ململانێی ژمارەکان؛ کێ دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق؟

شەیری بکە لە:
ململانێی ژمارەکان؛ کێ دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق؟

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئاڤا نیوز

بڕیارە پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە. دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتارە و ململانێی تووند لەنێوان فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی و نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی لە ئارادایە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام دەدات، کە پێشتر بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و لەسەر داوای پارتی و یەکێتی دواخرا بوو.

زانیاریی زیاتر: کێبڕکێیەکە لەنێوان 18 کاندیددایە، بەڵام ململانێی سەرەکی لەنێوان فوئاد حوسێن کاندیدی پارتی و نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتیدایە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە. شیعەکان مەرجی بەشداریی پارتی و یەکێتییان بۆ نیسابی یاسایی داناوە، کە پێویستی بە 220 پەرلەمانتار هەیە تاوەکو پڕۆسەی دەنگدان بە سەرکەوتوویی لە پەرلەمان بەڕێوەبچێت.

زانیاریی تایبەت: بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە نووری مالیکی بۆ ئاڤا میدیا، فوئاد حوسێن چانسی بەهێزترە و خاوەن پشتیوانیی نزیکەی 170 کورسییە، کە بریتین لە: پارتی (31)، دەوڵەتی یاسا (28)، بەدر (18)، عەزم (15)، حەسم (6)، ئەساس (8)، تەسمیم (6)، ئەبشر (4) و بەشێک لە سیادە و ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی سوودانی.

لە بەرامبەردا، نزار ئامێدی پشتیوانی نزیکەی 132 دەنگی هەیە، بە کورسییەکانی: یەکێتی (18)، نەوەی نوێ (3)، تەقەدووم (27)، سادقوون (28)، ڕەیان کلدانی (1) و بەشەکەی دیکەی سیادە و ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی سوودانی.

لەلایەکی دیکەوە: بەرەیەکی دیکە لەنێو کورددا هەیە کە پشتیوانی لە موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن، کە بریتین لە 4 کورسیی یەکگرتوو، 5 کورسیی ڕەوتی هەڵوێست و یەک کورسیی کۆمەڵی دادگەری. لەم نێوەندەشدا هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم (18 کورسی) هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە دەرەوەی ئەم دوو بەرەیە، لایەنەکانی دیکە دەتوانن بە 110 پەرلەمانتار "سێیەکی پەکخەر" دروست بکەن و نیسابی یاسایی پەکبخەن. لە کۆتاییدا بەبێ ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران ئەستەم دەبێت و عێراق تووشی بنبەستێکی یاسایی و سیاسی دەبێتەوە. لەئەگەری بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان و دواخستنی بۆ کاتێکی دیکە، ئەوا بڕیارە ئەمڕۆ شاندێک لە سەرکردە شیعەکان سەردانی هەولێر بکەن بۆ ئەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆببنەوە بۆ ئەوە هەوڵی نزیککردنەوەی هەردوو لایەنەکە بدەن بۆ ئەوەی لەسەر ناوی کاندیدێک بگەنە ڕێککەوتن.


ئەمەش: بەوتەی سێ بەرپرسی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە بۆ ئاڤا قسەیان کردووە، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێر دەکەن تاوەکو نێوەندگیری بکەن و هانی هەردوولا بدەن لەسەر کاندیدێکی سازان بۆ داهاتوو بگەنە ئەنجام.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ