کورد.. سفر لە سیاسەتی زمانەوانیدا

کورد.. سفر لە سیاسەتی زمانەوانیدا

هەر گەلێک بە زمانێکی جیاواز دێتە ناسینەوە کە زمانی کەونار و لەمێژینی خۆیەتی، راستە، گەلی وایش هەن زمانی سەربەخۆیان نییە، ئەمانە جۆرێکن لە گەلی سێوی (هەتیو). گەلی سێوی گەلێکە شیمانەی لەناوچوون و توانەوەی ناچارییە جا زوو یان دوور.


کورد لەو گەلانەیە بە “دەست بەزمانەوە گری” هاتوونەتە ناسین. لە مێژوودا، کورد لە دین بووبێ و لە خوێن بووبێ، لە زمان نەبووە، میناکێک بۆ ئەمە دەهێنمەوە، دەڵێن، ئەبوو جەعفەری مەنسووری دامەزرێنی دەوڵەتی عەباسی کە چوو بۆ سەردانی میسر، وەرگێڕی لەگەڵ خۆیدا برد، دانیشتوانی میسر عەرەب نەبوون، بێگومان لە میسرەوە تا وڵاتی مەغریب، ئەوانیش هەر عەرەب نەبوون، ئێستە لە مەغریبەوە بپێوی بۆ بەغدا 7 هەزار کیلۆمەتری راستەوخۆیە و هەمووی عەرەبە و بە زمانی عەرەبی دەدوێ، بەڵام شارۆکەی مەندەلی کە 160 کم دوورە لە بەغداوە، هەر بە کوردی ماوەتەوە. 


بە لای منەوە، لە ناو گەلانی بێ دەوڵەتدا، کورد بۆ پرسی زمان شۆڕەسواری بێ رکابەری مێژووە
کورد گەلێکی دەست لە زمان هەڵنەگر بووە لە دیرۆکی کۆن و نوێی خۆیدا. تورکیەی نوێ لە دامەزرانی خۆیەوە (1923) مافی خوێندن، تەنانەت زۆربەی کات مافی ئاخاوتنی بە زمانی کوردی نەداوە، بەڵام زۆرجار کە من گوێ لە پیرەژنێکی باکور دەگرم وا لە تیڤییەوە دەدوێ، یان مووسا عەنتەر و شڤانپەروەرم دێنەوە بیر، ئەسر و فرمێسکی خۆشی دەهۆنێنە بەری چاوم. کوردی رۆهەڵات بۆ یەک رۆژیش مافی زمانیان نەبووە بەڵام ئەوان لە رێی هەژار و هێمن و قزڵجی و مەلا عەبدوڵای حەسەن زادە و گۆرانیی حەسەن زیرەک و ماملێ و خالقی و رەزازییەوە هەموودەم مامۆستای زمانی کوردی بوون. کوردی رۆئاوایش هەروا، قەدری جان و جگەرخوین و محەمەد شێخۆ مامۆستای کوردیمان بوون لە تەمەنی منداڵیدا.


دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە رووسیە (1917)، کورد لە ئەرمەنستان و گورجستان دەلیڤەیەکی بچووکیان بۆ بووەوە، تۆ دادەچڵەکێیت و سەرت دەسوڕمێت ئەگەر بزانیت ئەم کەمینە کوردە ئاین ئێزدییە چییان بۆ پاراستنی زمانی کوردی کردووە کە زۆربەیشیان بە ئاوارەیی چووبوون بۆ ئەوێ.
هەرچی باشوورە، زمانی کوردی بۆ یەک رۆژیش قەدەخە نابێ و نەبووە لەم بەشەدا. من کتێبێکم لایە، مێژووی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی، ساڵی 1926 پرۆگرامی خوێندنی کوردی بووە لە عێراق. ئێمە لە باشوور خاوەنی حاجی تۆفیقی پیرەمێرد و حوسێن حوزنی موکریانی و ئیبراهیم ئەمین باڵدار بووین، ئەم سێیە بۆ زمانی کوردی، هاوشێوەی دانتی بوون بۆ زمانی ئیتاڵی، کە ئەم دانتییە بە شاکاری “کۆمیدیەی خوایەتی” زمانێکی دروست کرد. ساڵی 1970 گەورەترین هەنگاو لە پێناوی یەکەتیی زمانی کوردیدا هاتە نان، لە لایەکەوە قوتابخانە لە زۆربەی ناوچەی کوردەواریدا هاتنە بوونەوە، لە لایەکی ترەوە خوێندنی ١٢ پۆل بوو بە کوردی، مامۆستایانی کورد توانییان زانستی فیزیا و کیمیا و ماتماتیک بگۆڕن بۆ زمانی کوردی، تیایشیدا سەرکەوتنیان بەدی هێنا.
لێرەدا بە هەلی دەزانم بیرەوەرییەکی گرینگی کاک سامی عەبدوڕەحمان بگێڕمەوە کە راستەوخۆ ساڵی 1999 بۆ منی گێڕایەوە. وتی دوای رێککەوتنی ئادار بووم بە وەزیر لە عێراق، رۆژێکیان سەدام حوسێن بە دوایدا ناردم وتی: "ئەوا بە گوێرەی رێککەوتنی نێوانمان لەمەولا خوێندن بە زمانی کوردی دەبێت، بەڵام ئێوە دوو زمانتان هەیە، دەتانەوێ بە کیهایان بخوێنن؟ یان دەتانەوێ بە هەردووکیان؟"
وتی، منیش وتم "دەبێ من وەڵامی ئەم پرسیارە لە سەرووی خۆم وەرگرمەوە"، وتی رێگەی کوردستانم گرتە بەر و چوومەوە لای سەرۆک مستەفا بارزانی، وتم حاڵ و حسێبێکی وا رووی داوە.
وتی بارزانی کەمێک راما و بۆ دوور سەرنجی هەڵبڕی، ئینجا رووی کردەوە من و وتی "سامی دیتنی تۆ چییە بۆ ئەمە؟" وتی منیش وتم، قوربان ئەم پیاوە دەیەوێ دووبەرەکی بخاتە نێوانی کوردەوە، بۆیە وا چاکە بڵێین ئێمە دەمانەوێ خوێندن بە زاراوەی سۆرانی بێت. وتی، بارزانی وتی "دەمت خۆش بێ، منیش هەر وام بیر دەکردەوە".


من ئەم چیڕۆکە بۆ ئەوە ناگێڕمەوە تا یەکێک بڵێت من پێچەوانەی ئەوەم خوێندن بە شێوەی بادینی بێت، نەخێر مەبەستی من ئەمە نییە، من لەگەڵ ئەوەدام بە بادینی و بە هەورامی و هەروەها بە شێوەی کەلهوڕییش خوێندن هەبێت، هەریەکە و  لە ناوچەی خۆی. هەمووی زمانی کوردییە و ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکی کراوە و پێشکەوتوودا دەژیین، ئێمە ناتوانین ئەمجارە خۆمان بێین زمانی کوردی بچەوسێنینەوە.
مەبەستی من لە گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە ئەوەیە پێویستە کورد سیاسەتی زمانییانەی هەبێت. بە بوونی سیاسەتی زمانییانە یان سیاسەتی زمانەوانی، هەموو شێوە و دیالەکتێکی زمانی کوردی دێنە پاراستن و هەنگاوی پتەوانەیش بەرەو داهاتووی زمانێکی یەکگرتوو دێتە نان. بڕیاری سەرۆک مستەفا بارزانی ساڵی 1970، بۆ ئەو دەمە بڕیارێکی سیاسییانەی لە جێ و دروست و لۆجیکی بووە، ئێمە ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکی ترداین.


ئێستە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، نۆینگەلی تەلەفزیۆنی و وێستگەی رادیۆیی بۆ ژمارە، لە ژمارە نایەن. هەژمارێکم لە بەر دەستدا نییە بۆ ژمارەی کتێب و بەڵاوۆکی تر کە ساڵانە دێنە وەشاندن، سۆشیال میدیا و میدیای ئەلیکترۆنی با لەولاوە بووەستن. بێگومان سەراسۆیی و چاوەدێری (واتە سانسۆر) لە بارێکی وادا کارێکە لە دەسەڵات و توان بەدەرە، هەر نایشبێ داوای سەراسۆیی و چاوەدێری بکەین لەبەرئەوەی بەم کارە لە لایەکەوە رێ لە ئازادیی پیشەیی دێتە گرتن، لە لایەکی ترەوە ئەو توانست و لێهاتوویی و پسپۆڕییەیش لە گۆڕێدا نییە تا ئەم کار و ئەرکەی پێ بێتە سپارتن.
چارەسەری یەکەم و کۆتایی لەوەدایە پرۆگرامی خوێندنی 12 ساڵەکە، لە لایەن لێژنە و دەستەیەکی پسپۆڕەوە بێتە چارەسەرکردن. زمانی خوێندنێکی یەکگرتووی وا بێتە دامەزران کە منداڵی کوردستان بە ئاخاوتن و نووسینی هەر چوار دیالەکتە سەرەکییەکە رابهێنێت، هەروەها فێری هەردوو ئەلفابێی ئارامی و لاتینییان بکات.


ئەمە ئەو سیاسەتی زمانەیە کە ئەگەر بێتە راهێنان، دوای 12 ساڵ لە دەست پێکردنی، نەوە و نەویرەیەک دێتە بەرهەم، زمانی کوردی بە شێوەیەکی دروست بزانێت و بنووسێت و رێنووسێکی یەکگرتوو بەکار بهێنێت، ئەمەیش تاکە رێگەیە بۆ پاراستن، نەک هەر بۆ پاراستن، بگرە بۆ رزگارکردنی زمانی کوردی لەو گێرەیەی سەبارەت بە نەبوونی پلان و نەخشەوە ئەمڕۆ تیایدا پێچ و لوول دەدات. 


هەنگاوێکی بەم شێوەیەی وتم، کورد دەکات بە نەتەوەیەکی یەکگرتووی ساز و هۆشیار بۆ دەوڵەتداری
بەڵگەیەکی تر لە بواری "کورد، سفر لە سیاسەتی زمانەوانیدا"، ئەوەیە، لە دروستبوونی حکوومەتی هەرێمەوە (1992)، کوردێکی زۆری هەر سێ بەشەکەی تر لە هەرێمی کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن، بۆچی بیر لەوە نەهاتە کردنەوە پرۆگرامێکی تایبەتیی خوێندن بۆ منداڵانی ئەو سێ بەشە بێتە دانان. من دڵنیام، حکوومەتی هەرێم تەنیا ئحمێکی بکردایە، نووسەر و رۆشنبیر و مامۆستایانی ئەو سێ بەشە خۆیان ئەو پرۆگرامانەیان دادەنا و لایەنی مایەکییش پەیا دەبوو تا بە ئەرکی خۆی چاپیان بکات. بهاتایە و ئەمەیان بکردایە، ئەمڕۆ نەوەیەک لە کوردی ئەو سێ بەشە پێ گەییبوون، ساز و لە سەر پێ دەوەستان بۆ هەر هەلومەرجێکی داهاتووی کتوپڕ لەو بەشانەدا. ئەم هەنگاوە بە تایبەتی بۆ کوردستانی باکور و رۆئاوا خەڵاتێکی گەورەی نەتەوەیی دەبوو لە باشووری برایانەوە.

 

من نازانم ئێمە چیمان کرد؟ 
ئەوەی من باسی دەکەم، کار بوو لە بوارێکدا، لە رووی پێویستییەوە، هیچ پێویستییەکی تر شانی لە شان نەدەدا، لە رووی دەسکەوت و داهات و داهاتووەوە گرەوێک بوو تەنیا سەرکەوتنی تێدا دەهاتە بەدیکردن، لە رووی هەبوونی کادیر و پسپۆڕ و شارەزاوە هەموو بنەوایەکی سەرکەوتنی بەردەست بوو، لە رووی مایەکیشەوە هیچی وای تێ نەدەچوو تا گلەیی لە گیرفانپووتی و نەبووەیی و قەلۆشی بهاتایە کردن.
راستییەکی رووت و پەتیت لە من دەوێت؟ کورد تەنیا لە رووی هەستی بەرپرسیارەتییەوە پووت و نەبووە و قەلۆشن. هەزار جار بە داخەوە، ئەو هەل و کاتە زێڕینەمان هەموو بە فیڕۆ لە دەست رۆیی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: