پەیامێک لە ئەمریکاوە بۆ عێراق:  کوردستان هێڵی سوورە !

شەیری بکە لە:
پەیامێک لە ئەمریکاوە بۆ عێراق:  کوردستان هێڵی سوورە !

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەردەم کۆنگرێسدا، هەرێمی کوردستانی لەناو جەرگەی ستراتیژی وڵاتەکەیدا دانا لە بەرامبەر بە دەوڵەتی عێراقدا. ئەم پەرەسەندنە نەوعییە بەڵگەی گەشەسەندنی گرەوێکی ئەمریکییە لەسەر کوردستان وەک یاریزانێکی ناوچەیی کارا کە ژیرانە هاوسەنگیی نێوان سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ڕاگرتووە.

لێدوانەکانی مارکۆ ڕوبیۆ سەبارەت بە کورد سەرزارەکی و هەڕەمەکی نین، بەڵکو چارەنووسسازن بۆ ساتێکی زۆر هەستیاری سیاسی کە تیایدا بە تێگەیستنی من دوو پرسی گرنگ لەیەک پنتدا کۆدەبنەوەو یەکتر دەبڕن :

1. مەسرور بارزانی لەواشنتۆنە و سەرپەرشتیی ڕێککەوتن و واژۆکردنی دوو گرێبەستی زۆر گەورە لەبواری وزەدا دەکات.

2. گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دەستوور و وزە و سەروەری ، نەک خاونەبوونەتەوە بەڵکو گەیشتوون بە ئاستێک کە وەک سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند : چییتر قابیلی قبووڵ نین !.

 شیکردنەوەی توخمە سەرەکییەکانی ناو لێدوانەکانی ڕوبیۆ :

1. ئۆتۆنۆمیی کورد بنچینەی دیدگای ئەمریکایە بۆ عێراق."

ئەم لێدوانە ڕەنگدانەوەی گۆڕان و پەرەسەندنێکی ستراتیژییە، بەو پێیەی ئیدی واشنتۆن ئەوەی تێپەڕاندووە کە تەنیا باس لە پشتیوانیکردنی کورد وەک پێکهاتەیەکی ناوخۆیی عێراق و هاوبەشێکی گرنگ لە شەڕی تیرۆردا بکات. ئێستا وا بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنت کە سەروەریی دەستووریی کورد کۆڵگەو بەردی بناغەی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە عێراق. بەکارهێنانی دەستەواژەی "بەردی بناغە" بایەخ و بەهایەکی تایبەت بەم پەیوەندییەی کورد و ئەمریکا دەبەخشێت و لە بازنە و ئاستی تاکتیکەوە هەڵیدەکێشی بۆ بازنەی دیدێکی دوورمەوداو ستراتیژی.

2. مەرجی باشیی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ڕێزگرتنێتی لە کورد و کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

ڕوبیۆ زۆر بە ڕوونی باسی لەوە کرد کە پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ بەغدادا پەیوەستە بە جددیەتی بەغداوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی دەستووریی هەرێمی کوردستان . مەرجی دووەمیش کە بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی کوردستان زۆر گرنگە، بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و لە کوردستاندا . ئەمەش بەو مانایە دێت کە واشنتۆن ئامادەیە توانای ئابووری و دیپلۆماسیی خۆی بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر بەغدا لەپێناو دەستەبەرکردنی پێگەی کورد و بەردەوامیدان بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان  لەگەڵیاندا.

3. ڕێککەوتننامە و گرێبەستەکان لە بواری وزەدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، خاڵی وەرچەرخانێکی پراکتیکییە لە ستراتیژی پشتیوانیکردنی کورد لەلایەن ئەمریکاوە. واژۆکردنی دوو گرێبەست بە بەهای 110 ملیار دۆلار لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای HKN Energy و Western Zagros بەڵگەی هەڵکشانی ئاست و جۆری پەیوەندییەکانە لە هاوبەشیی سیاسی و ئەمنیەوە بۆ هاوبەشیی ستراتیژی - ئابووری. بەوەش کورد لەمەودوا پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی دەبێت لە چوارچێوەی دیدگەی واشنتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای داعش.

4 . پەیامە ناڕاستەوخۆو ڕانەگێنراوەکانی پشت گوتارەکەی ڕوبیۆ بۆ بەغدا

هەر پاشەکشەیەک لە مافەکانی کورد یان هەر فشار بۆبردن و سنووردارکردنێکی سەروەرییە دەستوورییەکانی کوردستان، کاردانەوەی خۆی دەبێت لەسەر پەیوەندیتان لەگەڵ واشنتۆندا.

بۆ ناوخۆی کورد: واشنتۆن هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی ستراتیژیی درێژخایەن دەزانێت و لەسەر ئەو بنەمایە حسابی بۆ دەکات، بەڵام چاوەڕوانیی لە سەرکردایەتیی کوردیش ئەوەیە کە عەقڵانیتر و شەفافانەتر بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بەڕێوەببات و بە تەواوی تواناوە سەروەت و سامانی کوردستان بخاتە خزمەتی خەڵکی کوردستانەوە.

بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: ئەمریکا سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراقدا لەسەر بنەمای فرەیی و دیموکراسی داڕشتووە نەک لەسەر بنەمای دەوڵەتێکی مەرکەزیی تاکڕەو لە بەغدا.

بەکورتی بە کوردی :

لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، لێدوانەکانی ئەمڕۆی مارکۆ ڕوبیۆ (دووەم بەهێزترین و کاریگەرترین کەسی ئیدارەی ئەمریکا) پڕ بەهاترین لێدوانی ڕەسمیی ئەمریکایە سەبارەت بە کورد. دانپێدانان و پشتیوانیکردنێکی کەم وێنەیە لە سەرەوەریی کوردستان و بەستنەوەیەتی بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی وزەوە. ئەمڕؤ داڕێژەری سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا لە نەخشەی نوێی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی بە کوردستان بەخشی.

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ