عەممار حەکیم مەرجەکانی عێراق بۆ وەرگرتنی زیندانیکراوەکانی داعش لە سووریا ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
عەممار حەکیم مەرجەکانی عێراق بۆ وەرگرتنی زیندانیکراوەکانی داعش لە سووریا ئاشکرا دەکات

دیمەنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لەبەردەم زیندانی ئەقتان. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی سێ مەرجی عێراق بۆ وەرگرتنی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکانی سووریا ئاشکرا دەکات، دەڵێت، پێشتر عێراق زۆرینەی تیرۆریستانی عێراقیی کشاندبووەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە دوو هەفتەی ڕابردوو، بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کە هەزاران چەکداری داعشی تێدابوو مەترسیی کەوتەسەر و دوای کشانەوەی هەسەدە سەدان چەکدارانی داعش هەڵاتن.

لێدوانی فەرمی: عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ڕایگەیاند: ناوچەکە بەرەو پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو دەچێت و ئامادەکارییەکانی جەنگ لە دەوروبەردا بەردەوامن، هۆشداریشی دا عێراق زۆر زەرەرمەندە بە ململانێکانی ناوچەکە و پێشهاتە خێراکانی پەرەسەندنی سووریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری هێنانی تیرۆریستان بۆ زیندانەکانی عێراق بەگوێرەی سێ مەرجی بنەڕەتی دراوە کە بریتین لە؛ پابەندکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانی خۆیان کە سەر بە زیاتر لە 80 وڵاتن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو خەرجییە ئەمنی و گوزەرانییەکانیان لە ئەستۆ بگرێت و مەرجی سێیەمیش ئەوەیە ڕێگە بە دەسەلاتی دادوەریی عێراق بدرێت دادگاییان بکات لەگەڵ پابەندبوون بە بڕیارەکان.

زانیاریی زیاتر: دوای ئەو پێشهاتانەی سووریا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوازرێنەوە عێراق کە بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق 500 چەکداری داعش گوازراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: ڕۆژی هەینی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕاگەیاند: گواستنەوەی دەستگیرکراوەکانی داعش لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە سووریاوە بۆ عێراق لەم هەفتەیەدا خاوبووەتەوە، چونکە عێراق کاتی دەوێت بۆ ئامادەکردنی زیندانەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ وڵاتەکانیان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ