لە چەند پارێزگایەکی عێراق قەیرانی کەمی بەنزین سەرهەڵدەدات

شەیری بکە لە:
لە چەند پارێزگایەکی عێراق قەیرانی کەمی بەنزین سەرهەڵدەدات

دیمەنی قەرەباڵغی یەکێک لە بەنزینخانەکانی کەربەلا. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق بەگشتی و بەتایبەتیش لە نەجەف و کەربەلا و بابل قەیرانی بەنزین سەری هەڵداوە، بەرپرسانی حکومەتی عێراقیش دەڵێن، کێشەکە کاتییە و بەهۆی زیارەتی شەعبانییەوە ڕوویداوە.

ببینە و ببیستە: بەشێک لە شۆفێرانی نەجەف و کەربەلا خۆیان ڤیدیۆی وەستان لە سەرەی درێژی وەرگرتنی بەنزینیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، نەیانتوانیووە بەنزین وەربگرن.

بەوتەی شۆفێران دەبوایە پاڵاوگەی کەربەلا پێداویستی پارێزگاکە بۆ بەنزین دابین بکات، بەڵام بەنزینخانەکان بە کەمتر لە توانای خۆیان کاردەکەن، ئەوەش وایکردووە ئەوانەشی بەنزین وەردەگرن، بڕێکی کەمیان وەرگرتووە.

کاریگەریی و لێکەوتەکان: کەمی بەنزین کاریگەری لەسەر هاتووچۆی هاووڵاتیان هەبووە، بەتایبەتیش کە پارێزگای نەجەف چەند ڕۆژی ڕابردوو پێشوازیی لە ملیۆنان زیارەتکار کرد و ئێستا کەمی بەنزین گرفتی بۆ هاووڵاتیانیش دروستکردووە.

لێدوانی فەرمی: ئیسرا نەسراوی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا ڕایگەیاند، کێشەی کەمبوونەوەی بەنزین لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق کاتییە و بەهۆی زیارەتی ملیۆنی و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلەوە بۆ شوێنە ئاینییەکانی نەجەف و کەربەلا ، ئەوەش جگە لە هاتنی هەزاران خێزان بۆ شوێنە ئاینییەکان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان.

بەوتەی نەسراوی لە کۆگاکاندا بڕی پێویستی بەنزین هەیە و قەیرانی بەنزین نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە کەمبوونەوەی بەنزینە بەهۆی زۆری خواست لەسەری و کاتییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ