
بیروڕا
ئاڤا نیوز
لە کەرکووکی داگیرکراودا، هەموو بەیانییەک شوناسی نەتەوەیی تاقیدەکرێتەوە و غیرەت و جوامێریی مرۆڤیش بە تەرازووی ترس پێوانە دەکرێت. لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا دەستپێشخەرییەکی لەقەبارەدا بچووک و سنووردار، بەڵام لە واتا و ڕەمزییەتدا یەکجار گەورە، لە ناو گۆڕەپانی خوێندنگەیەکی زۆر سادەی کەرکوکی داگیرکراوەوە سەریهەڵدا و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوو بە ترێند و ڕۆژەڤی سەرتاسەری. لە ماڵی هەموو کوردێکدا لە سەر شاشەی ملیۆنان مۆبایلی دەستی کوردانی هەر چوارپارچەدا، دەنگی دایەوە.
لە ڕۆژگارێکدا کە وشە و دەنگ و ڕەنگ لەتوانایاندایە هاوسەنگییەکان و ڕەوتی مێژوو بگۆڕن، خاتوو ئامەد کە مامۆستایەکی بەڕێزی خوێندنگەیەکی سەرەتایی کوردییە لە کەرکووک، دێت و بەوپەڕی دڵسۆزی و ئازایەتییەوە، دڵ و دەروونی جگەرگۆشەکانی قوتابخانەکەی بە هەست و سۆزی کوردایەتی تێراو و پاراو دەکات و وانەیەکی ئازایەتی و مەردایەتیی بە هەمووان دەدات. ئازایەتییەک کە نە کەس ئیستفزاز دەکات و نە شەڕەنگێزە و نە بەرژەوەندخواز. ئازایەتییەک کە نمایشێکی ڕووکەش نیە و لە هەوڵی درووستکردنی قارەمانێکی ساختەدا نییە، بەڵکو هەوڵێکی زۆر خۆڕسکە بۆ پیادەکردنی مافێکی سروشتی و دەستووریی وەکو کوردێک . ئازایەتیی هەوڵدانە بۆ ئەوەی شتەکان بە ناوی خۆیانەوە بناسرێنەوە و منداڵانی کورد فێرباکات کە شوناسی نەتەوەییان مافە و هەڕەشە نییە بۆ سەر کەس، بەڵکو بەخششێکی خوداییە.
مامۆستا ئامەد ڕاستییەکی زۆر سادە و لەیادکراوی هێنایەوە یادی هەمووان:"مەترسیدارترین بەربەستی سیاسی، لەبەردەم خواست و دڵسۆزیی تاکە مامۆستایەکیشدا خۆی پێ ڕاناگیرێ. لە کەرکوک و هەر شارێکی داگیرکراوی کوردستاندا، وتنەوەی گۆرانیی کوردی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان فەنتازیا و خۆنواندن نیە، بەڵکو کردە و تەحەددایەکی وجوودییە."
مامۆستا ئامەد، نە لافیتەیەکی بەرزکردەوە، نە وتارێکی سیاسیی خوێندەوە، نە پلاتفۆرمێکی میدیایی بەکارهێنا، ئەو تەنها و تەنها ئەوەی کرد کە چاوەڕێدەکرێت هەموو مامۆستایەکی ڕاستەقینەی کورد ڕۆژانە بیکات (وەک ئەوەی بە درێژایی مێژوو کردوویانە) : "بۆ ئەوەی لەنێو نەچین و بە سەری بەرزو بە شکۆوە بمێنینەوە، هەموو ڕۆژێک بەیانیان، لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵای کوردستاندا، دەروونی جگەرگۆشەکانی نەتەوە مافخوراوەکەت، پڕ لە وزە و ورەی کوردایەتی بکە."
بڵاوبوونەوەی خێرای ڤیدیۆی ئەو چالاکییە ساکارە، لە تەلەفۆن و پلاتفۆرمەکانی ئەمپەڕ بۆ ئەو پەڕی کوردستان، لەم شار بۆ ئەو شار، بەهۆی بەرزیی کوالێتیی وێنەگرتن و دەنگهەڵگرتن و مۆنتاژەکەیەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ڕەسەنایەتی و خۆڕسکییەوە بوو، چونکە منداڵ و مێژوو، کەرامەت و پەروەدە تێیدا یەکیانگرتەوە. ملیۆنان بینەر کە تا ئێستایش ڤیدیۆکە دەبینن ، تەنیا منداڵانی خوێندگەیەک نابینن کە گۆرانی دەڵێنەوە ؛ بەڵکو خودی کەرکوک دەبینن کە بە تامەزرۆوە دەردەدڵ بۆ کوردان دەکات!. زمان و ئاوازو جموجۆڵیک دەبینن و دەبیستن کە دەیان ساڵە، بە ملیاران دۆلار خەرجکراوە بۆ بێ دەنگکردن و سڕینەوەو ڕەشکردنەوەیان. هەموومان ئاڵای ڕەنگین کوردستانمان بینی، نەک بە ستوونەوە، بەڵکو لەناو هەست و هۆش و ڕۆحی منداڵانی دڵی کوردستاندا دەشەکایەوە.
ئەوەی لە ڕۆژی ئاڵادا لە گۆڕەپانی ئەو خوێندنگە کوردییەدا، لە زاری مامۆستا ئامەد و جگەرگۆشەکانییەوە بیستمان و بینیمان تەنها گۆرانییەک نەبوو، ئەوەی بینیمان تەنها جۆش و خرۆشیی و شەکانەوەی ئاڵای ڕەنگینی کوردستان نەبوو لە دەستی منداڵی کورددا، بەڵکو پەیامێکی زۆر مۆدرێن و خۆڕسک و بێ ڕتووشی نەتەوەیەکی 50 ملیۆنیی پارچەپارچەکراوی خاک داگیرکراوی ماف پێشێلکراو بوو بۆ هەموو دنیا.
هەڵبژاردنی گۆرانییەکی پڕ جۆش و خرۆش بە زاری پڕ ئاوازی لوڕی ئاشنا بە شاخ و دەشت و یادەوەریی کۆچ و قووڵی و هەمەچەشنی زمانی کوردی، پردێک و ڕایەڵەیەکی ڕۆحی بوو کە پارچەکانی جیوگرافیایەکی داگیرکراوی پێکەوە گرێدایەوە و سنوورە دەستکردەکانی تێپەڕاند و هەموو کوردی لە سایەی چەتری کوردبووندا کۆکردەوە. پەیامێک بوو بۆ یارو نەیار کە کوردستان یەک ماڵە و کوردیش یەک نەتەوەیە و خەبات و چارەنووسیشمان یەکە.
مامۆستا ئامەد و نەوەی نوێی کوردی کەرکووک، بە قووڵی ناخی ملیۆنان کوردیان ڕاچڵەکاند وهەژاند. سەلماندیانەوە کە کەرکووک دڵی کوردستانە و پێیان وتین : ئێمە لێرەین و کوردایەتی و کوردبوونمان ، یەکسانە بە کەرامەت و بوونمان.
پێیان وتین : کاتێک بە خۆشەویستییەوە منداڵان بە کوردایەتی گۆشدەکرێن، خوێندنگە ئەگەرچی سادە و بچووکیش بێت، دەبێتە نیشتمانێکی سەربەخۆ بۆ نەوەیەکی هۆشیار .
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆک بارزانی كاندید بۆ نۆبڵی ئاشتی 2026
8 شوبات

لە ژەنەراڵی چیاکانەوە بۆ ژەنەراڵی ناو کۆشکی ئەلیزێ
7 شوبات

هەرێمی کوردستان لەنێوان هەلی زێڕین و مەترسی گەورە
3 شوبات
ئێستا نۆرەی حیزبەکانە؛ پەیام و وانەکانی میللەت لە شەقامەوە
3 شوبات

شوناس و مێژووی کورد؛ لە لووتکەی چیاکانەوە بۆناو شەقامەکانی دنیا
31 کانوونی دووەم

سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار
29 کانوونی دووەم

شۆڕشی کەزی لە ئەفریقاوە بۆ کوردستان
25 کانوونی دووەم
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
25 کانوونی دووەم

کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
22 کانوونی دووەم

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
21 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 29 کانوونی دووەم
سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار





