عێراق لە بۆشایی دەستووریدا؛ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر گوشاری ترەمپ پەرتەوازە دەبێت

شەیری بکە لە:
عێراق لە بۆشایی دەستووریدا؛ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر گوشاری ترەمپ پەرتەوازە دەبێت

کۆبوونەوەی چوارچیوەی هەماهەنگی

ئاڤا نیوز

لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، عێراق بە فەرمی دەچێتە ناو قۆناغی بۆشایی دەستووری، چونکە پەرلەمان نەیتوانی لە وادەی دیاریکراودا سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، کە بەپێی دەستوور دەبێت لە هەمان دانیشتندا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت. ئەم شکستە دوای شەوێکی پڕ مشتومڕ دێت کە تێیدا چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بەرامبەر ڤیتۆکەی ترەمپ دەربڕێت.

چیرۆکی سەرەکی: شەوی ڕابردوو، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی نووری مالیکی بەبێ دەرکردنی ڕاگەیێنراوی هاوبەش کۆتایی هات، لایەنەکان بە جیا ( بەدر، سادقون، نەسر) ڕاگەیێنراویان دەرکرد. هەندێک لە ڕاگەیێنراوەکان تەنیا سەرکۆنەی دەستێوەردانی ئەمریکایان دەکرد بەبێ ئەوەی بە ڕاشکاوی پشتیوانی مانەوەی مالیکی بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ درزێکی گەورە لەناو ماڵی شیعەدا.

لێدوانی فەرمی: عەلی کازم عەلەوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "مالیکی ئامادەیە تا کۆتایی بڕوات ئەگەر چوارچێوە پشتیوانی بکات. زانیاریمان هەیە کە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو گوشاریان خستووەتە سەر ترەمپ بۆ دژایەتیکردنی مالیکی، بۆیە دەست بە جووڵەی دیپلۆماسی دەکەین لەگەڵ واشنتن بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخەکە و گۆڕینی تێڕوانینیان"

لەبەرامبەردا، دەنگی ناڕەزایەتی لەناو خودی چوارچێوە بەرز بووەتەوە و بەشێک لە هاوپەیمانەکان هۆشداری دەدەن لەوەی دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە بەرژەوەندیی عێراق نییە و دەبێت بڕیارێک بدرێت کە بەرژەوەندی وڵات بپارێزێت نەک تەنیا کەسەکان.

لەلایەکی دیکەوە: عەبدولهادی موحان سەعداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند: "بڕینی پەیوەندی و دژایەتیکردنی ئەمریکا لەم دۆخەدا ژیرانە نییە. سەروەریی وڵات بە تویت و ڕاگەیێنراو بەدەست نایەت، بەڵکوو دەبێت سەرکردەکانی چوارچێوە بڕیارێکی یەکگرتوو بدەن کە لەگەڵ دۆخی هەستیاری قۆناغەکە بگونجێت و وڵات تووشی قەیرانی گەورەتر نەکات"

وێنە ڕوونەكە ئەوەیە كە  ترەمپ بە تویتێک توانی ماڵی شیعە پەرت بکات. لەلایەک مالیکی ڕژدە لەسەر مانەوە و دەڵێت تا کۆتایی دەڕۆم، لەلایەکی دیکەش بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئامادە نین باجی سزاکانی ئەمریکا بدەن، مانەوە لە بۆشایی دەستووری ڕەنگە تاکە پەناگەی کاتی بێت بۆ چوارچێوە تاوەکو ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە؛ یان ڕازیکردنی ترەمپ (کە ئەستەمە)، یان قوربانیدان بە مالیکی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: