تەلەگراف: ئەمریکا بەهۆی تەکنەلۆژیایەکی نوێی ئێران لە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە دوو دڵ بووە

شەیری بکە لە:
تەلەگراف: ئەمریکا بەهۆی تەکنەلۆژیایەکی نوێی ئێران لە هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە دوو دڵ بووە

گرافیکی جەنگی پێشبینیکراوی نێوان ئەمریکا و ئێران. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

پەرەپێدانی تواناکانی ئێران لە بواری مووشەکی سووتەمەنی ڕەق، هاوکێشە سەربازییەکانی بۆ ئەمریکا ئاڵۆز کردووە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی "یەکلاییکەرەوە" دەکات، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان هۆشداری دەدەن هەر جووڵەیەکی سەربازی دژی تاران، مەترسییەکی ستراتیژیی لێدەکەوێتەوە کە سنووری شەڕە تەقلیدییەکان دەبەزێنێت.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئێران جۆرە مووشەکێکی نوێی پەرەپێداوە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات و پێدەچێت ماددە خاوەکەی لە چینەوە هاوردە کردبێت.

مەترسیی ئەم جۆرە مووشەکانە لەوەدایە، بە پێچەوانەی مووشەکی سووتەمەنی شل، پێویستیان بە کاتی زۆر نییە بۆ ئامادەکردن و پڕکردنەوەی تانکی سووتەمەنییەکەیان، بەڵکو هەمیشە ئامادەن بۆ تەقاندن و تەنیا چەند خولەکێکیان دەوێت؛ ئەمەش کاتی پێویستە لەلایەن ئەمریکا  بۆ بەرپەرچدانەوەیان.

ئەم مووشەکانە بەهۆی کێشی سووکییانەوە دەکرێت لە ناو تونێل و ناوچە شاخاوییەکان بشاردرێنەوە و بە خێرایی جێگۆڕکێیان پێ بکرێت، ئەمەش وای کردووە سیستەمی ئاراستەکردنیان وردتر بێت. دیمەنی مانگە دەستکردەکان لە بنکەی "ئیمام خومەینی" دەریانخستووە کە تاقیکردنەوەی نوێ ئەنجام دەدرێن، هەروەها تاران بڕێکی زۆر ماددەی بیرکلۆراتی سۆدیۆمی لە چینەوە هاوردە کردووە کە بەشی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆ 500 مووشەکی بالیستی دەکات.

لێدوانی فەرمی: سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی هەر هێرشێک، ڕاوێژکارانی ئەمریکا هۆشدارییان داوە و ڕایانگەیاندووە: "ئەم بژاردە یەکلاییکەرەوانە ڕەنگە ببنە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری کە تێیدا نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز ببێتەوە و سەقامگیریی وڵاتانی کەنداو بکەوێتە مەترسییەوە."

هاوکات، باس لەوە دەکرێت ترەمپ گوشاری خستووەتە سەر ڕاوێژکارەکانی و داوای بژاردەی وای لێکردوون کە کاریگەریی یەکلاییکەرەوەیان هەبێت لەسەر ئێران، ئەگەرچی هێشتا ڕوون نییە مەبەستی کۆتایی ئەو چییە.

لەلایەکی دیکەوە: بەپێی ڕاپۆرتەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و فۆکس نیوز، ئەو بژاردە یەکلاییکەرەوانەی ترەمپ داوای کردوون لە سێ سیناریۆدا کورت دەبنەوە:

٠ لێدانی ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و سەربازی بە مەبەستی پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی سوپای پاسداران.

٠ کردنە ئامانجی پاڵاوگەکانی نەوت، بەندەرەکان و وێستگەکانی کارەبا بۆ ئیفلیجکردنی ناوخۆیی و وشککردنی سەرچاوە داراییەکان.

٠ هێرشی ئەلیکترۆنی بەرفراوان بۆ سەر تۆڕەکانی پەیوەندی، بانکەکان و بەرگریی ئاسمانی، تاوەکو پێش هەر جووڵەیەکی سەربازی، ئێران لە ڕووی تەکنیکییەوە پەکی بکەوێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ