هاوپەیمانێتیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی؛ سعوودیە – پاکستان

هاوپەیمانێتیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی؛ سعوودیە – پاکستان

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنی ناکۆکی و گرژییەکان، لە دەرئەنجامی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر هێز و هەژموون بووەتە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ دروستبوون و پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی ئەمنی و سەربازی لە نێوان دەوڵەتان.

 

لە کۆتایی سێپتێمبەری 2025 ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی هاوبەشی بەرگری و ئاسایش لە نێوان ڕیاز و ئیسلامئاباد ئەنجام درا کە کاردانەوەیەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا کە هێزەکانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی و دۆستایەتی نوێی ئاسایش بەهۆی ناکۆکییە قووڵە ستراتیژییەکان و ترس و نادڵنیایی پاراستنی ئاسایشی خۆیان لە ناوخۆ و لە دەرەوە، سەرەڕای هەبوونی وابەستەی کولتوری و مێژوویی، جوگرافی دەگەڕێن بە دوای گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و گۆڕانی ستراکچەری پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکانیان ئەمەش وەکو کاردانەوەیەکی بەرچاو لە بەرامبەر هێرش و هەژموونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دوای شەڕی غەززە، شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران، کۆتاجار هێرشکردنە سەر وڵاتی قەتەر لە 9-9-2025، هەر دوابەدوای ئەوە وڵاتی بەحرەین و پاکستان هاوپەیمانێتیی و هاوکاری و لێکتێگەیشتنی سەربازی و ئەمنیان ڕاگەیاند لە مەنامەی پایتەخت.

 

ئاشکرایە وڵاتانی کەنداو ترس و دڵەڕاوکێی ئاسایشیان هەیە، ئەمەش دوای ئەو زنجیرە گۆڕانکاری و ناکۆکییە هەرێمایەتیانەی لە ناوچەکە هەیە، وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی سەرەڕای هەبوونی جیاوازی و ململانێی ئایدۆلۆجی و مەزهەبی ترسیان لە هێز و هەژموون و فراوانخوازی نوێی ئیسرائیل هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

لەگەڵ ئەوەشدا نادڵنیایی و گومانیان لە هاوپەیمانێتیی ئەمریکا و هەندێ وڵاتی ئەوروپی هەیە کە لەسەر بنەمای ئابووری و وزەیە، لەبەرامبەردا ئەمەریکا گەرەنتی پاراستنیان بکات، کاردانەوەی ئەمەریکا بەرامبەر ئیسرائیل تا ڕادەیەک ڕازیبوون و ڕەزامەندی نواندنە بەرامبەر سیاسەت و ئەجێنداکانی ئەو دەوڵەتە.

 

لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە ئەمنییەکان و هاوکێشە ئاسایشیەکان گۆڕاون، لە ئێستادا چیتر جیهان بۆ دوو جەمسەری هێز دابەش نابێت بەڵکو پرسەکانی ئاسایش و سەقامگیریی چەمکی ناوچەیی و هەرێمین کە بوارەکانی کێبڕکێ، ململانێ و هاوکاری لە خۆدەگرێت، ئەم هاوکێشانەش زیاتر ناوچەیین، مانای وایە مێژووی هاوبەش، هاوسنووری جوگرافی، هاوبەشی کولتوور و ئایدۆلۆژیی دۆست و دوژمنت بۆ دیار دەکات، بە پێچەوانەی پێشتر کە ڕەگەزی هێزی ماددی فاکتەرێکی کاریگەر و یەکلایکەرەوە بوو لە هاوکێشەکاندا،  سەرەڕای ئەوەی فاکتەری مەزهەبی ئیسلامی (پاکستان – سعودیە – بەحرەین) هۆکاری گرنگن بۆ دروستبوونی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی دژی نەیارانیان، کەواتە ئەم دەوڵەت و کاراکتەرانە بیر لە ئاسایشی خۆیان و هاوپەیمانەکانیان دەکەنەوە، مەترسی بۆ هەر یەکەیان مانای مەترسیە بۆسەر هەموویان، ڕەنگە پرسیاری جەوهەری ئەوە بێت بۆچی پاکستان؟

 

ئەوە ئاشکرایە کە  پاکستان تاکە دەوڵەتی ئیسلامییە خاوەن چەکی ئەتۆمییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمەش کارتێکی بەهێزە بۆ پاراستن و هاوسەنگ کردنەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی کە بەمە دەڵێن (nuclear umbrella) بەمانای سایە و سێبەر و پاراستنی دەوڵەتێکی خاوەن هێزی باڵا بۆ هاوپەیمان و دۆستە نزیکەکانی. باری بۆزان و ئۆیڵ وەیڤەر کە دوو پسپۆڕی بواری ئاسایشن باس لەوە دەکەن ئەم هاوپەیمانیە ئەمنیانە پێیان دەوترێت هێشووە ئاسایشیە هەرێمیەکان (Regional clusters) واتە ئاسایشی ئەم ئەکتەرانە وابەستەی یەکن لە ناوچەیەکی دیاری کراودا، مەترسی و پارێزراویان بەیەکەوە گرێ دراوە، ئاسایشی دەوڵەتێک بەندە بە دەوڵەتێکی تر.

 

لە کۆتاییدا ئەم ڕێکەوتننامەیە پێشهاتێکی گرنگی سیاسی و ئەمنییە کە گۆڕانکاری دروست دەکات لە هاوسەنگی هێز و بەرپەرچدانەوەی مەترسی و ئاڵینگارییە سەربازی و ئاسایشیەکان وەکو کاردانەوەیەک دەبینرێت لە بەرامبەر فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاڕادەیەک بێئومێد بوون لە هاوپەیمانێتیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەمەریکا، بەمەش بەشێک لە وڵاتانی کەنداو (سعودیە، بەحرەین، قەتەر) هاوپەیمانێتیی مێژووی نێوانیان و بەهێز و نوێ دەکەنەوە، لە زانستی ئاسایشدا پێی دەوترێت (Collective defence ) کە ئەم جۆرە هەماهەنگییە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتەکانیان و پاراستنی هاوسەنگی هێز و وەڵامدانەوەی پێشهات و مەترسییە ئەمنیە نوێیەکانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: