هەسەدە بڕیاری بەرگری داوە و لە حەسەکە شەڕێکی قورسە

شەیری بکە لە:
هەسەدە بڕیاری بەرگری داوە و لە حەسەکە شەڕێکی قورسە

گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە زیاتر 100 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، وێنە: AFP

ئاڤا نیوز

دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، هێرشی فراوان و شەڕی قورس گەیشتووەتە حەسەکە و سنووری کۆبانێ. هەسەدە بڕیاری بەرگری داوە و لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان هێز دەنێرێتە حەسەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی گرووپە چەکدارەکان.

چیرۆکی سەرەکی: هەرچەندە دوێنێ ئێوارە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دوای بڵاوکردنەوەی ڕێککەوتننامە 14 خاڵییەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە هێرشکردن بەردەوام بوون و ئەمڕۆ سەدان گوند و شارۆچکەی دیکەیان کۆنترۆڵ کرد.

٠ لە ڕۆژانی ڕابردوو تا ئێستا هەسەدە پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە و 15 شارۆچکەی لەدەست داون لەگەڵ بەنداوەکانی تشرین و فورات و کێڵگە غازی و نەوتییەکان و.. هیتد. 

٠ شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان: قامیشلۆ، حەسەکە، عامودا، دێرک، دربێسی و کۆبانێ لەدەست هەسەدە ماون، چەند ساڵێک پێش ئێستاش عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کۆنترۆڵ کرابوون. 

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات:
 شەڕ گەیشتووەتە نزیک سەنتەری حەسەکە، کانتۆنی جزیرێ کە سەنتەرەکەی حەسەکەیە لەگەڵ کۆبانێ لەیەک دابڕێنراون.

٠ ئێستا لە دەوروبەری حەسەکە شەڕێکی قورسە، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری بەرگریکردنیان داوە، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێز بۆ پشتیوانی ڕەوانەی حەسەکە کراوە، داواش لە خەڵک دەکەن چەک هەڵبگرن و پشتیوانی شەڕڤانان بکەن بۆ مانەوە و پاراستنی ئەزموون و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاڤا.

٠ لە حەسەکە شەڕێکی قورس لە زیندانی شەدادی کرا کە 60 کیلۆمەتر لە سەنتەری حەسەکە و 60 بۆ 70 کیلۆمەتر لە شنگال دوورە و هەزاران چەکداری داعشی تێدایە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەسەدە ڕایگەیاند دوای شەهید و برینداربوونی دەیان شەڕڤان زیندانەکەیان لەژێر کۆنترۆڵدا نەماوە، ڤیدیۆی ئازادکردنی زیندانەکانیشی لەلایەن گرووپە چەکدارەکان بڵاوکردەوە. ڕاشیگەیاند زیندانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانان دوورە، بەڵام دەستوەردانیان نەکردووە و نەچوون بەهانایانەوە.

وەزارەتی بەرگریی سووریاش پشتڕاستی کردەوە ئەندامانی داعش لە زیندانەکە هەڵاتوون، هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنەوەیان دەستپێدەکەین.

٠ دۆخی کۆبانێ خراپە و لە سێ لاوە گەمارۆدراوە، لایەکەی تریشی هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان - تورکیا.

لە دەوروبەری کۆبانێ شەڕ و پێکدادان هەیە، لەناو کۆبانێ چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیێنراوە، {بەڵام پناچێت سوپای عەرەبی سووریا هێرشێکی قورسی بکاتە سەر، بەهۆی ئەوەی کۆبانێ بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی، ڕەنگە پێچەوانەکەش ڕووبدات بەهۆی ئەوەی پێشهاتەکان خێران}.


٠ لە ڕەققە کە دوێنێ هەسەدە کشایەوە و تەنها لە زیندانی ئەقتان مابوو، ئەمڕۆ شەڕێکی قورس ڕوویدا. هەسەدە دەڵێت 9 شەڕڤانیان شەهید و 20 شەڕڤانیان بریندار بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان. 

زیندانی ئەقتان زیاتر لە 4 هەزار داعش و  تیرۆریستی تێدایە، تا ئێستا شەڕ بەردەوامە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە ماوە. هەسەدە دەڵێت سێ ڕۆژە داوایان لە هاوپەیمانان کردووە بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لەو زیندانەوە بۆ شوێنێکی ئارام، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددییان نەناوە.

مەترسییە زانراوەکان: سەرەڕای شەهید و برینداربوونی دەیان شەڕڤان و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا تاوانی قێزەونی جەنگییان ئەنجام داوە، کۆمەڵێک شەڕڤانی ئێمەیان دوای دەستگیرکردن سەربڕیون، پرۆسەکەیان بە ڤیدیۆ و هاوشێوەی داعش تۆمار کردووە. {ڤیدیۆی سەربڕینی شەڕڤانان لە چەند ماڵپەڕێک و تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت پێنج بۆ شەش شەڕڤانی هەسەدە سەربڕاون و تەرمەکەیان شێوێنراوە}. 

هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی پێشلکارییەکان و لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەو تاوانە.

بۆمبە تەوقیتکراوەکە: لەبارەی کەمپی هۆل کە بە بۆمبی تەوقیتکراو ناودەبرێت، دەکەوێتە حەسەکە، گەورەترین کەمپی ژن و منداڵی ئەندامانی داعشە و زیاتر لە 27 هەزار کەسی تیدایە، ئیدارەی کەمپەکە ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، زیندانییەکان دەستیان بە دروستکردنی پشێووی کردووە و هەوڵی هەڵاتن دەدەن، بەڵام ڕێگرییان لێکردوون و پێشهاتەکانیشی شەڕیش، دۆخی ئەم کەمپەی خستووەتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.

لەلایەکی دیکەوە: ئێوارەی ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە لەسەر هیچ شتێک ڕێککەوتوون یان نا.




شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ