بەهۆی ناکۆکیی نێوان شیعه‌کان کۆبوونەوەی پەرلەمان دوخرا

شەیری بکە لە:
بەهۆی ناکۆکیی نێوان شیعه‌کان کۆبوونەوەی پەرلەمان دوخرا

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی پەککەوت و تەنها 60 پەرلەمانتار ئامادەی هۆڵەکە بوون، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی نێوان شیعەکان کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران.

وێنە گەورەکە: قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لە "گرێکوێرەی کورد"ـەوە گۆڕاوە بۆ "تەقینەوەی ناو ماڵی شیعە"؛ فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ و ڤیتۆکردنی نووری مالیکی، لایەنە شیعەکانی تووشی شۆک کردووە و ناتوانن بڕیار بدەن. هەرچەندە هەوڵ دەدرێت دواکەوتنەکە بخرێتە ئەستۆی کورد، بەڵام نەبوونی نیساب دەریدەخات کە شیعەکان خۆیان لەسەر کاندیدی سەرۆکوەزیران پارچەپارچە بوونە.

زانیاریی پەیامنێر: دەروون مەلاناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا ڕایگەیاند: زەحمەتە کێشەکان بەمزووانە یەکلایی ببنەوە، چونکە ڕەگەکەی لەناو ماڵی شیعەدایە؛ تاوەکو ئەوان نەگەنە ڕێککەوتن، پەرلەمان ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بنێت.

٠ بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، دەبێت 220 پەرلەمانتار ئامادە بن، بەڵام ئەمڕۆ تەنها نزیکەی 60 ئەندام ئامادە بوون.

٠ لە کاتێکدا بەشێک لە چاودێران دەڵێن کێشەکە لە کورددایە، بەڵام واقیعەکە پێچەوانەیە، چونکە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و لایەنە شیعەکان خاوەنی 190 کورسیین و دەتوانن بە ئاسانیی لەگەڵ فراکسیۆنێکی دیکە نیساب تەواو بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی قووڵیان لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی و ترسیان لە پەیامەکانی ترەمپ، پەنایان بۆ پەکخستنی دانیشتنەکە بردووە.

زانیاریی زیاتر: دەروون مەلاناجی گوتیشی؛ بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببنەوە تاوەکو دوایین پەیامی ئەمریکا کە لەلایەن تۆم باراکەوە گەیێنراوەتە پیرمام، ببیستن و بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی پیرمام یەکلاکەرەوە بێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکەمین هەنگاوی دەستوورییە بۆ ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ. لە دوای ساڵی 2024 و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی سووریا و گەڕانەوەی ترەمپ، فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر عێراق زیاتر بوون تاوەکو حکومەتێکی نیشتمانیی و دوور لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان پێکبهێنرێت، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بنبەستێکی سیاسیی قورس لە بەغدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ