پلاستیک زیانە تەندروستییەکان دوو هێندە دەکات

شەیری بکە لە:
پلاستیک زیانە تەندروستییەکان دوو هێندە دەکات

بەکارهێنانی پلاستیک لەسەر زەوی

ئاڤا نیوز

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ هۆشداریی دەدات کە تاوەکو ساڵی 2040، گازی دەردراوی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پلاستیک زیانە تەندروستییەکان بۆ مرۆڤ بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیاد دەکات.

وێنە گەورەکە: بەکارهێنانی پلاستیک گەیشتووەتە ئاستێک کە گەڕانەوە لێی مەحاڵ دەردەکەوێت؛ ئەمە تەنها کێشەی ژینگەیی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی وجودییە بۆ سەر تەمەنی مرۆڤ. ئەگەر بەرهەمهێنانی پلاستیکی نوێ سنووردار نەکرێت، جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی تەندروستیی دەبێتەوە کە سیستمە دەرمانییەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنیان نابێت، بەتایبەت کە پاشماوەکان ئێستا لەناو خوێنی مرۆڤ و قووڵایی زەریاکانیشدا هەن و وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی لێ هاتووە.

بڵاوکراوەی فەرمی: توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری The Lancet Planetary Health بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە تەواوی خولی ژیانی پلاستیک؛ لە دەرهێنانی سووتەمەنیی بەردینی و بەرهەمهێنانەوە تاوەکو گواستنەوە و فڕێدانی، دەبنە هۆی بڕینی 83 ملیۆن ساڵ لە تەمەنی تەندروستیی دانیشتووانی جیهان لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2040. مەترسییەکە تەنها لە پاشماوەی فڕێدراو یان مایکرۆپلاستیکدا نییە، بەڵکو لەو گازە ژەهراوییانەدایە کە لە کاتی دروستکردنیدا بڵاو دەبنەوە و دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، دڵ و شێرپەنجە.

بۆ نموونە لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا، ناوچەیەک بە "کۆڵانی شێرپەنجە" ناسراوە بەهۆی چڕیی کارگەکانی پلاستیک، کە تێیدا مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە 11 هێندە زیاترە لە ناوچەکانی دیکە، کەچی بەرهەمهێنان هێشتا لە زیادبووندایە.

ژمارەکان وا دەڵێن: لە ساڵی 2016 نزیکەی 2.1 ملیۆن ساڵ لە تەمەنی تەندروستیی مرۆڤ بەهۆی پلاستیکەوە لەدەستچووە. تاوەکو ساڵی 2040 ئەم ژمارەیە ساڵانە دەگاتە 4.5 ملیۆن ساڵ. 99%ـی پلاستیک لە سووتەمەنیی بەردینی (نەوت و گاز) بەرهەم دەهێنرێت. پلاستیک بەرپرسە لە 4.5%ـی کۆی گازی دەردراوی جیهانیی.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: تەنها دووبارە بەکارهێنانەوە چارەسەر نییە؛ پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە تاقە ڕێگەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، بەرهەمهێنانی کەمتر و قەدەغەکردنی ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکانە لە پیشەسازیی پلاستیکدا. هێشتا کاریگەرییەکانی مایکرۆپلاستیک و نانۆپلاستیک لەناو ئەم توێژینەوەیەدا هەژمار نەکراون، کە ئەمەش واتای ئەوەیە زیانە ڕاستەقینەکان زۆر لەم پێشبینییانە گەورەترن و ئەوەی دەردەکەوێت تەنها "سەری شاخە سەهۆڵینەکەیە".

باکگراوند: بپیشەسازیی پلاستیک لە دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی یەکجار خێرای بەخۆوە بینیوە و بەپێی پێشبینییەکانی OECD، تاوەکو ساڵی 2060 بەکارهێنانی سێ هێندە دەبێت. ساڵی ڕابردوو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەکی جیهانیی دژ بە پلاستیک شکستی هێنا، چونکە وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت ڕێگرییان لە هەر بڕیارێک کرد کە بەرهەمهێنانی پلاستیکی نوێ سنووردار بکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ