بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
- بیروڕا
- 16 نیسان

حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیمەنێک لە مۆنیۆمێنتی پارێزگای هەڵەبجە، گرافیک؛ پەیڕەو سەڵاح
بڕیاری دانپێدانان و بەڕەسمی ناساندنی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، دەستکەوتێکی گرنگی تەشریعی و سیاسیی و کارگێڕییە بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەڵەبجە بەتایبەتی.
وێڕای پشتیوانی و دەستبارگرتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی جەماوەری خەڵکی کوردستان لەو پرسە، پێویستمان بە پشتیوانی و دەنگی لایەن و فراکسیۆنە عەرەبییەکان لە سوننە و شیعە هەبوو، بۆ ئەوەی بڕیارەکە دەربچێت.
خاڵی هەرە گرنگ، یەکخستنی توانا و هەوڵەکانمانە بۆ چەسپاندنی بڕیارەکە و ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بۆ ئەمەش پێویستمان بە پێکەوە کارکردن و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەمانە لەگەڵ پێکهاتەکانی عێراقدا.
ئەو پەیوەندی و تەباییە بەوە دێتە دی، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک کارتێکی سیاسیی بۆ دژایەتی هیچ کەس و لایەنێک بەکارنەهێنرێت و نەکرێتە کەرەستەی موزایەدەی سیاسی و شکاندنی بەرامبەرەکان.
ئێمە وەک خەڵکی هەڵەبجە، سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتی و لایەن و پێکهاتە و دەنگە بەڕێزانە دەکەین، کە لە پڕۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا، پشتیوان و هاوکار بوون. هەروەها دەبێت بە چاوی ڕێزیشەوە بڕوانینە ئەو ڕەخنە و سەرنجانەی لەسەر دەرچوونی بڕیارەکە هەبوون.
ڕەخنە و دەنگنەدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هیچ کەس و لایەنێک ناخاتە خانەی دووژمنایەتی و دژایەتییەوە. ئەوانیش پاساوێکیان بۆ ڕەتکردنەوەکەیان هەبووە. گرنگ بۆ ئێمە پەسندکردنی بڕیارەکە و جێبەجێکردنی و سەرخستنی پڕۆسەکەیە، نەک دژایەتی و بەکارهێنانی پرسەکە بۆ مەرامی دیکە.
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پێویستە کۆکەرەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان بێت، نەک بکرێتە کەرەستەی دووبەرەکی و دابڕانی زیاتر و دژایەتی یەکتر.
ئێمە دەزانین ئەوانەی ڕەخنەیان لە بڕیارەکە هەبوو، یاخود نەیانویست دەنگی پێ بدەن، دەشێ پاساوەکانیان جێی بایەخ بووبێت، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە، کە سەرەڕای هەموو ڕەخنە و پاساوێکیان، دەبێت دان بەوەدا بنرێت، هەڵەبجە ڕەمزی بەرەنگاری سیاسەتی دیکتاتۆری و قوربانی چەکی کیمیاوی و یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی پشتکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیی بوو لە ڕژێمی سەددام، کە سەرەنجامەکەی ڕووخان و هەڵتەکاندن و نەمانی بوو.
هەر بۆیە هیچ عێراقییەک ئەمڕۆ لاری لەوە نییە، هەڵەبجە مافی ڕەوای خۆیەتی قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە و لەپای ئەو هەموو قوربانییەی پێشکەشی کردووە، شانازی بەپارێزگابوونی پێببڕێت.
وەک خەڵکی هەڵەبجە، پێویستە لەمڕۆە کاری جددی و هەنگاوی گەورە بنێین بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی لە پارێزگاکەماندا، کۆمەڵگەیەک، کە بە گیانی لێبووردن و تەبایی و ئاشتی هەنگاوی گەورە بنێین و کار بکەین بۆ ئەوەی پارێزگاکە لە هەموو ڕوویەکەوە ببووژێتەوە. ئەمەش بەوە دەکرێت نوێنەران لە بەغداد ساڵانە داکۆکی لە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی پارێزگاکە و قەرەبووی خەڵکی سنوورەکە بکرێتەوە.
داواکاریشم لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆی هەڵەبجە و کەرتی پەروەردە و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی سنوورەکە، کاری زیاتر بکەن بۆ خزمەتکردنی شووناسی کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتووری هەڵەبجە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی لە سنوورەکە.
دووبارە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە هەموو لایەکمان پیرۆز بێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا: لە هاوبەشیی ستراتیژییەوە بۆ هەوڵی کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی
28 تەممووز
زمانی کوردی و پرسی فاشیزمی نووستوو
27 تەممووز
ئاوایە سروشتی ململانێكە
27 تەممووز
کۆدەکانی پشت بڕیارەکەی ئەردۆغان لە داخستنی بۆریی نەوتی عێراق
24 تەممووز
دیمەشق لەنێوان دروز و عەلەوی و کورد دا
24 تەممووز
باجی هەر سەرکەوتنێک.. سزایەکی نوێیە !!
20 تەممووز
سەرەڕای قەیران، ئاوەدانی بەردەوامە
20 تەممووز
"دێوەزمەی" فیدراڵی لە سووریا
19 تەممووز
پەیامی درۆنهاوێژەکان و ئاسایشی وزەی کوردستان
19 تەممووز
پرسی کورد لە تورکیا... ڕێککەوتنێکی مێژوویی یان گۆڕانکارییەکی تاکتیکی؟
16 تەممووز
- بیروڕا
- 27 تەممووز
زمانی کوردی و پرسی فاشیزمی نووستوو
- بیروڕا
- 27 تەممووز
ئاوایە سروشتی ململانێكە
- بیروڕا
- 24 تەممووز
دیمەشق لەنێوان دروز و عەلەوی و کورد دا
- بیروڕا
- 20 تەممووز
باجی هەر سەرکەوتنێک.. سزایەکی نوێیە !!