
گوتارشیکاری بۆ دیدارەکەی سەرۆک بارزانی لە بەرنامەی "The Capitol Hill Show"
لە سەردەمێکدا کە لە گشت لایەکەوە گوتار و لێدوانی توند و گرژ بەزمانێکی دڕ و دوژمنکارانە سەراپای دیمەنە سیاسییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوە، لە ئان و ساتێکدا کە بەدەگمەن ڕابەرێکی سیاسی دەبینیت گرژ و مۆن نەبێت، چاوسوورنەکاتەوە و خۆی لە بۆسە نەنابێت بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکانی، لەم ساتە هەستیارەدا سەرۆک بارزانی لە بەرنامەی "The Capitol Hill Show" دەردەکەوێت و شکۆمەندیی بۆ گوتاری هاوسەنگی دەگێڕێتەوە. مۆدێلێکی ئارام، سەنگین و قووڵی سیاسەتی پێشکەش بە ملیۆنان بینەر و بیسەر کرد.
سەرۆک بارزانی شێوازێکی وەڵامدانەوەی هۆشیار و بەئاگایانەی گرتەبەر، خۆی لە زمانی توندوتیژ و دروشمی پۆپۆلیستی بەدوور گرت. زمانێکی پوخت و بێ پێچ و پەنای هەڵبژارد کە هەم دەربڕی ناخی خۆی بوو، هەم بە وریاییەوە سەرەداوی قەیران و کێشەکانی کۆنترۆڵ کرد و بەڕێوەی بردن، ڕێی نەدا گفتوگۆکە بە ئاراستەی بەریەککەوتن و بەیەکداداندا بڕوات.
لە باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سووریادا، دەستەواژەی "پەیوەندی ناڕاستەوخۆ"ـی بەکارهێنا، کە ئاماژەیەکە بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی دەرگاکان و دانەخستنیان بەڕووی ئەگەرەکاندا و ناڕاستەوخۆ سیگناڵ و هێماکانیشی بەبێ وروژاندنی هیچ هەستیارییەک بۆ جێی مەبەست نارد.
ئەم زمان و شێوازی قسەکردنە، نە نمایشە و نە هەڕەمەکی، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەزموونێکی پڕ هەوراز و نشێوی ڕابەرێکە دانە بە دانە وشەو دەستەواژەکانی بە تەرازوویەکی هەستیاریی سیاسی سەنگوکێش کراون و زۆرباش دەزانێت سەردەمی لێدوانی ئاگرین بەسەرچووە و ئیدی گەمەکە لە بەرژەوەندیی گوتاری دیپلۆماسیی هاوسەنگدا کۆتایی هاتووە.
سەرۆک بارزانی سەرەتا بە پێداچوونەوە بە دۆخی ناوچەکەدا دەستیپێکرد بۆ ئەوەی بینەر و بیسەر ڕاکێشێتە ناو بازنە و چوارچێوەیەکی فراوان تا ئاشنایان بکات بە دیمەنە گشتییەکە، پاشان زۆر بە هێمنی هەڵوێستەکانی خۆی لەسەر پرسە گەرمەکانی وەک پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی حوکمڕانی لە سووریا و کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕی خوێناویی غەززە خستنەڕوو.
تێکڕای قسە و وەڵامەکانی سەرۆک هاندەری بیرکردنەوە و تێڕامان بوون نەک چەپڵە لێدان. ئامانج لە چاوپێکەوتنەکە بەدەستهێنانی پێگەیەکی تایبەت نەبوو، بەڵکو مەبەست لێی بەدەستهێنان و فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام بوو لە دۆخ و ساتێکی پڕ گرژی و دڕدۆنگیدا.
گوتاری سیاسی پیشەیی و دیراسەکراو بەوە لە گوتارێکی پۆپۆلیستی جیادەکرێتەوە کە تێیدا هەموو ڕاستییەکان ناگوترێن بەڵام هەرچیی تێدا دەگوترێت ڕاستیین و هەندێ پەیامی ناڕاستەوخۆی بۆ چەند لایەنێک تێدایە؛
بۆ ناوماڵی کورد: جەختکردنەوە لەوەی سەرکردایەتیی کورد بە وردیی چاودێریی گۆڕانکارییەکان دەکات و بە عەقڵانی جووڵە دەکات، نەک بە کاردانەوە و هەڵەشەیی.
بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی: هەرێمی کوردستان هێزێکی پەراوێزخراو نییە، بەڵکو هاوبەشێکی کارایە و لەم دۆخە قەیراناویەدا بە هێمنی حیساباتی خۆی دەکات. کورد وتەنی کچی خۆی ناکات بە قوربانی کوڕی کەس! ناترسێ و کەس ناترسێنێ! دەستی هەماهەنگی و برایەتیی ڕاکێشاوە و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەش لە هیچ لایەک قەبووڵناکات. شەڕ خراپترینی خراپەکانە، تەنها خۆچەماندنەوە بۆ ستەمکار لە شەڕ خراپترە!
بۆ میدیای عەرەبی و ڕای گشتی: وێنەی سەرکردە و ڕابەرێکی کوردی وەک مۆدێل و نموونەی واقیعبینی و دەنگی حیکمەت و ژیری خستەڕوو. زۆرجار بێدەنگی و کەمدوویی لە زۆرگوتن کاریگەرترن و ئاماژە و هێمایەک لەسات و جێگەی خۆیدا، زۆر خێراتر پەیامەکان دەگەێنن!
دەرکەوتنی سەرۆک بارزانی لە بەرنامەی "The Capitol Hill Show"ـی میدیاکاری بەناو و دەنگی ئەمریکی (تیم کونستانتین) لەم سات و دۆخە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیادا، تەنیا دەرکەوتنێکی میدیایی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ڕەهەندێکی ڕەمزیشی لە پشتەوەبوو. هەڵبژاردنی ئەم بەرنامەیە کە تایبەتە بە دایالۆگی سیاسی بۆ جەختکردنەوە و گەیاندنی پەیامەکانی سەرۆک بوو بە بینەر و بیسەری غەیرە کورد. هەڵبژاردنی کات و ساتی دیدارەکەش لە ناو جەرگەی پەرەسەندن و هەڵبەزودابەزی ڕووداوەکانی ناوچەکەدا ڕەهەندێکی ستراتیژیی گرنگی دابوو بە گوتراو و نەگوتراوی ناو دایالۆگەکە!
سەرۆک بارزانی بە ڕوونی بەهەموو لایەکی گوت: چیتر جیهانی ئەمڕۆ وەڵامی زمانی دروشمسازی ناداتەوە، بەڵکو بەدوای دەنگی دڵنیاکەرەوە و هاوسەنگییەوەیە. ئەم دیدارە تەنها گفتوگۆیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو وانەیەکی گرنگی فێرگەی بارزانی بوو بۆ پێگەیاندنی سیاسەتمەداری ئارام و بڕوابەخۆبووی پشت ئەستوور بە ڕەوایەتیی پرسی میللەتە ئازا و کۆڵنەدەرە ئاشتیخوازە سینگ فراوانەکەی کە بە ئیمتیازەوە شایانی ئەوەیە لە چوارچێوەی پرۆگرامی میدیای سیاسیدا بخوێنرێت.
سەرۆک بارزانی مۆدێلێکی پێشکەشکردین کە ناوی لێدەنێم "گوتاری هاوسەنگی". گوتارێک کە پێویستی بە دەنگی بەرز نییە و بەدوورە لە خۆگیڤکردنەوە و چاوسوورکردنەوە، کەچی کاریگەرییەکی زۆریش بەجێدەهێڵێت! هێرشبەر نییە و خۆڕادەستکەریش نییە. نمایش ناکات و خۆی نانوێنێت بەڵکو بڕوات پێدەهێنێت.
ڕەوانبێژی تەنها لە بەهێزیی وشە و دەستەواژەکاندا نییە، بەڵکو لە هەڵبژاردنی کات و (سیاق) کۆنتێکستەکەیدایە. لە سەردەمی ئاژاوە و قەیران و بێ متمانەییدا، ئامانج لە وەڵامەکانی سەرۆک بارزانی گێڕانەوەی شکۆ و متمانە بوو بۆ تێفکرین و تێڕامان لەپێناو بەهێزکردنی ڕایەڵەی پەیوەندییە ئینسانییەکانی نێوانمان نەک بۆ بەدەستهێنانی ئافەرین و چەپڵە و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی. کاتێک کە هاوسەنگی دێتە دەنگ، ئاژاوەگێڕان ناچارن لە ژاوەژاو بکەون و دانا و زانا و دڵسۆزانیش بەڕێزەوە گوێ دەگرن.
- تیم کۆنستنتین، کەسایەتییەکی میدیایی بەناوبانگی ئەمریکییە، پێشکەشکاری بەرنامەی "The Capitol Hill Show" و وتارنووسە لە ڕۆژنامەی واشنتن تایمز. لە میدیاکانی ئەمریکادا بە "دەنگی عەقڵ" ناودەبرێت..
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟
5 کاتژمێر لەمەوپێش
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
شی جینپینگ چۆن بیر دەکاتەوە؟
6 ئایار
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
لەوێ بووین - لە ستایشی ڕەنگینیی دهۆکدا
3 ئایار
کار و کرێکاری لە دیدێکی ئایینی
2 ئایار
كورد لەناو بەها جیهانیەكانی سەردەمی نوێدا
1 ئایار
"زیندووکردنەوەی میراتی هەولێر: سەردەمێکی نوێی ئاسایشی ئاو و خۆشگوزەرانی"
30 نیسان
- بیروڕا
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟