چیرۆکی کۆمەڵکوژکردنی خێزانێکی کوردی 12 کەسی لە دێرەزوور

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

ڕێکخراوی کوردستانی عێراقی CPTـی ئەمریکی کەیسێکی کۆمەڵکوژی ئاشکرا دەکات کە تێیدا خێزانێکی 12 کەسی کورد، لە کاتی هەوڵی ڕاکردنیان لە شاری ڕەققەوە بەرەو حەسەکە، دەکەونە بۆسەی چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریا، شەشیان بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن و شەشەکەی دیکەشیان بە سەختی بریندار دەکرێن.

بینراو و بیستراو: بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە ڕێکخراوی کوردستانی عێراقی CPTـی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە لە 18ـی ئەم مانگە، خێزانێکی کورد بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە شاری ڕەققە بەرەو حەسەکە بەڕێدەکەون، بەڵام لە نزیک گوندی ئەبو خەشەب لەلایەن گرووپێکی چەکداری سەر بە سوپای عەرەبی سووریاوە ڕادەگیرێن، دوای ئەوەی چەکدارەکان دەزانن خێزانەکە کوردن، بڕیاری کوشتنیان دەدەن. 

سەرەتا محەممەد ئیسماعیلی باوکی خێزانەکە و پاشان سارا شاهینی دایکی خێزانەکە بە دەستبەستراوی دەکوژن، دواتر چەکدارەکان بە هەڕەمەکی تەقە لە ئەندامانی تری خێزانەکە دەکەن و چوار کەسی تر دەکوژن کە دووانیان منداڵن.

دواتر چەکدارەکان بە چەقۆ سکی لەیلای تەمەن 17 ساڵیان هەڵدڕیوە و پێستی دەموچاویان کێشاوە، هەروەها چاوی ڕاستی مەحموودیان دەرهێناوە و لۆگۆی ئاسایشیان لەسەر سنگی داناوە.

شەش ئەندامی تری خێزانەکە کە هەموویان منداڵ و گەنجن، بە برینداری لە چۆڵەوانییەکانی دێرەزوور فڕێدراون. دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، نەک تەنیا چارەسەری پێویستیان بۆ نەکراوە، بەڵکو لەلایەن پزیشکێکەوە سوکایەتییان پێکراوە. تا ئێستاش تەرمی کوژراوەکان لە نەخۆشخانەی دێرەزوور ماونەتەوە و بە خاک نەسپێردراون.

بەڵگەنامەی فەرمی: بەپێی بەڵگەنامەکانی CPT، کاتێک خێزانەکە وتوویانە کوردین، بەڵام سەر بە هیچ لایەنێک نین، بەرپرسی گرووپە چەکدارییەکە وتوویەتی: "تەواو ئێستا کۆتایی بە هەمووتان دەهێنم!". هاوکات پزیشکێکی نەخۆشخانەی دێرەزوور لەبری چارەسەر، بە بریندارەکانی وتووە: "دەبوو ئێوەش کوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە."

لیستی ناوی بریندارەکان و جۆری برینەکانیان بەمشێوەیە:

٠ شیرین محەممەد (25 ساڵ): چوار فیشەک بەر سکی کەوتووە.
٠ غەزال محەممەد (16 ساڵ): فیشەک بەر قاچی کەوتووە.
٠ ئیبراهیم محەممەد (13 ساڵ): فیشەک بەر دەست و قاچی کەوتووە.
٠ شادی مەحموود (6 ساڵ): فیشەک بەر قاچی کەوتووە و دەموچاوی بریندارە.
٠ لاوەند مەحموود (2 ساڵ و نیو): برینی سەر و لەدەستدانی دوو پەنجە.
٠ ئیبراهیم مەحموود (4 ساڵ): فیشەک بەر قاچ و ئەندامی نێرینەی کەوتووە.

زانیاریی زیاتر: ڕێکخراوی CPT جەخت دەکاتەوە، تەواوی بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم کۆمەڵکوژییەی لەبەردەستدایە و بەردەوام دەبێت لە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوان و پێشێلکارییە گەورانەی مافی مرۆڤ کە لەلایەن چەکدارانی سوپای عەرەبی سووریاوە لە ناوچە کوردنشینەکان ئەنجام دەدرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ