لەنێو ترسناکی شەڕی غەززەدا، لەبیرکردنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاسانە

شەیری بکە لە:
فەرید زەکەریا - نووسەر

فەرید زەکەریا - نووسەر


کاتێک سەیری ترسناکییەکانی شەڕێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، ئاسانە تووشی خەمۆکی ببین. وا دیارە ناوچەکە بە گشتی درێژە بە تووندوتیژی و ناسەقامگیری دەدات، بەڵام ئەوە وەرچەرخانێکی گەورە لەبیر دەباتەوە کە لەم ماوەیەی دواییدا ڕووی داوە؛ ئەو وەرچەرخانەی کە هەندێک هۆکار بۆ گەشبینی بەرامبەر بە داهاتوو پێشکەش دەکات، دەوڵەتە عەرەبییەکان، کە ئێستا ڕێبەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لە سەقامگیرکردنی دۆخەکەدا ڕۆڵێکی گرنگ و بوونیادنەر دەگێڕن و کار بۆ ئاشتی دەکەن، ئەمە گۆڕانێکی گەورەیە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا. 

 

ئەو وڵاتەی کە بۆ چەند دەیە ئەجێندای جیهانی عەرەبی دیاری دەکرد میسر بوو، بەتایبەت لەژێر ڕێبەرایەتیی کاریزمایی جەمال عەبدولناسردا، کرۆکی ئایدیۆلۆژیای ناسر ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو لەگەڵ پێکهاتەیەک لە دژایەتیکردنێکی تووندی ئیسرائیل. دەوڵەتە مەزنەکانی دیکەی عەرەب، سووریا و عێراق، سەرکۆنەکردنێکی ئاگرینی یەکسانیان لە بەرامبەر ئیسرائیل هەبوو. ئەوان زۆرجار سیاسەتی "ڕەتکردنەوە"یان هەبوو کە دژی پێدانی هەر جۆرە ئیمتیازاتێک بە ئیسرائیل بوون. سعودیە، خاوەنداری دوو پیرۆزترین شوێنی ئیسلام، بە تایبەتمەندییەکی ئایینیەوە چووە ناو بەرەی خەباتی دژ بە ئیسرائیلەوە. ساڵی 2002، شا فەهدی سعودیە ڕێگەی بە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کەسوکاری "شەهیدان"ـی فەلەستین دا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون یان ئەوانەی کوژراوی دەستی تیرۆریستن، پڕۆگرامەکە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە. 

 

ئەمڕۆکە، عێراق و سووریا لە بێتواناییدا نغرۆ بوون، تێڕوانینی دەوڵەتە ڕێبەرەکانی دیکەی عەرەبیش ناتوانێت لەوە جیاوازتر بێت. یەکەم، گۆڕانکارییەک لەوەدا ڕوویداوە کە کام وڵاتانە وەک ڕێبەری ناوچەکە بەدیار دەکەون. لەکاتێکدا وا باو بوو کە وڵاتە گەورە عەرەبییەکان بەهەژموون بن – لەبەر مێژوو، ڕووبەر و سوپا و هتد...، ئەمڕۆ کە بەزۆری دەوڵەتانی دەوڵەمەندی کەنداو ئەجێنداکان دیاری دەکەن. وڵاتانی وەک میسر، بەشێوەیەکی بەردەوام، بۆ کۆمەک و هاوکارییە داراییەکان پشت بە دراوسێ دەوڵەمەندەکانی کەنداوی فارس دەبەستن. دووەم، وەرچەرخانێکی گەورە لە تێڕوانینەکان ڕووی داوە، لە دژی تیرۆریزمی عەرەبی و بە ئاراستەی جۆرێک لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ داننان بە ئیسرائیلدا. 

 

ئێستا دەوڵەتانی کەنداو زۆر دەوڵەمەندن بە جۆرێک کە ئەم دەوڵەمەندییە دیدگای ئەوانی بۆ جیهان دووبارە داڕشتووەتەوە. لە گەشتێکی ئەم دواییانەمدا بۆ ئیمارات، سعودیە و کوەیت، سەرسام بووم کە بینیم چۆن زۆرینەی دەستەبژێری ئەو وڵاتانە نیگەرانی شەڕ و ناسەقامگیرین، بەردەوام بەدوای دەرفەتی ئابووریدا دەگەڕێن و تاوەکو دێت زیاتر ئیسرائیل وەک هاوبەشێکی ئابووری بەتوانا دەبینن. بە تایبەت سعودیە هیوایەکی زۆری بە نوێگەری هەیە. تەنیا تووندوتیژی و تیرۆر دەتوانن ئەم پلانانە سەراوژێر بکەن. 

 

وەرچەرخان لە میسر گرنگییەکی تایبەتی هەیە. سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی هاتە سەر دەسەڵات و هەزاران ئەندامی ئیخوان موسلمینی خستنە زیندانەوە؛ کە گرووپێکی ئیسلامییە، نزیکی و پەیوەندیی بە حەماسەوە هەیە. سیسی زۆر بە قووڵی دژی حەماس و هەموو جۆرە بزووتنەوەیەکی میلیشیایی هاوشێوەیە و دەیەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل تێکیان بشکێنێت. پاشخانی میسر و هەڵوێستی عەرەبەکانی کەنداو ئەوەیە کە پێکەوە دژی ئێران و سوپا پڕۆکسییەکانی (بەکرێگیراوان) ئەو وڵاتەن، لە حیزبوڵڵاوە بۆ حووسییەکان و تاوەکو حەماس. 

 

بەدڵنیاییەوە، ئاڵۆزی و جیاوزیی بوونیان هەیە، قەتەر ڕۆڵی نێوەندگری لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا گێڕاوە، چونکە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ حەماس هەیە و هەروەها پەیوەندییەکی دوورودرێژی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە (کە بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2009، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پچڕا)، زۆرجار ڕەخنە لە پاڵپشتیی قەتەر بۆ حەماس گیراوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەبێ بوونی نێوەندگیرێک، ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاشتی نایەتەدی. حکومەتی قەتەریش، بە هەموو پێوەرەکان، لە یارمەتیدانی دانوستانەکاندا تەواو بوونیادنەر و بەرپرسیار بووە. 

 

حکومەتە عەرەبییەکان وەک خەڵکە عەرەبەکە نین؛ ڕای گشتی لە جیهانی عەرەبیدا زۆر دژی ئیسرائیل و ئەمریکایە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئەم دژایەتییە تووندتر دەبێت، بەڵام تەنانەت لێرەدا، چینێکی زیوین هەیە. وەک ئەوەی عەمر حەمزاوی، توێژەرێکی ناوەندی کارنێگی ئێندۆومێنت، لە مانگی نۆڤەمبەردا سەرنجی دابوو، لەوەتەی شەڕ دەستی پێ کردووە تێڕوانینی عەرەبی لە جاران زۆر میانڕەوانەترە، تووندوتیژی دژی کەسانی مەدەنی لە هەردوولا سەرکۆنە دەکات، تیرۆریزم ڕەتدەکاتەوە و داوای چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات. حەمزاوی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە بەشێکە لە ڕوووەرگێڕانێکی فراوانتر لە تووندوتیژی سیاسیی؛ بە تێکڕای زیاتر لە 90%ـی عەرەبەکان لە ڕاپرسییەکی ئەم ساڵانەی دواییدا ڕێکخراوە تووندڕەوەکان ڕەتدەکەنەوە و تیرۆریزم سەرکۆنە دەکەن. 

 

لەوانەیە ئەم پاشخانە ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی، سەرەڕای دژایەتیی تووندیان بۆ ئاست و قەبارەی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵنەپەسارد. تەنانەت تاڕادەیەک سەرکۆنەکردنەکانیش بەبێدەنگی بوون. لەبری ئەوە، جەختکردنەوەکان لە سەر ڕێگەچارەی پراکتیکی بوون بۆ یارمەتیدانی فەڵەستینییەکان، وەک ئاگربەست، ڕێڕەوی یارمەتی و بوونیادناوەی دوای شەڕ، هەمووشی بە ئاراستەی دروستکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بوونە. ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە مامەڵەیان لەگەڵیاندا کردووە بە منیان گوت کە پێیانوایە سەرکردایەتیی ئەم وڵاتە عەرەبییانە لە گەڕان بە دوای چارەسەرەکاندا پەرۆش، بوونیادنەر و هاوکارە. بەقسەی ئەو بەرپرسانە، ئەو پلانەی کە سعودیە بۆ ڕێگەیەک بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەتی ڕێبەرایەتیی دەکات، پراکتیکی و ڕێتێچووە. 

 

ئەم گۆڕانە لە پێکهاتەی دەوڵەتانی ڕێبەری عەرەبی و تێڕوانینی سەرکردەکانیان پرسی ئیسرائیل، فەڵەستین چارەسەر ناکات، بەڵام نیشاندەری ئەوەیە کە هەندێک پاڵپشتیی بۆ ئاشتی، سەقامگیری و نوێگەری لە ناوچەکەدا هەیە، ناوچەکە زۆر پێویستی پێیەتی. 

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا - سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: