دیدارێکی چاوەڕوانکراو لەنێوان باراک و عەبدیدا بۆ نوێکردنەوە و تەواوکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق

شەیری بکە لە:
دیدارێکی چاوەڕوانکراو لەنێوان باراک و عەبدیدا بۆ نوێکردنەوە و تەواوکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی و بڕیارە نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک

ئاڤا نیوز


بڕیارە نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی، کۆببێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی ڕێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق.

 

ئەو دۆسیانە چین کە هەردوولا تاوتوێی دەکەن؟

کەی و لە کوێ ئەم دیدارە ئەنجام دەدرێت؟

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی کات و شوێنی دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان باراک و عەبدی بدەن، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە هەسەدە، کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش، ئاشکرای کرد کە ئەم دیدارە بەم زووانە، ڕەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەکدا، ئەنجام بدرێت.

 

سەرچاوەکە بە "عەرەبییە"ی ڕاگەیاندووە کە باراک لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە تاوتوێی چۆنیەتی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان عەبدی و سەرۆکایەتیی سووریا دەکات. ئاماژەی بەوەشدا کە ڕەنگە نێردە ئەمریکییەکە پاڵ بە عەبدی و سەرۆکی سووریا، ئەحمەد ئەلشەرعەوە بنێت بۆ "نوێکردنەوەی" ڕێککەوتنی پێشوویان یان پێشنیازکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ بە پشتیوانیی فەرەنسا.

 

بەپێی هەمان سەرچاوە، باراک لەگەڵ عەبدی دۆسیەی دیکەش تاوتوێ دەکات، دیارترینیان بەردەوامبوون لە هاوکاریی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە شەڕی دژ بە داعش و پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا. سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نێردە ئەمریکییەکە پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نیگەرانیی خۆی بە فەرماندەی هەسەدە ڕاگەیاندووە سەبارەت بە "تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە سووریا" دوای جووڵە نوێیەکانی داعش.

 

تا ئێستا شوێنی دیدارەکەی نێوان باراک و عەبدی دیاری نەکراوە، بەڵام سەرچاوەکە پێشبینی کرد دیدارەکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەتایبەت کە عەبدی پێشتریش چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە هەولێر ئەنجام داوە، لەوانە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان نۆیل بارۆ، لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا.

 

هەروەها سەرچاوەکە پێشبینی کرد نێردە ئەمریکییەکە سەردانی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات لە بنکەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ناوچەیەکە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە و بەشێک لە پارێزگاکانی حەلەب و دێرەزوور و تەواوی پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەققە دەگرێتەوە، جگە لە دوو شارۆچکە کە لە تشرینی یەکەمی 2019ـەوە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادان.

 

ڕێککەوتن لەگەڵ شەرع:

جێی باسە فەرماندەی هەسەدە لە 10ی ئاداری ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ شەرع واژۆ کرد، کە لە خاڵی یەکەمیدا جەخت لەسەر گەرەنتیکردنی مافی هەموو سوورییەکان دەکاتەوە لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی و بەبێ گوێدانە بنەچەی ئایینی و نەتەوەییان. لە خاڵی دووەمیشدا هاتووە کە کۆمەڵگەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریادا و دەوڵەتی سووریا مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی مسۆگەر دەکات.

 

گرنگترین خاڵ، خاڵی سێیەم بوو کە بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەسەرانسەری خاکی سووریادا، لە کاتێکدا خاڵی چوارەم باسی لە یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان دەکرد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا، بە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکانیشەوە.

 

ئەم ڕێککەوتنە لە خاڵەکانی دیکەیدا گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سورییەکان بۆ شار و گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە گەرەنتی دەکات.

 

هەروەها ڕێککەوتنەکە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی دابەشبوون و وتاری ڕق و کینە و هەوڵەکانی چاندنی ئاژاوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی جێبەجێکار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ.

 

زانیاریی زیاتر: پێشتریش ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتەر"ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و ئەگەری زۆریشە لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کۆببێتەوە.

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ