سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێرش کەوتوونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشی و ئێرانیش هەڕەشەی تووند دەکات

شەیری بکە لە:
سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێرش کەوتوونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشی و ئێرانیش هەڕەشەی تووند دەکات

هەردوو ئاڵای ئێران و ئەمریکا - گرافیک: ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

 

خەڵک بۆ خراپی گوزەران و سەختیی ژیانیان لە پارێزگاکانی ئێران خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام ڕکابەرێتیی و پێشهاتە سەربازییەکان نزیکن لەوەی ئەمریکا دەستوەردان لە کاروباری ئێران بکات و گورزی سەربازیی بوەشێنێت، لەبەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بە توندترین شێوە وەڵامی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دەدەنەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی بڵاویکردووەتەوە، کە بە هەندێک کەسی وتراوە لە ناو بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر کە ئەمریکییەکانی تیایە، هەتا ئێوارە بنکەکە بەجێبهێڵن و لێرە مەمێنن و دەبێت سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لەوێ نەمابن، لەکاتێکدایە ئەم بنکە ئاسمانیە 10 هەزار سەربازی تێدایە.

 

هۆشداریی بەپەلە: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا هۆشداریداوە بە چەند وڵاتێکی کەنداو ئامادەکاریی خۆتان بکەن، ئێمە هێرش دەکەینە سەر ئێران، ئێستا سعوودیەو قەتەرو عومان بە ئەمریکایان وتووە، هێرش نەکاتە سەر ئێران، چوونکە هەر هەوڵێک بۆ ڕوخاندنی حکومەتی ئێستای ئێران، بازاڕی نەوت ناسەقامگیر دەکات و لە کۆتاییشدا زیان بە ئابووری ئەمریکا دەگەیێنێت، هاتووچۆی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەرووی هورمز پەک دەخات.

 

لایەنێکی دیکەی چیرۆکەکە: بەرپرسانی سعوودیە وتوویانە، ئێمە ناهێڵین، ئەمریکا ئاسمانی سعوودیە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

 

ئاماژەکان: ئاژانسی مۆنیتۆریش بڵاویکردووەتەوە، هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتوونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشی.

 

داواکردنی هەماهەنگی: دوو بەرپرسی ئەورووپیش بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکییان وتووە: ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەمریکا داوای ئاڵووگۆڕی زانیاری هەواڵگرییان کردووە لەبارەی ئەو شوێنانەی ئەگەر هەیە لەناو ئێرانا هێرشیان بکرێتە سەر.

 

یەکێک لەو بەرپرسە ئەوروپیانە وتوویەتی، ڕەنگە سەرۆک ترەمپ ویستگە ئەتۆمییەکان نەکاتە ئامانج، تەنیا هێرش بکاتە سەر ئەو مەسول و بارەگا ئەمنیانەی دەسیان هەیە لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا.

 

لەلایەکی دیکەوە: لە ئیسرائیل، چەند سەرچاوەیەکی سەربازی وتوویانە، ئیسرائیل بەشداریی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناکات و ئاگایشیان لە پلانەکەی ئەمریکا نییە و ناشزانن کەی هێرش دەکرێتە سەر ئێران.

 

دیمەنێکی دیکەی چیرۆکەکە: بەرپرسێکی باڵای ئێران لەبارەی ئەو هەڕەشانەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن ئەمریکاوە لە وڵاتەکەی دەکرێت وتوویەتی، تاران هۆشداریداوە بە وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا ئێرانیش هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە.

 

لێدوانی فەرمی: مەجید موسەوی فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەڵێت: هێزەکانی ئێران لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بکرێتە سەریان، ژمارەی مووشەکەکانیشیان لەدوای هێرشی پێشووی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران زیاتر بوون.

 

کاردانەوەکان: لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڕەشەکان، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ترەمپ ڕاگیراون و هەڵپەسێردراون.

 

هەروەها عەباس عێراقچی، ڕەخنەیش لە وڵاتانی ئەرووپا دەگرێت، دەڵێت، دوو ڕوون لە سیاسەتدا، هۆشداریشیان پێ دەدا، ئەگەر سزای نوێ بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئێرانیش هەنگاوی هاوشێوە دەنێت.

 

هاوکات عێراقچی، بەتەلەفۆن قسەی کردووە لەگەڵ، وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و تورکیا، پێی وتوون، خۆپیشاندانەکان دەستی دەرەکییان لە پشتە.

 

لەدوێنێ شەوەوە ئەوە دووەمجارە عەباس عێراقچی بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بکات.

 

لێدوانە فەرمییەکان: دوێنێ ترەمپ داوای لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی کردبوو، ناو ئەوکەسانە لەبەر بکەن کە تەقەیان لێ دەکەن و دەیان کوژن، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران جوابی داوەتەوە و دەڵێت، ئەگەر نازانی کێ خۆپیشاندەران دەکوژێت، وەرە با من پێت بڵێم؟

 

بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپن خۆپیشاندەران دەکوژن.

 

مەترسییە پێشبینی کراوەکان: هەروەها لاریجانی، بەتەلەفۆن قسەی کردووە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە تەلەفۆنەکەدا باسی ئەوەیان کردووە، ڕێگە نەدرێت لە سنوورەکانی نێوانیانەوە گرووپەکان دزە بکەنە ناو خاکی ئێرانەوە.

 

لێدوانی فەرمی: غوڵام حوسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش دەڵێت، ڕێوشوێنی یاسایی خێرا دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەوانەی بەتۆمەتی ئاژاوەگێڕیی لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کراون، دادگایی بکرێن، ئینجا پرۆسەی دادگاییکردنەکەیشیان بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوە دەچێت. سەرەتا ئەوانە دادگایی دەکەن کە لە خۆپیشاندانەکاندا چەکیان بەکارهێناوە.

 

زیانەکان: محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانیش دەڵێ، تەنیا لە تاران هەزار ئۆتۆمبێل و 26 فەرمانگەی حکومی زیانیان بەرکەوتووە، جگە لە ماڵ و خانوو و دوکانی خەڵکیش، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و پاسی گواستنەوەی حکومی و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەیشدا خۆپیشاندەران 44 مزگەوت و حوسێنیەیان سووتاندووە.

 

لێکەوتەکان: هاوکات ئاژانسی هەواڵی فارس ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە، هی شەوی رابردووە، شەقامێکی سەرەکییە لە تاران و دەڵێت، ئەوە سێ شەوە لە تاراندا بە شەوان هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک نییە.

 

مەترسییە پێشبینیی کراوەکان: ئاژانسەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەویش هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، ئەمریکا لەم بنکە سەربازی و ئاسمانیانە هەن:

بارەگای فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین 9 هەزار سەربازی ئەمریکا تێدایە

 

بنکەی ئاسمانی عودەید لە قەتەر 10 هەزار سەربازی ئەمریکا لێیە

 

چەند دامەزراوەیەکی ئەمریکی و بنکەی سەربازی ئەمریکا لە کوەیت، وەکو بنکەی ئاسمانی عەلی سالم 13 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکای تێدایە

 

بنکەی ئاسمانی زفرە لە ئیمارات، نزیکەی 5 هەزار سەربازی ئەمریکای تێدایە.

 

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق. 2 هەزار و 500 سەربازی ئەمریکای تێدایە

 

بنکەی ئاسمانی ئەمیر سوڵتان لە سعوودیە، 2 هەزار 700 سەربازی ئەمریکای تێدایە

 

بنکەی ئاسمانی ئەنچەرلیلک لە تورکیا، هەزار 456 سەربازی ئەمریکای تێدایە

 

لە ڕۆژی کوردستان لە سووریا، 900 سەربازی ئەمریکای تێدایە

 

بە گشتیی ئەمریکا نزیکەی 40 هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

 

ئاماری کوژراوەکان: لەسەر ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لە ئێران، هەتا ئێستا ئامارێکی ڕاست و درووست و ورد نیە، هەم حکومەت، هەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش هەریەکەو ئامارێک بڵاودەکەنەوە.

 

بۆ نموونە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی تەندرووستی ئێران بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی وتووە: نزیکەی سێ هەزار کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێرانا کوژراون، بەخۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکانیشەوە.

 

هەروەها ڕێکخراوی، هیرانا بۆ مافی مرۆڤ دەڵێ، 2571 کەس کوژراون، 2403 کەسیان خۆپیشاندەرن، 147 کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن، 12 کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵن، نۆ کەسیش خەڵکی مەدەنی بوون هیچ پەیوەندییەکیان بە خۆپیشاندانەکانەوە نەبووە.

 

هەروەها لە ماوەی ئەم 17 ڕۆژەی خۆپیشاندانەکاندا، 18 هەزار و 434 کەس دەستگیر کراون.

 

ڕێکخراوی هەنگاویش کە ڕێکخراوی کوردییە، دەڵێ، کوژرانی 2500 خۆپیشاندەریان پشت ڕاست کردووەتەوە.

 

ئاماری نوێ: سەبارەت بەو هاونیشتمانیە کوردانەیش لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، تازەترین زانیاری کە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە ئەوەیە: لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا، هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی سیاوەش شێرزاد گیانی لە دەستداوە.

 

وەکو هەنگاو ئاشکرایکردووە، ڕۆژی پێنجشەممە، گوڵاڵە مەحموودی خەڵکی مەهاباد ئەویش لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا گیانی لەدەستداوە، هێزە ئەمنییەکان یەک ملیار تمەنیان لە کەسووکارەکەی وەرگرتووە، ئینجا تەرمەکەیان پێداونەتەوە.

 

هەروەها، هەنگاو دەڵێت، دوێنێ سێشەممە، لە سنووری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، 50 هاوڵاتی دەستگیر کراون، هێزە ئەمنییەکان بەتۆمەتی ئەوەی گوایە، زانیاری لەناوخۆی ئێران بۆ دەرەوەی ئێران دەگوازنەوە، ئەم هاونیشتمانیانە سیمکارتی وڵاتێکی دراوسێیان هەیە، ویستوویانە تەلەفۆن بۆ دەرەوەی وڵات بکەن.

 

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان: پێشتر ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرایان کردبوو، ئەمجارە خۆپیشاندەرانی ئێران بە تەنیا بەجێ ناهێڵن و نابێت دەزگا ئەمنییەکان سەرکوتی خۆپیشاندانی خەڵکی مەدەنی بکەن، لەو چوارچێوەیەدا سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بژاردەیەیان کردووە کە هێڕش بکەنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان یان ئەو دەزگایانەی لە پشت سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوەن، لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە ئەمجارە هەڵوێستیان جیاواز دەبێت و بە هەموو توانای خۆیانەوە لە مەودای دوور و نزیک پێگەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانیان دەکەنە ئامانج.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ