
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەسفی خۆی دەکات وەک کەسایەتییەکی بەهێز، بۆیە بەلای کەسایەتییە بەهێزەکانی وەک جینپینگ و پوتین ڕادەکێشرێت؛ بەڵام لەوان جیاوازە. ئەوان لەناو دامەزراوەکانی حکومەت گەورە بوون، ئەو لە دەرەوەی دامەزراوەکانەوە هاتووە. ئەوان لە سێبەردا کاریان کردووە و ئەو لەژێر ڕووناکیدا گەشەی کردووە. ئەوان پیاوانی دەسەڵاتن و ئەو پیاوی پارەیە. ئەوان باوەڕیان بە هەرەمیەت هەیە و ئەو باوەڕی بە ئاژاوەیە. ئەوان کەم دەدوێن و ئەو لە قسەکردن ناوەستێت. ئەوان هێمن و وریان و ئەو تۆپەڵێکە لە هەستی تەقینەوەیە. ئەوان دیسپلینیان هەیە و باوەڕیان بە نەریتی دەوڵەت و تواناکانی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندەکانیان، بەڵام ئەو ئاژاوەگێڕە و بە شێوەیەکی تاکەکەسی و لەناکاو ڕەفتار دەکات تەنانەت لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی خۆی. ئەوان بە شێوەیەکی ستراتیژی و ڕوون و بە ئامانجی دیاریکراوەوە بیر دەکەنەوە.
بۆ شرۆڤەکاران سەختە بزانن ترەمپ چۆن بیر دەکاتەوە و بە ڕاستیش باوەڕی بە چ بیرکردنەوەیەکی سیاسیی هەیە. ئەو شتێک دەڵێت و دواتر پێچەوانەکەشی دەڵێت، خۆی لە دەستوەردانی کاروباری جیهان دەبوێرێت و بۆ پاراستنی بازرگانی جیهانی حوسییەکان بۆمباران دەکات، هاوپەیمانان سەرزەنشت دەکات و دواتر ستایشیان دەکات، لەگەڵ دوژمناندا نەرمی دەنوێنێت و هەڕەشەی دۆزەخیان لێدەکات. لە کۆشکی سپی ڕەخنەی لە زێلێنسکی گرت و لە ڤاتیکان ستایشی کرد. ئەمڕۆ ستایشی پووتین دەکات و سبەینێ ڕەخنەی لێ دەگرێت.
بەدواداچوون بۆ لێدوانەکانی ترەمپ سەرلێشێوێنەرە و لە دەرئەنجامیشدا تووشی هەڵەت دەکات لەوەی کە بزانیت ئەو باوەڕی بە چی هەیە، چونکە ئەو شتێک دەڵێت کە مەبەستی نییە و هیچ پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی نییە بۆ جێبەجێکردن (با چیرۆکی ریڤیێرای غەزە بە بیر خۆمان بێنینەوە). بۆیە باشترین ڕێگا بۆ ناسینی ترەمپ ئەوەیە کە ئەم پرسیارانە بخەینەڕوو:
- ئەو هەستەی ترەمپ دەبزوێنێت چییە؟
- گرنگترین شت بەلای ئەوەوە چییە؟
- دیدگای ترەمپ بۆ ئەمریکا و ڕۆڵی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا چییە؟
ئەو هەستەی زۆرترین جووڵە بە ترەمپ دەدات ڕێزە. ترەمپ بە دوای ڕێز و دانپێدانان بە خۆی وەک سەرۆکێکی بەهێزی ئەمریکادا دەگەڕێت. زۆر لە سەرکردەکان زانیویانە چۆن ئەم هەستەی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و دۆستایەتیی بەدەست بهێنن و پەیوەندییان لەگەڵیدا پتەو بکەن. ئەمە ئەوەیە کە کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کردی کاتێک بە ئەنقەست بانگهێشتنامەی شا چارلز، شای بەریتانیای لەبەردەم کامێراکاندا پێشکەش بە ترەمپ کرد؛ نیشانەیەکی گەورەی ڕێز لە بەردەم ملیۆنان کەس. ڕوخساری ترەمپ گەشایەوە و بە سوپاسەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد. ئەمەش ئەوەیە کە پوتین کردی کاتێک تابلۆیەکی هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپی بە ستیڤ ویتکوف، نێردەی ترەمپ، پێشکەش کرد.
نهێنیی ئەوەی کە ترەمپ ڕێزی دەوێت چییە؟
لەبەرئەوەی هەست ناکات لەلایەن دەستەبژێری ئەمریکاوە، کە دژایەتییان کردووە، ڕێزی لێگیراوە. لە یەکەم ڕۆژیشەوە وەک سەرۆک دانیان پێدا نەناوە. هەروەها جاری یەکەم، دامەزراوە یان دەوڵەتی قووڵیش پێشوازییان لە ترەمپ نەکرد و چوونە ناو ململانێیەکی تاڵەوە لەگەڵیدا و هەوڵیان دا بیڕووخێنن، بۆیە لە جاری دووەمدا ترەمپ بڕیاری دا هەڵیانوەشێنێتەوە. بەلای ئەوەوە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن دوژمنی گەلن. دامەزراوە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکان پێکوتەی ڤایرۆس لە خوێندکاران دەدەن و دەیانکەن بە سەرباز بۆ خزمەتی "چەپ" و ڕەوتی "بێداری". ترەمپ پێی وایە دامەزراوەکان ڕزیون و بۆ چاککردنیان کەسانی وەک ئیلۆن مەسکی لە دەرەوەی دامەزراوەکانەوە هێناوە. هیچیان بەرامبەر بەو وەفادار و گوێڕایەڵ نین، بۆیە دەبێت لێیان ڕزگاری بێت.
پرسیاری دووەم: گرنگترین شت بۆ ترەمپ چییە؟
شەقام، مەبەستیش لێی شەقامی پارێزکار یان بنکەی هەڵبژاردنییەتی. بۆ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی ترەمپ پێویستە هەموو ئەوەی دەیڵێت لەم چوارچێوەیەدا دابنرێت. هەموو ئەوەی دەیڵێت و دەیکات تەنها یەک ئامانجی هەیە: ڕازیکردنی ئەوان. دیواری جیاکەرەوەی سنوور، کۆچ، ئابووری، گومرک، پەروەردە، گەڕاندنەوەی مەزنایەتی ئەمریکا و بەرەنگاربوونەوەی چین و ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکایان دزیوە.
ترەمپ هەموو ئەم کارانە بۆ ڕاکێشانی ئەوان دەکات. ئایا ئەو بە تەواوی باوەڕی پێیانە؟
لە ڕاستیدا گرنگ نییە. ئەو کەسایەتییەکی پراگماتیکە و دەتوانێت خۆی وەک هەر شتێک نیشان بدات. بانگەشەی ئەوە دەکات کە پیاوێکی دیندارە و باوەڕ نەچووەتە ناو دڵیەوە؛ بانگەشەی ئەوەش دەکات کە لە چینی ئاسایی خەڵکە، لە کاتێکدا لە کۆشکێکی زێڕیندا دەژیت. ئەگەر ئەم تایبەتمەندییەی کەسایەتیی ترەمپ نەناسیت، هەرگیز تێناگەیت بۆچی بەم شێوەیە مامەڵە دەکات. سەرەڕای هەموو ئەو پووچگەرایی و بێسەروبەرییەی لە هەڵسوکەوت و لێدوانەکانیدا هەیە، هەمیشە ئەوەی دەیڵێت ئاراستەی یەک جەماوەر کراوە.
بیرم دێت ئامادەی وتارێکی ترەمپ بووم لە لوتکەی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس. چووە سەر شانۆ و وتارێکی دا کە ئاراستەی ئێمەی ئامادەبووان نەکرا، بەڵکو بۆ لایەنگرانی بوو لە ئایۆوا یان میشیگان. ترەمپ پیاوێکە ماندوو نابێت و تەرکیزی لەدەست نادات. کحول ناخواتەوە و هیچ خولیایەکی نییە جگە لە گۆڵف و مانەوە لە بەر ڕووناکی و نووسین لە "تروس سۆشیاڵ". کەسایەتییەکە تەسلیمبوون نازانێت. سەرەڕای تەمەنی زۆری، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە و لە سەکۆیەکەوە بۆ سەکۆیەکی دیکە ڕای دەکرد، تا بە شێوەیەکی موعجیزەئاسا گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی.
ئەو تێکەڵەیەکە لە کەسایەتییەکان: زۆردار، دوژمنکار، قسەخۆش و میهرەبان. تێکەڵەیەکیشە لە نەرمی، دڵڕەقی، گاڵتە، و سادەیی. کەسایەتییەکی ئاڵۆز و چەندلایەنەشە. بە گشتیش کەسایەتیی سەرکردەکان لە ڕووی دەروونی و هەستەکییەوە سادە نین و خوێندنەوەیان ئاستەمە.
پرسیاری سێیەم: ترەمپ چۆن دەڕوانێتە ڕۆڵی ئەمریکا لە جیهاندا و دۆکترینی ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا چییە؟
هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا خاوەنی دۆکترینێکی سیاسەتی دەرەوەیە کە دیدی ئەو پێکدەهێنێت و ئامانجەکانی دیار دەکات. نیکسۆن: کۆتاییهێنان بە شەڕی ڤیەتنام و کرانەوە بە ڕووی چین و هێنانی بۆ ناو سیستەمی نێودەوڵەتی. ڕیگان: پشتگیریی بازاڕی ئازاد و بەرەنگاربوونەوەی یەکێتی سۆڤێت. بوشی کوڕ: بنیاتنانی وڵاتان و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی. ئۆباما: ڕووکردنە چین و کەمکردنەوەی پابەندبوون بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بایدن: هاوپەیمانیی بەهێز لەگەڵ ئەوروپا و بەهێزکردنی هاوبەشی ڕۆژئاوایی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پووتین.
بەڵام هەموو سەرۆکەکان بە ڕادەی جیاواز پارێزگارییان لە هاوپەیمانیەتیەکانی ئەمریکا کردووە کە لە ماوەی چەندین دەیەدا دروستیکردوون و هەژموونی جیهانیی ئەمریکایان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بەهێز کردووە. بەهۆی هێزی ئەم سیستەمە نێودەوڵەتییە ئەمریکییەوە، جەنگەکان کەمبوونەتەوە (نزیکەی 80 ساڵە جەنگێکی جیهانی ڕیی نەداوە)، بازرگانیی جیهانی گەشەی کردووە و سەرمایەداری بڵاوبووەتەوە - تەنانەت لەو وڵاتانەش کە کۆمۆنیزمیان تیا لەدایک بووە. جیهان ئێستا لە 80 ساڵ لەمەو پێش باشترە. لە کاتێکی وەک ئێستا و 100 ساڵ لەمەوبەر، دەیان ململانێ لە نێوان وڵاتاندا هەبوو (یەکێک لە مێژوونووسان دەڵێت لەو قۆناغەدا 150 ململانێ لە نێوان وڵاتاندا هەبووە).
بە هەموو پێوەرەکان، ئێمە لە جیهانێکی باشتردا دەژین، بەڵام ترەمپ ئەم بارودۆخە نابینێت، و پێی وایە ئەمریکا لە ماوەی چەندین دەیەدا تووشی تاڵان و دزی بووە. ئەو لە بیرۆکەی پارێزگاریکردنەوە دەست پێدەکات کە لە گەنجێتییەوە باوەڕی پێی هەیە و چەندین جار بەهۆی شەقامی ناوخۆییەوە کە بیرکردنەوەی پێکدەهێنێت دووبارەی کردووەتەوە. تەنانەت لە سیاسەتی دەرەوەشدا ترەمپ بیر لە وێنەی ئەم جیهانە لیبراڵییە ناکاتەوە کە بە درێژایی چەندین دەیە پێکهاتووە. هەموو شتێک بەلای ئەوەوە سیاسەتی ناوخۆییە و وا دیارە بە ڕاستی زۆر بیری لێناکاتەوە و هەندێک جاریش بە پێچەوانەی ئەوەوە کاردەکات. گوشاری خستە سەر هاوپەیمانانی ئەوروپی بە باجی گومرگی (کەنەدا و مەکسیکی دراوسێیشی توڕە کرد) و زیاتر لە پووتین نزیک بووەوە کە بانگەشەکارێکی ڕاشکاوە بۆ تێکشکاندنی ئەم سیستەمە. بانگەشەی داگیرکردنی گرینلاند و گۆڕینی کەنەدا بۆ ویلایەتی 51 دژی بیرۆکەی سیستەمی نێودەوڵەتی و پاراستنی سەروەری وڵاتانە (ترەمپ بیر لە میراتی کەسیی خۆی دەکاتەوە کە فراوانکردنی ڕووبەری ئەمریکایە - بیرکردنەوەیەک بە شێوازی سەدەی 19).
ترەمپی دەرەوەی بیری دامەزراوە کە لە جیهانێکی جیاوازەوە هاتووە دان بە شێوازی دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیریدا نانێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای داڕشتووە؛ ئەو بە شێوازی پارێزگاریکاریی کۆن بیر دەکاتەوە. ئەگەر ئەمە بیرکردنەوەی درووستی بێت (ترەمپ شتی دژ بەیەک دەڵێت و دەکات لەهەمان کاتدا)، ئەمە سەرەتای پاشەکشەی ئەم سیستەمە و داڕمانی هێزی ئەمریکی و سەرهەڵدانی هێزی نوێ دەگەیەنێت. بەڵام ترەمپ لەناوەوەی دامەزراوەکاندا ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکی بەهێز و تووند دەبێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم دیدە لە پێناو بەدەستهێنانی هەندێک ڕێککەوتنی گومرگی لە بەرامبەر لاوازکردنی پێگە و شکۆی ئەمریکا کە بە خوێن و ئارەق و فرمێسک بنیاتی ناوە.
نوێترین بیروڕا
هێزێک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان
19 کاتژمێر لەمەوپێش
لە نێوان هەرێم و بەغدا، بۆچی دەبێ لایەنی حكومەتی خۆمان بگرین؟
12 ئایار
هاوسەنگی لە سەردەمی گۆڕانکارییەکاندا
10 ئایار
ڤلادیمیر پووتین چۆن بیر دەکاتەوە؟
10 ئایار
هێڵکێشانێک بە ژێر وتارەکەی سوودانی دا
8 ئایار
لوتکەی بەغدا؛ بەرەو ڕێبازێکی نوێی عەرەبی
8 ئایار
شی جینپینگ چۆن بیر دەکاتەوە؟
6 ئایار
بەغدا لە نێوان میوانداریکردنی لووتکەی عەرەبی و ئالنگارییەکانی ناوخۆ
5 ئایار
دووبارە دواكەوتنی واژۆكەی تەیف سامی
5 ئایار
لەوێ بووین - لە ستایشی ڕەنگینیی دهۆکدا
3 ئایار
- بیروڕا
- 19 کاتژمێر لەمەوپێش
هێزێک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان