ئێوارە بوو عەتای چواردە ساڵان... بوو بە مانگی چواردە
- بیروڕا
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش

بیروڕا
ئاڤا نیوز
لەسەر زاری شایەتحاڵێکەوە ئەم چیرۆکە ناخهەژێنەتان بۆ دەگێڕمەوە:
ساڵی 1986 بوو، دەرکەی ئاسنینی شورای زیندانی شوعبەی سێی بەعسی عرووبە کرایەوە، کەسوکاری زیندانییان ڕێیان پێدرابوو سەردانی پیاو و کوڕە گیراوەکانیان بکەن. عەتای چواردە ساڵانیش کە چاوێکی کردبوو بە چوار، لە دوورەوە دایکی بینی و هاواریکرد: دایە ! دایە گیان !
لەناو ئەو خەڵکەدا ژنێکی ڕەشپۆش، دووچڵ ئێسک و چاو، بە گریان ئاوڕی دایەوە و هاواریکرد: دایە بەقوربانت بێت... باڵی گرت و بەچاوتروکانێک گەیشتە لای عەتا، توند باوەشیانکرد بەیەکدا و لە سووچێکدا دانیشتن.. عەتا کاریلەیەکی زامدار و هەڵاتووی چنگی ڕاوچییەکی بێبەزەیی بوو، بەهەنسک و گریانەوە، سەریکرد بە بن باڵی دایکیدا و پڕ بە سییەکانی بۆنی دڵنیایی هەڵمژیی، کە چەند هەفتەیەک بوو لێی بێبەشبوو.. بە گەرووی پڕ لە تاسە و گریانەوە وتی: دایە لێیاندام... زۆریان لێدام... ببینە چۆن هەموو گیانمیان شین و مۆرکردۆتەوە... بەخوا من هیچم نەکردووە، نازانم بۆچی لێم دەدەن! دایە گیان لێرە جێم مەهێڵە... لەگەڵ خۆت بمبەرەوە بۆ ماڵەوە.. زۆر ئەترسم، برسیمە، سەرمامە، ناتوانم بخەوم.
دایکە بەدەم گریانەوە، ژێر پێ ئاوساوەکانی عەتای ماچدەکرد و تووند لکاندی بە سەر گۆنای تەڕییەوە تا کەمێک لە ژان و ئازارەکانی هەڵمژێ بۆ ناو ناخی خۆی، سەری لەرزۆکی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هاواری کرد: خودایە ئێمە تاوان و گوناهمان چییە وامان بەسەردێت؟ هەر لەبەر ئەوەی کوردین دەبێ ئەم مەینەتیە بچێژین؟!.
پاش کەمێک چەتەوڵەکەی بەعس هاتە ژوورەوە و نەڕاندی: مواجەهە و سەردان تەواو بوو... یەڵڵا هەستن بۆ دەرەوە.. دایکی عەتا بڕیاری دابوو نەچێتە دەرێ، چونکە دەیزانی بە چوونە دەرەوەی ئیتر جارێکیتر جگەر سۆزەکەی نابینێتەوە. توند باوەشی کردەوە بە عەتادا، لەپشت خۆیەوە شاردییەوە و لەجێی خۆی نەجوڵایەوە. دەستە دەستە کەسوکاری زیندانییان بە ناچاری هەستان و مەیدانیان چۆڵکرد و دەرچوون.. تەنها دایکی عەتا مابوو نەیدەویست عەتەکەی جێ بهێڵێ، عەرەبیی نەدەزانی، بە کوردی و بە ئیشارەت بە سمێل بابڕەکەی وت: با من لێرە بم و عەتا بچێتە دەرەوە!.. ئەو دڵ مردووە، نەڕاندی بەسەریدا: هەستە بڕۆ دەرەوە دەی.. بە فەرمانی سەید الرئیس دەبێ عەتا لێرە بمێنێتەوە. دایکی عەتا هیچ چارەی نەما و وەک هەر شێرە ژنێکی کورد ڕووی کردە جگەرسۆزەکەی و پێی وت : کوڕم عەتا گیان خۆ ڕاگربە ئەمە قەدەری ئێمەی کوردە بەدەست ئەم زاڵمانەوە. هێشتا قسەکەی تەواونەکردبوو کە بە پرچ ڕاکێشان و بە جوێندان و پێلەقە، بەبەرچاوی هەموومانەوە بردیانە دەرێ.
دوو مانگ پاش ئەو سەردانە، سەدان گەنج و مێردمنداڵی بێ تاوانی کورد بەرەو پەتی سێدارە بەڕێکران .. یەکێ لەوانە عەتای وردیلە و لاواز و بێ کێش بوو.. شەوێک پێشتر دەیپرسی: عیدام یەعنی چی؟ ئەو بەستەزمانە نەیدەزانی ئیعدام چییە و چۆن دەکرێت. عەتای بێ تاوان تا ئەوساتەش کە پەتییان کردە ملی نەیدەزانی چی ڕوودەدات، أبو ویدادی ڕوحکێشی کوردان باوەشی پیاکرد و هەڵیبڕی کە بیخاتە سەر سەکۆی سێدارەکە، بینیی کێشی جەستەی عەتا ئەوەندە کەمە گومانی هەبوو لەوەی بەبەربوونەوەی بۆ ناو چاڵەکەی ژێر پێی، پەتەکەی ملی بیخنکێنێ. مێشکی خوێنڕێژانەی بەعسیانەی خۆی خستە کار و هەردوو قاچی عەتای بە قایشێک پێچایەوەو گرێیدان بەو بوتڵە غازەی لە ژووری لەسێدارەدانەکەدا بوو، لەگەڵ کردنەوەی دەمی چاڵەکەی ژێر پێی عەتا، بوتڵەغازە قورسەکە جەستەی عەتای لەگەڵ خۆیدا ڕاکێشا و گەردنی ناسکی ئەو بەستەزمانە پچڕا. عەتا بەبێ دەنگی و بەبێ ئاگا، دنیای نەگریسی پڕ چەوسانەوەی جێهێشت و ڕۆحی پاک و بێگەردی چواردە ساڵانی بەرز بەرز فڕی و لە ئاسمانی ئازادیدا بوو بە مانگی چواردە و لەوساوە تا ئێستا بە تریفەی خۆی حەوش وسەربانی ماڵی دایکی هەموو شەهیدانی کوردستان ڕۆشندەکاتەوە!
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

کاتێک ئاڤا بووە پێشەنگی کاری نیشتمانی و مرۆیی
20 کانوونی یەکەم
خودا قبووڵی كردبێت
19 کانوونی یەکەم

کۆبوونەوەی هەزار لیژنە، نە برسییەک تێر و نە بێ بەرگێ پۆشتە دەکات
16 کانوونی یەکەم

ئەوەی لافاو سەر ئاوی خست!
14 کانوونی یەکەم

ئاڤا میدیا زیاتر لە میدیایەک
13 کانوونی یەکەم

میدیای کاریگەر دەبێت وەک ئاڤا لەناو خەڵک و دەنگی خەڵک بێت
12 کانوونی یەکەم

ئاڤا لە سەکۆیەکی میدیاییەوە، بۆ بنکەیەکی بەخشش و کۆمەک
12 کانوونی یەکەم

ئاڤا میدیا ئەنجامی دا
12 کانوونی یەکەم

چەمچەماڵ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ؟
11 کانوونی یەکەم

دیدگای سەرۆك بارزانی بۆ ئاشتی و ئاسۆی ئابووری و سیاسیی ناوچەكە
8 کانوونی یەکەم
- بیروڕا
- 20 کانوونی یەکەم
کاتێک ئاڤا بووە پێشەنگی کاری نیشتمانی و مرۆیی
- بیروڕا
- 19 کانوونی یەکەم
خودا قبووڵی كردبێت
- بیروڕا
- 14 کانوونی یەکەم
ئەوەی لافاو سەر ئاوی خست!
- بیروڕا
- 13 کانوونی یەکەم
ئاڤا میدیا زیاتر لە میدیایەک
- بیروڕا
- 12 کانوونی یەکەم
میدیای کاریگەر دەبێت وەک ئاڤا لەناو خەڵک و دەنگی خەڵک بێت





