دەقی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بڵاوکرایەوە؛ نەوت و دەروازەکان هاوبەشن

شەیری بکە لە:
دەقی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بڵاوکرایەوە؛ نەوت و دەروازەکان هاوبەشن

ئەحمەد شەرع. سەرۆککۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتی هەسەدە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دەقی ڕێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بڵاوکرایەوە کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە بوو بە بنەمای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش دۆسیەی نەوت و دەروازەکان و ئاسایش بە هاوبەشی بەڕێوەدەبرێن.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی هەینی هەسەدە و حکومەتی سووریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان، بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لە حەسەکە و کۆبانی دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.

شێوازی جێبەجێکردن: بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتنەکە کە گۆڤاری ئەلمەجەلە بڵاویکردووەتەوە، سبەی دووشەممە هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەتی سووریا دەچنە ناو حەسەکە و قامیشلۆ، بۆ هەر شارێک تەنیا 15 ئۆتۆمبێل دەبن و ئەرکیان تێکەڵکردنی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاسایشی ناوخۆی حکومەتە.

وردەکاری ڕێککەوتنەکە 14 خاڵ و چوار قۆناغ لەخۆدەگرێت کە دەبێت لە مانگێکدا جێبەجێ بکرێن، ڕێککەوتنەکە قۆناغی پێنجەمیشی هەیە و جارێ ڕەشنووسەکەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەویش پابەندبوونی درێژخایەن و هەمیشەیی هەردوولا لەخۆدەگرێت.

دەقی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە:

یەکەم:
ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر لەسەرجەم ناوچەکان ڕادەگەیێنرێت، هەسەدەش زیندانەکانی داعش (ئەوەی لەژێر دەسەڵاتیدا ماون) دەپارێزێت.

دووەم: هەسەدە هێزی سەربازیی خۆی لە حەسەکە و قامیشلۆ بۆ بارەگاکانی دەکێشێتەوە، لە بەرامبەریشدا سوپای سووریا دەستبەجێ بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە دەکشێتەوە.

سێیەم: فیرقەیەکی سەربازیی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە بۆ پارێزگای حەسەکە دروستدەکرێت بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپا، ئەویش لە سێ لیوا پێکدێت.

چوارەم: هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ لەناو یەک لیوای سەربازیدا لە پارێزگای حەلەب یەک دەخرێن.

پێنجەم: بۆ هەرکام لە شاری قامیشلۆ و حەسەکە، 15 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایی ناوخۆ دەچنە شارەکە بۆ دەستپێکی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە لەناو وەزارەتی ناوخۆ.

شەشەم: ئەم بەرپرسە خۆجێیانە دیاری دەکرێن:

٠ پارێزگاری حەسەکە، هەسەدە دیاری دەکات.
٠ سەرۆکی هێزەکانی ئاسایشی حەسەکە، دیمەشق کاندیدی دەکات.
٠ یاریدەدەری وەزیری بەرگری، هەسەدە کاندیدی دەکات.

حەوتەم: وەرگرتنی دامەزراوە گرنگەکان بەم جۆرە دەبێت:

٠ وەزارەتی وزە بەڕێوەبردنی کێڵگەی رمێلان و سویدیە وەردەگرێت و فەرمانبەرانی مەدەنی ئێستایان تێکەڵ بە حکومەت دەکرێن.
٠ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ وەردەگرێت.

هەشتەم: شاندێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەردانی هەردوو دەروازەی سێمالکا و نسێبین دەکات بۆ تێکەڵکردنی فەرمانبەرەکانیان لە دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێگریی لە هێنانی چەک و هاتووچۆی خەڵکی بیانی، دەروازەکانیش دەستبەجێ کارا دەکرێن.

نۆیەم: حکومەتی سووریا سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر لە حەسەکە وەردەگرێت و فەرمانبەرەکانیان ڕاژەیان دەچێتە سەر دەوڵەت.

دەیەم: ڕێگری دەکرێت لەوەی هێزە سەربازییەکانی هەردوولا بچنە ناوەندی شار و شارۆچکەکان، بەتایبەتیش ناوچە کوردییەکان.

یازدەیەم: سەرجەم بڕوانامەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر پەسەند دەکرێن و ئەگەر گرفتێکیشیان هەبێت، چارەسەر دەکرێت.

دوازدەیەم: مۆڵەت بە سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، ڕۆشنبیرییەکان، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەدرێت ئەویش بەگوێرەی تایبەتمەندی وەزارەتەکان.

سێزدەیەم: کار لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی پەروەدە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ناوچەکانیان.

چواردەیەم: گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان دەکرێت لەوانەش (عەفرین، شێخ مەقسوود و سەرێ کانی)، لەگەڵ دامەزراندنی بەرپرسانی ناوخۆییان لە چوارچێوەی دامەزراوە مەدەنییەکانیاندا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ