ماوەی نێوان ئاراستەکردنی مووشەک بۆ بەئامانجگرتنی ماڵی وەبەرهێنەرێکی هەوڵیر (15-1-2024) و ناردنی سەرپەرشتیاری وەزیری دەرەوە بۆ هەولێری پایتەخت (14-6-2024)، تەنیا پێنج مانگە. لە کەمتر لە سێ مانگیشدا، سەرۆک کۆمار و ڕێبەری باڵای ئێران لە تاران لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە (6-5-2024). خۆ ئەگەر ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی باڵەفڕەکەی ڕەئیسی نەبووایە، ئەوا سەرۆک کۆمار، لە سەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم، سەردانی هەولێری دەکرد – جووڵەیەکی هاوشێوەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ هەولێری (22-4-2024).
لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، بە تایبەتیش وڵاتانی ئایدیۆلۆژیست، وەرچەرخانی وەها گەورە لە ماوەیەکی وەها کورتدا ڕوو نادات. بەڵام بە نیسبەت ئێرانەوە، کە پراگماتیزم بنەمایەکی گرنگی دەستەڵاتە مەزهەبییەکەیەتی، ئەمە ئاسانتر ڕوو دەدات؛ بە تایبەتیش ئەگەر بزانین کە دەستەڵاتی سیاسیی ئێرانی بنەمای پراگماتیزمی لە مەزهەبی فەرمیی دەوڵەتەوە وەرگرتووە. پراگماتیزمی شیعی، کە بۆ کایەی دەستەڵات و سیاسەت گوازراوەتەوە، تا ئاستی ڕیاڵپۆڵەتیک گەشەی کردووە. ئێران، ئەگەر لە ناوخۆیدا جەختی لە سەر مەزهەب هەبێت، بۆ دەرەوە جەختی زیاتری لە سەر بەرژەوەندییەکانە - لەوانەیە نزیکایەتیی نێوان ئێران و حەماس ئەمە باشتر ڕوون بکاتەوە.
ئەم وەرچەرخانە بە بێ ئامادەیی هەرێمی کوردستان بەرهەمی نەدەبوو؛ هەڵبەت هەرێم زۆر لە مێژە ئەو ئامادەییەی هەیە. ئەمەش لەبەرئەوەی توانیویەتی واز لە پێداگرییە دەمارگیرانە نەتەوەییەکان بهێنێت و وەک چۆن لە ناوخۆ دەیەوێت لەگەڵ جیاوازییەکاندا دیموکراسییانە مامەڵە بکات، ئاواش بنەمای ئاشتیی دیموکراسییانە بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانی بگوازێتەوە – ڕێزگرتنی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەروەریی دەوڵەتانی دراوسێ ئەمەی سەلماندووە. ئەم ڕیالیزمە بووەتە زمان و زەمینەی هاوبەش بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان تا پێکەوە بیر لە یارییەک بکەنەوە کە هەردووکیان تێیدا براوەن: پەرەدان بە پەیوەندییە فرەلایەنەکان، بە تایبەتیش پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان.
هەڵبەت، بابەتەکە هەر وا ئاسان نییە. چونکە چەندین ساڵە ئەم تێگەیشتنە سیاسییە تیۆرییانە لە ئارادان بە بێ ئەوەی وەک ئێستا بە باشی پراکتیزە بکرێن. ئەمە بەشێکی بەرهەمی ڕووداوەکانی دە ساڵی ڕابردووە کە کاریگەرییان لە سەر شکڵگرتنی وردەوردەی ئەم پەیوەندییە هەبووە – هەر لە شەڕی داعشەوە کە داعش بوو بە دوژمنی هاوبەش تا شانزەی ئۆکتۆبەری 2017 کە ئەمریکا 1975ـی بە بیر کورد هێنایەوە. ئەم ڕووداوانە وانەیەکی گرنگی فێری ئێران و هەرێمی کوردستان کرد: جیۆپۆلەتیک دەتوانێت لە هەر فاکتەرێکی دیکەی سیاسەت زیاتر بمێنێتەوە. ئەمە واتە تاران و هەولێر بایەخی یەکدییان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بۆ ڕوون بوویەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر کردەوە و بە "مێژوویی، برایانە، دڵسۆزانە و یەکانگیر" وەسفی کرد. هاوکات داهاتووی ئەم پەیوەندییانەی بە "پرشنگدار" ناوبرد و ڕایگەیاند کار لە سەر "پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتر"ی ئەم پەیوەندییانە دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی "لابردنی بەربەستەکان". لایەنی هەرێمی کوردستانیش تێڕوانینی هاوشێوەیان هەبوو و جیا لە پەیوەندییە ئابوورییەکان، سەرۆکوەزیران بارزانی جەختی لە سەر گرنگیی و هاوبەشیی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە "ئارامیی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەمووانە".
ئەو دڵنیاییەی کە ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران بەدەستهاتووە، وەک هەر گۆڕاوێکی دیکەی ناو دونیای سیاسەت ڕێژەییە و پێویستیشی بە پاراستن و گەرەنتیکردن هەیە. گرنگە هەردوولا دەرفەت بدەن تا ئەم قۆناغە نوێیە لە پەیوەندیی هاوبەش بگاتە بەرهەم و هەر دوولا بەرەکەی بچننەوە. کاتێک کە باشبوونی پەیوەندییەکان سوودێکی زۆری هەبوو، ئیدی لایەنەکان بە ئاسانی ئامادە نابن دەستبەرداری ئەو سوودە زۆرە ببن؛ بەم شێوەیەش بەرژەوەندیی ئابووریی درێژخایەن سەقامگیریی سیاسیی بەردەوام بە دوای خۆیدا دێنێت. هەڵبەت، ئەمە هەر وا ئاسان نییە؛ چونکە هەم لە ناوخۆی هەردوولا و هەمیش لە ناوچەکە و جیهان کەسانێک هەن کە بەرژەوەندییان لە ئاراستەکردنی مووشەکدایە، نەک لە ناردنی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوە.
نوێترین بیروڕا
دۆخی غەززە و دۆزی فەڵەستین لەدوای یەحیا سینوار
18 تشرینی یەکەم
16ـی ئۆکتۆبەر؛ خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی
16 تشرینی یەکەم
بانگەشەی هەڵبژاردن یان لێکترازانێکی سەختی کۆمەڵگە؟
15 تشرینی یەکەم
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە سێ ڕەهەندی جیاواز
15 تشرینی یەکەم
بۆچی نابێت ههوڵ بدهین بهختهوهر بین؟
12 تشرینی یەکەم
ململانێی "عەقڵی شۆڕش" و "عەقڵی دەوڵەت" لە ئێران: جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە دووبارە دادەڕێژێتەوە؟
9 تشرینی یەکەم
ئێران: بوون و هەژموون، ڕۆڵ و داهاتووی لە ناوچەکەدا
5 تشرینی یەکەم
داهاتی سلێمانی چی لێ دێت؟
5 تشرینی یەکەم
بەرەی نمایش و بەرەی پرۆژە چی لە سوودی خەڵکی کوردستانە؟
3 تشرینی یەکەم
ئێمە پێتان دەڵێین: بۆچى ویستیان هەولێر بسووتێنن؟
2 تشرینی یەکەم
- بیروڕا
- 18 تشرینی یەکەم
دۆخی غەززە و دۆزی فەڵەستین لەدوای یەحیا سینوار
- بیروڕا
- 16 تشرینی یەکەم
16ـی ئۆکتۆبەر؛ خیانەت لە خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی
- بیروڕا
- 15 تشرینی یەکەم
بانگەشەی هەڵبژاردن یان لێکترازانێکی سەختی کۆمەڵگە؟
- بیروڕا
- 15 تشرینی یەکەم
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە سێ ڕەهەندی جیاواز
- بیروڕا
- 12 تشرینی یەکەم
بۆچی نابێت ههوڵ بدهین بهختهوهر بین؟