چەند کەسێک بە ناوی کۆمپانیاوە بە نایاسایی پارە لە شۆفێرانی پاس و تەکسی وەردەگرن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

جۆرێکی نوێی "گەندەڵی" لەژێر ناوی کۆمپانیای گواستنەوەدا پەیدابووە. کارەکە لەنێوان چەند کەسێک کە- خۆیان بە خاوەنی کۆمپانیا دەناسێنن- لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و شۆفێری پاس و تەکسیەکان ڕێکدەکەون بۆ گواستنەوەی قوتابیان. گەندەڵییەکەش بەجۆرێکە بارگرانی ماددی لەسەر قوتابیان دروست دەکات و پارەی زیادە بۆ گواستنەوەیان لێوەردەگریرێت.

 

بەدواداچوونی ئاڤا؛ بەگوێرەی بەدواداچوونی هیشام سەعید، پەیامنێری ئاڤا، کەسانێک بەناوی "کۆمپانیا"ـەوە دەچنە لای بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و ڕێکدەکەون کە گواستنەوەی قوتابییان قۆرخ بکەن. کۆمپانیاکە بۆ هەر قوتابییەک داوای 10 بۆ 15 هەزار دینار لە شۆفێرەکە دەکات.

- دواتر ئەو بڕە پارە زیادەیە لەنێوان "خاوەن کۆمپانیا" و "بەڕێوەبەری قوتابخانەکە" دابەش دەکرێت.

- باجەکەی کێ دەیدات: شۆفێرەکان ناچارن ئەو پارەیە بخەنە سەر کرێی مانگانەی قوتابییەکە، بۆ نموونە: ئەگەر کرێی گواستنەوەی قوتابییەک 30 هەزار بێت دەبێتە 40 هەزار و ئەگەریش کرێی گواستنەوەکە 45 هەزار بێت دەبێتە 60 هەزار.

لەلایەکی دیکە: تاڵانکردنی شۆفێران: ئەمەیان تەنیا مانگانە نییە، شۆفێرێک بۆ ئاڤای ئاشکرا دەکات کە سەرەتا دەبێت بڕێکی زۆر پارە بدەن بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدەن کار بکەن: یەک ملیۆن دینار وەک شیرینی بۆ وەرگرتنی ئیشەکە و 300 بۆ 500 هەزار دینار وەک تەئمینات (کە بۆیان ناگەڕێنرێتەوە).

 

لێدوانی فەرمی: لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەم کارە نایاساییە و پەیوەندی بە پەروەردەوە نییە؛ بەدواداچوون دەکەین و ڕێگری لەم قۆرخکارییە دەکەین."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ