بانکی نێودەوڵەتی 12 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژە لە هەولێر تەرخان دەکات

شەیری بکە لە:
بانکی نێودەوڵەتی 12 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژە لە هەولێر تەرخان دەکات

دانانی بناغەی قوتابخانەیەک لە هەولێر

ئاڤا نیوز

لەڕێگەی قەرزێکی بانکی نێودەوڵەتی، 11 قوتابخانە و حەوت بنکەی تەندرووستی و چەند پرۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست دەکرێن، بەشێک لە پرۆژەکانیش تەواوکراون.

وێنە گەورەکە: سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە داراییەی لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئامانجی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا سەپێنرابوو، بەڵام ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و پلان و ستراتیژییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر پرۆژەکان نەوەستان، بەڵکو ژمارەی پرۆژەکان زیاتریش بووە.

چیرۆکی سەرەکی: لەچوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 18ـی ئۆکتۆبەر، لە گوندی گڕاو لە بناری چیای سەفین، قوتابخانەیەکی بنەڕەتی دوای تەواوکردنی، بەفەرمی کرایەوە، هاوکات لە گوندی هەنارە، بەردی بناغەی قوتابخانەیەک و بنکەیەکی تەندرووستی دانرا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی ڕێککەوتنی نێوان سندووقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی پلاندانان و بانکی نێودەوڵەتی، گوژمەی 12 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری لەسنووری پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە، بەشێک لەو پرۆژانە جێبەجێکراون و بەشەکەی تریش لە قۆناغی جێبەجێکردن دان.

لێدوانی فەرمی: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەو بڕە قەرزەی کە بانکی نێودەوڵەتی بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوە گوژمەی پێنج ملیار و 750 ملیۆن دینار، بۆ دروستکردنی یازدە قوتابخانە و حەوت بنکەی تەندرووستی خەرج دەکرێت کە بەشێکیان تەواو کراون و ئەوانی تریش لە جێبەجێکردن دان، سەرجەم پرۆژەکانیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتیی پەروەردە و تەندروستیی هەولێر چاودێری دەکرێن.

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند، هەوڵیان داوە لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەڵانسی نێوان شار و شارۆچکەکان و گوند و شوێنە دوورە دەستەکان ڕابگیرێت و، پرۆژەکان بگاتە هەموو شوێنێک.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ