لەبارەی گەشتکردنی ئافرەت بۆ حەج و عومرە بەبێ مەحرەم فەتوا دەدرێت

شەیری بکە لە:
لەبارەی گەشتکردنی ئافرەت بۆ حەج و عومرە بەبێ مەحرەم فەتوا دەدرێت

دوو عومرەکاری هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لەبارەی حوکمی گەشتکردنی ئافرەت بۆ حەج و عومرە فەتوا دەدات و ڕادەگەیەنێت، ئەگەر بۆ ئەنجامدانی حەج و عومرەی واجب بوو، ئەوا كۆی زانایان كۆکن لەسەر ئەوەی مەرجە لە گەشتەکەدا مەحرەمی لەگەڵدا بێت؛ بۆ حەج و عومرەی سوننەتیش، گەشتکردنی ئافرەت بەبێ مەحرەم، حەرامە و دروست نییە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەنجوومەنی باڵای فەتوا سەر بە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، حوکمی شەرعیی گەشتکردنی ئافرەت بۆ حەج و عومرە بەبێ مەحرەم ڕوون کردەوە. هەر پەیوەست بەم بابەتە، ژمارەیەک تێبینیی شەرعی بە عومرەکاران و سەرقافڵە و مورشیدەکان دەدات.

٠ ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ڕوونی دەکاتەوە، کۆی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی هەبوونی مەحرەم بۆ ئەنجامدانی حەج و عومرەی واجب لە لایەن ئافرەتەوە مەرجە، ئەگەر ئافرەتێکیش مەحرەمی نەبوو، یاخود مەحرەمی هەبوو بەڵام توانای نەبوو لەگەڵیدا گەشت بکات، ئەوا هەر لە سەرەتاوە حەج و عومرەی لەسەر واجب نابێت. بەڵام لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی، ئەگەر مێردەکەی یان مەحرەمێک یان کۆمەڵێک ئافرەتی متمانەپێکراو لە گەشتەکەیدا لەگەڵیدا بن، حەج لەسەر ئافرەت واجب دەبێت.

زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە گەشتکردنی ئافرەت بۆ ئەنجامدانی حەج یان عومرەی سوننەت بەبێ مەحرەم، زۆربەی زانایان لە حەنەفییەکان، مالیکییەکان، حەنبەلییەکان و زۆرێک لە شافیعییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە حەرامە و دروست نییە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بە وردبوونەوە لە بەڵگە و دەقە ئایینییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی پێگە و تایبەتمەندیی ئافرەت، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بۆچوونی وایە؛ وا باشترە ئافرەت بەبێ مەحرەم گەشتی عومرەی سوننەت نەکات، لە جیاتی ئەوە خێر و سەدەقە بکات باشترە و خێری زیاتری پێ دەگات، مەگەر ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە ئافرەتێک و کەسێکی متمانەپێکراو بەیەکەوە گەشت بکەن. لە هەموو بارودۆخێکیشدا، بۆ ئافرەتی بە مێرد دروست نییە بێ ئیزنی مێردەکەی سەفەری عومرە بکات، ئەو مۆڵەتپێدانە واجبێکی شەرعییە.

لێدوانی فەرمی: د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، پێویستە عومرەکاران و سەرقافڵە و مورشیدەکان چەند تێبینییەکی شەرعی لەبەرچاو بگرن و بیریان دەخەینەوە کە گەشتی عومرە؛ گەشتێکی شەرعیی پیرۆزە نەک سەیران و گەشتوگوزار، بۆیە پێویستە موسڵمان بە نییەتی عیبادەت و خۆخاوێنکردنەوە گەشت بکات و بە هەموو هەوڵێک هەیبەتی ئەو مەقامە بپارێزرێت.

پەیوەست بەم بابەتە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانێت:

٠ ئافرەتان لەو گەشتەدا، بەتایبەت لە ناو پاس، فڕۆکە و هاتووچۆکانیاندا، ڕەچاوی ئادابی شەرعی و خۆپارێزی بکەن و تێکەڵی پیاوی نامەحرەم و هاوسەفەرەکانیان نەبن؛ بۆ کاری پێویست نەبێت، نزیک نەبنەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی پیاوان، تەنانەت لەگەڵ سەرقافڵە، مورشید و بەرپرسانی کارگێڕیی گەشتەکەش.

٠ ئافرەتان دروست نییە خۆیان جودا بکەنەوە لە قافڵەکانیان یان بەجێ بمێنن و لەگەڵ قافڵەی دیکە بگەڕێنەوە، هەروەها پێویستە ئافرەتان بەتەنیا هاتووچۆ نەکەن، بۆ ئەوەی دوور بن لە فیتنە و بەتاڵبوونی کردەوە باشەکانیان.

٠ زیارەتی بەردە ڕەشەکە یان نزیکبوونەوە لە کەعبە و مەقامی حەزرەتی ئیبراهیم (د.خ)، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا سوننەتن، بەڵام ئەگەر لەبەر قەرەباڵغی، ئەزیەتی یەک موسڵمانی تێدابوو یان بەرکەوتنی لەگەڵ نامەحرەم هەبوو، ئەو زیارەتە دروست نییە، بەتایبەت بۆ ئافرەتان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ