دەستەی وەبەرهێنان داوا لە وەبەرهێنەرانی کوردستان دەکات هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن

شەیری بکە لە:
دەستەی وەبەرهێنان داوا لە وەبەرهێنەرانی کوردستان دەکات هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن

باڵەخانەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەبەرهێنەرانی ئاگادار کردووەتەوە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری کۆکردنەوەی هاوکاری بن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن بەشداری هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە بکەن لە دەستەی وەبەرهێنان.

چیرۆکی سەرەکی: بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای عەرەبی سووریا، سەدان هەزار هاونیشتمانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارەبوونە، بەهۆیەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری ڕاگەیێنراوە، دەستەی وەبەرهێنانیش داوا لە وەبەرهێنەران دەکات بەشداری هەڵمەتەکە بکەن.

لێدوانی فەرمی: بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی وەبەرهێنان هەموو وەبەرهێنەرانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە، ئەوانەی دەیانەوێ بە پارە بەشداری بکەن لە هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، دەتوانن پارەکە بهێنن بۆ دەستەی وەبەرهێنان و لە هەنگاوی یەکەمیشدا تا ئێستا 400 ملیۆن دینار کۆکراوەتەوە.

وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: زیاتر لە هەزار وەبەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان هەن، تا ئێستا کەمترین بڕ کە هاتبێت 50 ملیۆن دینار بووە.

زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە ڕێگاکانی کۆکردنەوەی پارە لە هەڵمەتەکەدا، چۆن دەبێت، بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت؛ وەبەرهێنەران پارەی کاش بۆ دەستە دەهێنن، بەڵام تاوتوێی دانانی هەژماری بانکی دەکەین، بۆ ئەوەی کارەکەیان بۆ ئاسانتر بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، دواتر لە پرێس کۆنفرانسێکەوە بڕی هاوکارییە کۆکراوەکە ئاشکرا دەکرێت، لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانیشەوە پارەکە دەگەیێنرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: