ژیریی دەستکرد.. لە سیاسەتەوە بۆ جەنگ

گرافیکی ئاڤا نیوز

گرافیکی ئاڤا نیوز

بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک وێنەی نیوودی تایلۆر سوێفت زۆرکەسی تووشی شۆک کرد: چۆن دەبێت سکاندەڵی وا بە سەر گۆڕانیبێژی وا ئاستبەرزەدا تێپەڕێت!؟ هەر زوو ڕاگەیێنرا کە وێنەکان ڕاستی نین، بەڵکو بە ژیریی دەستکرد، پڕۆگرامی دیپفەیک درووست کراون. 


ئەمجارە شۆکی یەکەم جێگەی خۆی بۆ شۆکی دووەم چۆڵ کرد: چۆن دەبێت وێنەکان هێندە لە ڕاستی بچن کە هیچ گوومان لە درووستییان نەکەین!؟


 تا ئێرە بابەتەکە زیاتر پەیوەندی بە تایلۆر و تەکنۆلۆژیاوە هەبوو، بەڵام هەر زوو بۆ ناو کایەی سیاسەت گوێزرایەوە. ئەمەش بەوەی کۆشکی سپی پشتگیریی خۆی بۆ پارێزراویی مافە کەسییەکان لە بەرامبەر بەکاربردنی ژیریی دەستکرددا دەربڕی. 

 

دواتر سەرەنجی هەواڵەکان گوێزرایەوە بۆ ئیتالیا. جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند لەبەر بڵاوبوونەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی پۆرنی کە بە دیپفەیک درووست کراون، لە دادگا داوای قەرەبوویەکی سەد هەزار یۆرۆیی دەکات. بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش لە سەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران. ئەو پێی وایە مەبەست لە درووستکردنی گرتە ڤیدیۆییەکان زیانگەیاندن بووە بە ناوبانگە سیاسییەکەی. بابەتەکە هێشتا لە دادگایە و یەکلا نەبووەتەوە؛ بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە یەکلا بووەتەوە ئەوەیە ژیریی دەستکرد پێی ناوەتە ناو سیاسەت، چ بە باش وەک پشتیوانیی کۆشکی سپی، چ بە خراپ وەک هەوڵدان بۆ ڕووشاندنی کەسایەتیی مێلۆنی. 

 

پاشان سەرنجەکە گوازرایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بە دیارییکراویش بۆ غەززە. هەواڵە سەرەکییەکە ئەوە بوو ئیسرائیل لە دیاریکردنی دەیان هەزار ئامانج لە کاتی هێرشکردنە سەر غەززە پشتی بە ژیریی دەستکرد و بەرنامەی لاڤێندەر بەست و بەردەوامیشە. لاڤێندەر کەسانی چەکدار و میلیشیا لە ناو زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتوووی غەززە دەناسێتەوە و دەیانکاتە ئامانج ـ پڕۆسەیەک کە هەندێکجار کەمتر لە بیست چرکەی خایاندووە. لە ڕاستیدا، بەرزیی ڕێژەی قووربانیانی سڤیل لە هێرشەکاندا سەرکەوتوویی ئیسرائیل لە بەکاربردنی لاڤێندەر دەخاتە ژێر پرسیار. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەم هەواڵە پرسی ژیریی دەستکردی لە سیاسەتەوە بۆ ناو کایەی سەربازی گواستەوە. ئێستا ئیدی ژیریی دەستکرد تەنیا دیپفەیک نییە کە بۆ گاڵتە یان بە گاڵتە کەسایەتیی مرۆڤەکان بڕووشێنێت، بەڵکو ڕاستییە و بە جیدی گیانی مرۆڤەکان دەکێشێت  ـ جا بە ڕاستی بێت یان بە هەڵە، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست. 

 

نموونەیەکی دیکە لە بەکاربردنەکانی ژیریی دەستکرد، سوودوەرگرتنیەتی لە بەڕێوەبردنی گەورەترین پڕۆسەی هەڵبژاردنی جیهان لە هیندستان. ژیریی دەستکرد هەم لە ڕێکخستنی ئەو هەموو قەرەباڵخییە سوودی لێوەرگیراوە و هەمیش لە دیزاینکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردن کە دەیان ملیۆن دۆلار تەنیا لەو ڕێکلامانە خەرج کراوە کە پشتیان بە ژیریی دەستکرد بەستووە. لە سایەی ژیری دەستکرد، پارتە سیاسی و بەربژێرەکان جوانتر لە هەر کاتێکی دیکە دەتوانن وێنە و ڤیدیۆ بۆ بانگەشەکانیان درووست بکەن و باشتر لە هەر کاتێکی دیکەش دەنگی خۆیان، بە زمانی بەردەنگەکانیان، بگەیەنن. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە؛ بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پارتی بهاراتیا جاناتا، سەرنجی زۆری ڕاکێشا. مۆدی لە ڤیدیۆکەدا سڵاوی خۆی دەگەیێنێتە چەند کەسێک کە هاوڵاتی ئاسایین و بە تایبەتی ناویان دەبات. ئەمە واتە وەک چۆن چاوەکان بە وێنە فەیکەکان دەخەڵەتێن، دەشێت ئاواش گوێکان بە درۆکان بخەڵەتێن ـ بە واتایەکی دیکە، ژیریی دەستکرد تەنیا بزوێنەری هەست و سۆز نییە، بەڵکو دەشێت ئاراستەکەری بیر و بۆچوونەکانیش بێت. 

 

نوێترین نموونەی ژیریی دەستکرد، ناوچەیی نییە، بەڵکو جیهانییە و بابەتەکە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەموو جیهان نیشان دەدات: ئەمریکا داوا لە ڕووسیا و چین دەکات بڕیاری بڵاوەپێکردنی چەکە ئەتۆمییەکانیان نەدەنە دەست ژیریی دەستکرد. بە دەستەواژەیەکی دیکە، ئەمە واتە: ژیریی مرۆیی خۆتان بە ژیریی دەستکرد مەگۆڕنەوە. بەم پێیە، ئەگەری ئەوەی کە کارەساتی وەک هیرۆشیما، یان هەڵەی وەک چێرنۆبڵ دووبارە ببنەوە، ئەگەرێکی بەهێزە؛ چونکە ئەگەر ئەوە لە مرۆڤی خاوەن ویژدان و ژیری وەشابێتەوە، دەشێت لە ڕۆبۆتەکانیش بوەشێتەوە. 


لە ڕاستیدا، بەشێکی زۆری پێداپەرمینی حکومەتەکان بە ژیریی دەستکرد لەوەوە دێت کە متمانەیان بە ژیریی خۆیان کەمتر و بەو ژیرییەی کە خۆیان درووستیان کردووە زیاترە. هەڵبەت، ناشێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت کە تواناکانی ژیریی دەستکرد لە زۆر بواردا لە توانا مرۆییەکان لە پێشترن و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیشدا ناکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو لاوازییانەوە کە هەر مرۆڤێک هەیەتی؛ وەک: برسییەتی، خەواڵوویی، هەستیاری، پەرۆشی و زۆر شتی دیکە. بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە بڕیاردان لە سەر چارەنووسی مرۆڤ کە پڕە لەو لاوازییە ئاسایی و سرووشتییانە بدرێتە دەست ئامێرێک کە لە هەموو ئەوانە خاڵییە – ئەمە دادپەروەرانە نییە.  

 

ژیریی دەستکرد بە سیاسەت دەستی پێ کرد؛ هەوڵ و هیواکانیش بۆ ئەوەن بە شەڕ کۆتایی نەیەت - بە تایبەت شەڕێک کە خۆشی لە ناو ببات و گۆی زەوی بۆ قۆنا‌غەکانی پێش ژیریی دەستکرد بگەڕێنێتەوە. لەم بارەیەوە، هێشتا هەموو شت لە سەرەتا و ناڕوونە؛ بەڵام ئەوە ڕوونە کە هەندێک بنەما هەن مرۆڤایەتی بۆ دەربازبوون لە قەیرانە جیهانییەکان سوودی لێوەرگرتوون و ئەمجارەش دەتوانێت پەنایان بۆ ببات و خۆی ڕزگار بکات، لەوانە: ئەخلاق.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: