گەنجێکی سیدەکان لە جەنگی ڕووسیادا کوژرا

شەیری بکە لە:
گەنجێکی سیدەکان لە جەنگی ڕووسیادا کوژرا

وێنەی مەتین گەنجە 23 ساڵەکەی سیدەکان

ئاڤا نیوز

مەتین، گەنجێکی 23 ساڵی خەڵکی سیدەکان، دوای ساڵێک لە هەڵخەڵەتاندن بە ناوی کار و خوێندن، لە بەرەکانی جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا گیانی لەدەستدا.

چیرۆکی سەرەکی: چیرۆکی مەتین یەکێکە لە تراژیدیترین نموونەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان؛ ئەو گەنجە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن باندێکی عەرەبەوە بە بەڵێنی خوێندن و هەلی کار بە مووچەی بەرز هەڵدەخەڵەتێندرێت.

٠ مەتین سەرەتا بۆ شارۆچکەی پردێ و پاشان بۆ ڕووسیا دەگوازرێتەوە، بەڵام هەر کە دەگاتە ئەوێ پەیوەندییەکانی دەپچڕێت و بێسەروشوێن دەبێت.

٠ دواتر خێزانەکەی دەزانن کە مەتین ناچار کراوە بەڵگەنامەیەک واژۆ بکات کە ناوەڕۆکەکەی نەزانیوە، ئەو بەڵگەنامەیەی کە کردوویەتی بە سەرباز لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا و ڕەوانەی ترسناکترین بەرەکانی جەنگی دژ بە ئۆکراینا کراوە.

لێدوانی فەرمی: هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: مەتین نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینادا کوژراوە؛ ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکەی لە ڕووسیا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکەن و تەرمەکەی بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆی لە سیدەکان.

زانیاریی زیاتر: مەتین پێش کوژرانی توانیبووی خێزانەکەی ئاگادار بکاتەوە کە بەبێ ویستی خۆی کراوە بە سەرباز و ڕەوانەی هێڵی پێشەوەی جەنگ کراوە.

باکگراوند: لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2022، ڕووسیا پەنای بۆ دامەزراندنی هەزاران "بەکرێگیراوی بیانی" بردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی هێزی مرۆیی لە سوپاکەیدا. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 ڕووسیا زیاتر لە 18,000 هاووڵاتیی بیانی لە 128 وڵاتی جیاوازەوە بۆ جەنگ ڕاکێشاوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ