هات.. دەستی ئاوەدانی مەسرور بارزانی بەرەو سلێمانی هات

هات.. دەستی ئاوەدانی مەسرور بارزانی بەرەو سلێمانی هات

یەكێكی تر لە پڕۆژە گەورەكانی كابینەی نۆ بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران مەسرور بازانی لە ماوەیەكی كەمی دیاریكراودا بە فول كواڵیتی بە ئەنجام گەیشت.

دووسایدی گۆمەسپان - سماقوڵی، یەكێك لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بۆ لەمەودوا كۆتایی بە چەندین ساڵ لە ڕێگای سەختی هاتووچۆی پڕ لە مەترسی هاووڵاتیان لە  نێوان سلێمانی و هەولێری پایتەختدا دەهێنێت.

ساڵەهایە ئەم ڕێگایە كە ڕێگای سەرەكی هاتووچۆی بەشێكی زۆر لە شۆفێران و گەشتیاران و سەردانكەرانی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕینە بەرەو هەولێری پایتەخت، بەدەست خراپی و یەك سایدی و ڕیسكی هاتووچۆوە دەناڵێنێت. جگە لەوەی ناوچەیەك بوو سەرەڕای جوانی و ناوازەییەكەی بەباشی سوودی لێ نەبینرابوو، بەڵام ئەوەتا ئەمرۆ لەسەر دەستی سەرۆكوەزیرانی هەمووان، مەسرور بارزانی، بۆ ڕێگایەكی ستراتیژی دووسایدی ئاسان و سەلامەت بۆ هاتووچۆ، هەروەها بۆ ناوچەیەكی پڕ لە ژیان و ئاوەدانی گۆڕدرا.

ئەمەش لە یەك كاتدا خزمەتە بە هەموو ناوچەی سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین تا دەگاتە كەسنەزان و هەولێری پایتەخت. 

بیرتانە ئەمە بەڵێن بوو؟

بەم پڕۆژەیە و چەندین پڕۆژەی تر، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی وەك هەمیشە یەكێكی تر لە بەڵێن و دیدگا ستراتیژیەكانی خۆی چەسپاند. ئەو دیدگایەش ئەوەبوو كە پێشتر ڕایگەیاندبوو: كوردستان هەمووی لای ئەو یەكە و لای ئەو شتێك نییە بەناوی دوو زۆن یا دوو ئیدارە، بەڵكو هەرێمی كوردستان هەمووی هەر یەكە و خاوەنی یەك حكومەت و یەك دیدگای ستراتیژی ئاوەدانی و پێشخستنە ئەو تەنیا سەرۆكی حكومەتی هەولێر نییە، بەڵكو هی هەموو كوردستانە.

تەواوكردنی ڕێگای سماقوڵی - گۆمەسپان لە پاڵ پڕۆژەكانی دیكەی كابینەكەی مەسرور بارزانی سەرخستنی ئەو دروشمەی هەڵبژاردنەكانی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانیشە كە مەرجەعی باڵای كوردستان سەرۆك بارزانی ڕایگەیاندبوو: بۆ لەمەودوا یەك حكومەت، یەك هەرێم، یەك هێزی پێشمەرگەمان دەوێت".

بێگومان ڕێگای سماقوڵی - گۆمەسپان لە سلێمانیەوە تا هەولێر دەبێتە دەستپێكی جێبەجێكردنی ئەم دروشمە نەتەوەییە باڵاو پیرۆزە.

بەم پڕۆژە ناوازەیەی نێوان هەولێر و سلێمانی ئیدی سێبەری یەك دەستی ئاوەدانی بە سەر هەموو كوردستاندا باڵدەكێشێت و شتێك نامێنێت بەناوی دوو زۆن و دوو ئیدارە. هەروەها كۆتاییش بەو خەونە نەزۆكانە دێت كە ویستیان و دەیانەوێت كوردستان لەت لەت بكەن و سلێمانی بەقەولی خۆیان جیا بكەنەوە! ئیدی ئەو خەونە شەیتانیە بۆ هەتا هەتایە لەگۆڕنرا.

بۆ لەمەودوا ڕێگا ستراتیژیەكان لە سلێمانیەوە تا گۆمەسپان لە سماقوڵی تا كەسنەزان لەوێوە تا هەوڵیری پایتەخت و لە هەولێرەوە تا دهۆك و زاخۆ، نەتەوەیەك بەیەكەوە دەبەستێتەوە و هیچ هێزێكی نە دەرەكی و نە ناوخۆیی نییە بتوانێت هەولێر و سلێمانی لەیەك داببڕێت.

بەتەواو كردنی ئەم ڕێگایە تەنیا پڕۆژەیەكی ئەندازەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵكو  یەكێك لە بەڵێنە ستراتیژیە گەورەكانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بە ئەنجام گەیشتووە كە دەبێت مۆدێلی ئاوەدانی دهۆك و هەولێر لە هەموو كوردستان جێ بەجێ بكرێت.  

ئەم ڕێگا دووسایدە گەیشتنی شارەكانی ئیدارەی ڕاپەرین و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە هەولێری پایتەخت ئاسان دەكات و تووندوتۆڵ بەیەكیانەوە دەبەستێتەوە.

دواقسە:

ئەم ڕێگا ستراتیژیە لەگەڵ خۆیدا مژدەی باڵكێشانی دەستی ئاوەدانی سەرۆكوەزیرانی خۆڕاگر مەسرور بارزانی، بۆ سلێمانی و دەوروبەری هێناوە.

دیدگای مەسرور بارزانی ئەوەیە هەموو كوردستان بە ڕێگای ستراتیژی مۆدێرن تووند بەیەكەوە ببەستێتەوە. بۆیە ئەم پڕۆژە ستراتیژیانەی ڕێگەوبان بەردەوام دەبن و لە داهاتوودا ناوچەكانی هەڵەبجە و هەورامان تا دوا خاڵی سنووری هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. 

بەو هیوایەی دەسەڵاتدارانی ناوچەكەش ئاسانكار و هاوكار بن بۆئەوەی مۆدێلی ئاوەدانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان لە هەموو شوێنێكی دیكەی كوردستان بە ئەنجام بگات و بیری تەسكی حیزبایەتی و ململانێی سیاسی ڕێگرنەبێت لەوەی نەخشەی یەك هەرێم، یەك ئیدارە، یەك ئاوەدانی، لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ ببێت.

شەیری بکە لە: