نوێترین خاڵی ناکۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق

شەیری بکە لە:
نوێترین خاڵی ناکۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق

دیمەنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل. وێنە؛ ئەرشیف

ئاڤا نیوز

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ تا ئیستا لەسەر جیبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکان و خاڵە گومرگییەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، هەرچەند جارێک لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا ئەم بابەتە گفتوۆگۆی لەبارەوە کراوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ڕێکنەکەون لەبارەی سیستمی ڕێکخستنی خاڵە گومرگییەکانی عێراق، ئەوە ئاستەنگ لەبەردەم جموجوڵی بازرگانیی و هاتوچۆی هاوڵاتیان لەنێوان خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.

 

زانیاری زیاتر: سەرچاوەیەک بە ئاڤامیدیای گوت: تا ئێستا هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەربارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا نەگەیشتوون بەڕێککەوتن، ئەم بابەتەش پێویستە چارەسەری بۆ بکرێت پێش ئەوەی ببێتە کێشەیەکی دیکەی نێوانیان و کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنەکان دروست بکات.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم سیستە هەموو وردەکاری گومرگ لەلای ئەوان بێت و داهاتی نانەوتی پێ زیاد بکەن، لەهەمان کاتیش دەیانەوێت لەژێر فشارەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی چوونەدەرەوەی دۆلار لە عێراق بکەن، بۆیە عێراق دەیەوێت ئەم سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت و دەروازەکان و خاڵەکانی گومرگی هەرێمی کوردستان کار بە سیستمی ئەسیکۆدا بکەن، لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە بابەتی گومرگ بەپێی دەستوور دەبێت چارەسەر بکرێت.


لێدوانی فەرمی: ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بەپێی ماددە 114ـی دەستوور بەڕێوەبەردنی خاڵە گومرگییەکان دەبێت بەهاوبەشی بێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ دەستەی گومرگەکانی دامەزراندووە، ئەو دەستەیە لە هیچ بڕگەیەکی دەستووردا بوونی نیە و داوا دەکرێت هەموو دەسەڵاتێکی گومرگیش لەلای ئەو دەستەیە بێت، ئەمەش دەستووریی نیە، بۆیە ئێمە لەسەر بنەمای ماددە 114ـی دەستوور ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگین، ئەگەر دەستووریش بکەینە بنەما دەگەین بە چارەسەر.

 

لەلایەکی دیکەوە: پێشر د. سامی جەلال، ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستانە بۆ بابەتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان، بە ئاڤا میدیای گوت: سیستمی گومرگی هەرێمی کوردستان زۆر لە سیستمی ئەسیکۆدا پێشکەوتووترە، بارکۆد و QRـی هەیە و هەموو زانیارییەکانی لەخۆگرتووە،  بەپێی دەستووریش بەڕێوەبردنی گومرگ دەسەڵاتی هاوبەشە و بڕیاری تاک لایەنەی حکومەتی فیدراڵی عێراق  پێچەوانەی دەستوورە.

 

باکگراوند: یەکێک لە كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بابەتی سیستمی گومرگە، حکومەتی فیدراڵی بڕیاریداوە سیستمی ئەسیکۆدا کە لە عێراق کاری پێدەکرێت ببێتە سیستمی یەکگرتوو، هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات سیستمی گومرگی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و بە میکانزمێک هەردوو سیستمی گومرگی هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەکتر ببەسترێنەوە و هەردوولا بەپێی دەستوور ئەرکی خۆیان پیادە بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ