کەرکووک؛ گەنجێک لەسەر جامانە و ئاڵای کوردستان دەستگیر دەکرێت

شەیری بکە لە:
کەرکووک؛ گەنجێک لەسەر جامانە و ئاڵای کوردستان دەستگیر دەکرێت

وێنەی ئەو گەنجەی لەسەر پۆشینی جامانەی کوردی دەستگیرکرا

ئاڤا نیوز

پۆلیسی کەرکووک گەنجێکی کوردیان بەهۆی پۆشینی جامانە و هەڵگرتنی وێنەی شەهیدێک دەستگیر کرد و بەزۆر بەڵێننامەی "هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان"یان پێ پڕکردەوە.

چیرۆکی سەرەکی: عەلی مستەفا حەمە ئەمین، شەوی 02 لەسەر 03ـی شوباتی 2026، دوای گەڕانەوەی لە پرسەی شەهیدێک لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی ژنێکی دراوسێیان دەچێتە نەخۆشخانەی ئازادی. لەوێ لەبەر ئەوەی جامانەی لەمل بووە و وێنەی شەهید ئەحمەد هێمنی بە سینگەوە بووە، لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیس بە پلەی عەقید و بە فەرمانی فەرماندەی پۆلیس دەستگیر دەکرێت.

- دوای چەند کاتژمێرێک مانەوە لە بنکە، بە مەرجی واژۆکردنی بەڵێننامەی "هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان" ئازاد کراوە.

لێدوانی فەرمی: عەلی مستەفا، ئەو گەنجەی دەستگیر کرابوو بە ئاڤای ڕاگەیاند: لە بنکەی پۆلیس مامەڵەیەکی ناشرینیان لەگەڵ کردم، وێنەی شەهیدەکەیان لە یەخەم کردەوە و جامانەکەیان لێ سەندم. بەزۆر بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکردمەوە کە جگە لە ئاڵای عێراق لە هیچ شوێن و بۆنەیەکدا بۆم نییە ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە، تەنانەت هەڕەشەیان لێکردم ئەگەر بۆ ڕاگەیاندن قسە بکەم دووبارە دەستگیرم دەکەنەوە.

باکگراوند: شاری کەرکووک لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دۆخێکی ئەمنیی تایبەتی بەسەردا سەپێنراوە کە تێیدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بەکارهێنانی سیمبولە نەتەوەییەکان چەندین جار ڕووبەڕووی ڕێگری و دەستگیرکردن بووەتەوە. هەرچەندە ئێستا پارێزگارێکی کورد (ڕێبوار تەها) لە شارەکەدایە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان کە زۆربەیان سەر بە حکومەتی فیدراڵین، بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ڕێکارە توندەکان بەرامبەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ