لە چەمچەماڵ مەترسی لەسەر ژیانی سەدان قوتابی هەیە لەکاتی دەوام

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

لە قەزای چەمچەماڵ کەرتی پەروەردە لە بارودۆخێکی مەترسیدایە؛ 11 قوتابخانە لە کابینەدان و بینای 12 قوتابخانەی دیکەش مەترسیی داڕمانیان لەسەرە، بەڕێوەبەری یەکێک لەو قوتابخانانەش هۆشداری لە ڕوودانی کارەسات و کەوتنەوەی قوربانی دەدات.

چیرۆکی سەرەکی: قوتابخانەی خاک لە چەمچەماڵ یەکێکە لەو ناوەندە خوێندنانەی کە ژیانی سەدان قوتابی تێدا لە مەترسیدایە. بینای قوتابخانەکە کە پێشتریش بێكەڵك ببوو، دوای لافاوەکەی ئەم دواییە زیانی زۆرتری بەرکەوتووە و دیوارەکانی مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە.

سەرەڕای نالەباریی بیناکە، هەزار و 400 قوتابی لە چوار دەوامی جیاوازدا تێیدا دەخوێنن. بەرپرسانی قوتابخانەکە و پەروەردەی شارەکە دەڵێن چەندینجار داوای نۆژەنکردنەوەیان لەو کۆمسیۆنە کردووە کە بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتووانی چەمچەماڵ پێكهێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە، لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت بەشێکی زۆری پارەی کۆمسیۆنەکە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی تەرخان کراوە.

لێدوانی فەرمی: بێستوون عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەی خاک بە ئاڤای ڕاگەیاند: دەترسم ڕۆژێک دیوارێک بڕوخێ و قوربانیی لێ بكەوێتەوە. چەندینجار داوای نۆژەنکردنەوەمان کردووە بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: قاسم عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لەسەر دۆخی گشتیی قوتابخانەکان بە ئاڤای ڕاگەیاند: 11 قوتابخانە لە کابینەدان، بینای 12 قوتابخانەش مەترسیی داڕمانیان لەسەرە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی خێرا هەیە. داوامان لە کۆمسیۆن کردووە لەو بڕە پارەیەی زیادی کردووە هاوکاری بکرێین بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ