سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: تاوەکو ئێستا 255 بارهەڵگر پێداویستی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراوە

شەیری بکە لە:
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: تاوەکو ئێستا 255 بارهەڵگر پێداویستی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراوە

کاروانی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان

ئاڤا نیوز

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شەشەمین ڕاپۆرتی مەیدانیی خۆیدا ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا لەرێگەی 255 بارهەڵگرەوە هاوکاریی جۆراوجۆری مرۆیی و تەندروستیی گەیاندووەتە دەست هەزاران خێزانی لێقەوماو لە ڕۆژئاوای کوردستان.

لێدوانی فەرمی: موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی 29-01-2026، لەرێگەی 255 بارهەڵگر و بە چالاکیی 478 کرێکار و کارمەند، توانیمان هاوکارییەکان بگەیەنینە ناوەندەکانی نیشتەجێبوون و قوتابخانەکان تاوەکو ڕێگریی لە کارەساتی تەندروستیی و برسێتیی بگرین.

زانیاریی زیاتر: چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین کەرتی جیاوازی گرتووەتەوە؛ بڕی 241,632 لیتر نەوتی بەسەر 6,850 خێزانی ئاوارە و 178 قوتابخانە و 10 مزگەوتدا دابەش کراوە. هاوكات تیمەکان توانیویانە 25,589 ژەمە خواردنی گەرم بۆ ئاوارەکانی ناو 69 قوتابخانە و 5 مزگەوت ئامادە بکەن، هەروەها تیمە پزیشکییەکانی دەزگاکە توانیویانە خزمەتگوزاریی بگەیەننە 3,541 کەس و پشکنینی ورد بۆ قوتابییانی 47 قوتابخانە ئەنجام بدەن، کە ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی نەخۆشییە وەرزییەکان لەناو کەمپە کاتییەکاندا هەبووە.

جگە لەمانە، 7,475 خێزانی دیکە هاوکاریی جۆراوجۆری وەک پێداویستیی ناوماڵ و کەلوپەلی زستانییان پێگەیشتووە تاوەکو بەرگەی سەرما و سۆڵەی ئەم دواییە بگرن.

باکگراوند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی سووریا لە ساڵی 2026، بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی وەک یەکەمین ڕێکخراوی مرۆیی هاوکارییەکانی گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.

شەیری بکە لە: