هەموو شتێک لەبارەی پارەدانی پسوولەی کارەبا لەڕێگەی جزدانی ئەلیکترۆنی یان پارەدانی دیجیتاڵییەوە

شەیری بکە لە:
هەموو شتێک لەبارەی پارەدانی پسوولەی کارەبا لەڕێگەی جزدانی ئەلیکترۆنی یان پارەدانی دیجیتاڵییەوە

سەکۆیەکی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵیی "ئی-پسوولە"

ئاڤا نیوز

هەموو شتێک لەبارەی "ئی-پسوولە"، بۆ ئەوەی هەر لەڕێگەی مۆبایلەکەتەوە پارەی وەسڵی کارەبا بدەیت و ناچار نەبیت بچیتە فەرمانگەی کارەبا و لە نۆرەی دوورودرێژدا سەرە بگریت.

سەرەتا "ئی-پسوولە" چییە؟ سەکۆیەکی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵییە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەردەست خراوە و حکومەت خۆی سەرپەرشتیی دەکات، هەروەها بەفەرمی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند کراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و بازرگانان بە شێوەیەکی پارێزراو، ئاسان و خێرا، لەڕێگەی چەند سەکۆیەکی دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبا بدەن، تەنیا بە چەند کلیکێک و بێ ماندووبوون.

دەتوانیت هەمان ئەو بڕە پارەیەی کە لەڕێگەی کورتەنامەوە بەرامبەر بەکارهێنانی کارەبای پڕۆژەی ڕووناكی بۆت دێتەوە، لەڕێگەی "ئی-پسوولە"وە بدەیت.

لە ئێستادا دەتوانیت پارەی دوو خزمەتگوزاریی وەزارەتی کارەبای پێ بدەیت؛ یەکەم: بڕی پارەی ئێستا کە لە پڕۆژەی ڕووناكی بەکارت هێناوە، دووەم: قەرزی پێشوو کە پسوولەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناكی نیشان دەدات.

دوو ڕێگەی سەرەکی بەردەستن بۆ ئەوەی پارەی پسوولەکەت بدەیت:

یەکەم: لەڕێگەی سێ جزدانی ئەلیکترۆنی کە هاوبەشی "ئی-پسوولە"ن، ئەوانیش: فاست پەی، ئاسیا پەی و ناسواڵێت؛ لە داهاتووشدا جزدانی دیکە دێنە ناو پڕۆژەکەوە.

دووەم: لەڕێگەی بانکە هاوبەشەکانی "ئی-پسوولە" کە ئەوانیش: ئێف ئای بی (FIB)، بانکی جیهان و ئێن بی ئای (NBI).

شێوازی پارەدانەکە زۆر ئاسانە و بە پێنج هەنگاو دەکرێت:

1. سەرەتا بژاردەی "ئی-پسوولە" لەنێو یەکێک لە جزدانە ئەلیکترۆنییە هاوبەشەکان یان بانکە هاوبەشەکان بکەرەوە.

2. لە لیستی پسوولەکاندا، وەزارەتی کارەبا هەڵبژێرە، ئینجا بژاردەی (بڕی پارەی ئێستا بدە) هەڵبژێرە بە مەبەستی پارەدانی پسوولەی مانگانە.

3. خانەیەک دەبێتەوە کە تێیدا "ژمارەی هاوبەشی کارەبا" دەنووسیت، کە لەسەر وەسڵی ئاسایی کارەبا هەیە، یان تیمەکان لەسەر پێوەری کارەباکە نووسیویانە.

4. لاپەڕەیەک دەبێتەوە کە وردەکاریی قەرزی کارەبای ماڵەکەت یان شوێنە بازرگانییەکەی تێدایە، ئینجا (بڕی پارەکە بدە) هەڵبژێرە بۆ بەردەوامبوون.

5. لە کۆتاییدا پسوولە دیجیتاڵییەکەت ببینه و هەڵیبگرە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرە و هیچ بڕە پارەیەکی زیادە نادەیت، جگە لەوەش زانیارییەکان و ڕەسیدی ناو هەژمارەکەت، پارێزراو و باوەڕپێکراون. لەوەش گرنگتر، ٢٤ کاتژمێر بەردەستە و وەک پارەدانی ناو فەرمانگەکان نییە کە تەنیا لە کاتی دەوامی ئاساییدا بێت.

هەندێک پرسیار:

ئایا کەسێک دەتوانێت پارەی پسوولەی هاوبەشێکی تر بدات؟

بەڵێ، دەتوانێت، بەو مەرجەی ژمارەی هاوبەشی کارەبای هەمان ئەو کەسە بنووسێت کە دەیەوێت پارەکەی بۆ بدات.

ئایا دەتوانیت بەشێک لە قەرزی کارەباکەت بدەیت؟

بەڵێ دەتوانیت، هەروەها ئەگەر خزمەتگوزاریی پارەدان بە قیست بەردەست خرا، دەتوانیت بە قیست قەرزەکە بدەیتەوە.

دڵنیا بن "ئی-پسوولە" بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت خۆکارانە پارە لە هەژمارەکەت ببات؛ پارەدانی پسوولە تەنیا لەو کاتانەدا دەبێت کە خۆت دەتەوێت و ڕێگە بە گواستنەوەی پارەکە دەدەیت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ