیت چۆنە و لەم ماوەیەی لە زینداندایت هیچ گرفتێکت بۆ دروست بووە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: تەندروستیی زۆر باشە، پشکنینی گشتیی بۆ کراوە و ئەنجامەکان زۆر باشن.

پرسیاری دووەم: هەندێک زانیاری هەیە کە گوایە بافڵ تاڵەبانی لە ڕێگەی ئاوات شێخ جەنگیی خوشکتەوە داوای ڕێککەوتنی لێ کردوویت و تۆ ڕازی نەبوویت، ئەمە ڕاستە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: کاک لاهور وتی: "ئامادە نیم لە زینداندا دانوستان بکەم و نایکەم، پێشنیاری وام بۆ نەکراوە و لەم کاتەدا ئامادە نیم لەگەڵ یەکێتی ڕێبکەوم."

پرسیاری سێیەم: ئایا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سەردانیان کردوویت؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: پێش 1 مانگ و 15 ڕۆژ، بافڵ تاڵەبانی سەردانی پۆڵادیان کردووە، بەڵام کەسیان سەردانی لاهور جەنگییان نەکردووە.

پرسیاری چوارەم: ئایا خۆت بە بێتاوان دەزانیت؟ ئەو تۆمەتانەی تۆیان پێ دەستگیر کردووە، هیچی ڕاستییان تێدایە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: کاک لاهور وتی کە خۆی بە بێتاوان دەزانێت و داوا دەکات کەیسەکەی بگوازرێتەوە بۆ هەولێر؛ هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی ڕەتی دەکاتەوە و بە ناڕاستیان دەزانێت.

پرسیاری پێنجەم: شەوی هێرشەکەی لالەزار، وتیان 3 ملیۆن دۆلار دیار نەماوە، چارەنووسی ئەم پارەیە دەرکەوت؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: 3 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار لەگەڵ 90 دەفتەر دۆلاری دیکە لە جانتایەکی ڕەساسیدا بووە، کە پارەی یانەی نەورۆزە و لە ماڵەوە بووە؛ هەرچەندە یەکێتی و هێزەکانی دەڵێن لای ئێمە نییە، بەڵام لەلای هێزەکانی یەکێتییە.

پرسیاری شەشەم: کەسە نزیکەکانت باس لەوە دەکەن ئەو بارودۆخەی بەسەر تۆدا هاتووە، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەخشەکەی داڕێژراوە و پەیوەندیی بە ململانێ ناوچەیییەکانەوە هەیە، ئەم بۆچوونە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: پێشتر وتوومانە ئەو بارودۆخەی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا هات، دەستی دەرەکیی تێدا بووە و خەڵکی دەرەوە بەشداریی ئەم پرۆسەیەی کردووە.

پرسیاری حەوت: ئەگەر لاهور شێخ جەنگی ئازاد بکرێت، ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئامۆزاکانی ئاسایی بکاتەوە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: زەمانە بڕیار دەدات، بەڵام ئێستا نێوانی کوڕانی تاڵەبانی و شێخ لاهور زۆر دوورە.

پرسیاری هەشتەم: ژمارەی جیاواز لەسەر ئەو کەس و هێزانەی لە شەوی ڕووداوەکە لە لالەزار بوون باس دەکرێت، بە وردی چەند کەس لەوێ بوون؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: کاک لاهور وتی ئەو شەوە خەڵکێکی زۆر لەوێ بوون و هاتووچۆیان دەکرد، نازانم ژمارەیان چەند بوو.

پرسیاری نۆیەم: سەبارەت بە گواستنەوەی دادگاییکردنت بۆ هەولێر، ئایا لەسەر داوای خۆت بووە؟ ڕازیت لە هەولێر دادگاییکردنەکەت بەڕێوە بچێت؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: بەڵێ، لەسەر داوای کاک لاهور بوو کە دادگاییکردنی بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، بەڵام دادگا هێشتا بڕیاری گواستنەوەی نەداوە. هەفتەی داهاتوو یەکێک لە فایلەکان دەچێتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە (تەمیز)، ئیدی دەمێنێتەوە سەر بڕیاری دادگا.

پرسیاری دەیەم: سەبارەت بە بەردەوامیدان بە "بەرەی گەل" لە دوای ئازادبوونت، هیچ بڕیارێکت داوە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: کاک لاهور وتی ئەگەر ئازاد کرام، بەردەوامی بە بەرەی گەل دەدەم و هەڵی ناوەشێنمەوە.

پرسیاری 11:  لاهور شێخ جەنگی لە ماوەی زیندانیکردنیدا چەند کتێبی خوێندووەتەوە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: من باسی کتێبەکانی (بابەکی خوڕەمی، حەجاج، ئیمامی باتنی)م بۆ کرد، کاک لاهوریش وتی حەزم لەو کتێبانەیە و بۆم بهێنە، منیش بۆم برد؛ وتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 کتێبی خوێندووەتەوە.

پرسیاری 12: بۆچوونی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت چییە؟

وەڵام؛ بورهان ڕەشید گوڵە: کاک لاهور وتی: "3 ساڵ پێش ئێستا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)م ئاگادار کردەوە، کە هەواڵگریی دوو دەوڵەت لە ناوچەکەدا هەوڵی کڕینی هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەقە دەدەن."

وتیشی: "پێویستە ڕۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتنی تەسلیمبوون نەکات و بە مەرجەکانی دیمەشق ڕازی نەبێت، چونکە بەو شێوەیە کۆتایی بە دۆزی کورد لە سووریا دێت. داوا لە هەموو کورد دەکەم، بەتایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی هاوکاریی ڕۆژئاوا بکەن."

باکگراوند: نزیکەی 6 مانگە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای لەگەڵ ژمارەیەک پاسەوانیان، دوای هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر ماڵەکەیان لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتییەوە دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی جیاواز کراونەتەوە کە تاوەکو ئێستا لە دادگا یەکلایی نەکراونەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ