سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە
ئاڤا نیوز
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە ڕایگەیاند، "هاتووین لێرە پێتان ڕابگەیێنین بەڵێنێکی دیکەمان بردەسەر". لەبارەی پرۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانیش مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بە تەواوبوونی قەیرانی ئاو لە سلێمانی کۆتایی دێت.
چیرۆکی سەرەکی؛ لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، ساڵێک پێش ئێستا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی دا، کە ئاوی زێی بچووک لە ناوچەی قەشقەوە دەگوازێتەوە بۆ قەزای قوشتەپە و دەوروبەری.
لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، گرنگە لە هەرێمی کوردستان ئاوی ژێرزەوی بپارێزین و ئاوی سەرزەوی بەکاربهێنین.
لەمیانی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە قوتابخانەکان و مامۆستایانی ئایینی و ڕۆشنبیران کرد، کە "خەڵک ڕێنمایی بکەن بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت و بە باشترین شێوە سوودی لێوەربگیرێت."
ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، "هەندێک پرۆژەی دیکەمان لەبەردەستن کە هەندێکیان جێبەجێ کراون و هەندێکیشیان خەریکە جێبەجێ دەکرێن و هەندێکی دیکەشیان پلانیان بۆ دانراوە لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیارمان لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی دووکان- سلێمانی دا بەمەش قەیرانی ئاو لە سلێمانی کۆتایی پێدێنین.
ژمارەکان وا دەڵێن: پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە لە ڕۆژێکدا. بەمەش هەردوو قەزای قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 72 گوند بۆ ماوەی 30 ساڵی داهاتوو لە قەیرانی کەمئاوی ڕزگاریان دەبێت و 63 هەزار کەس لێی سوودمەند دەبن.
ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ پرۆژەکە لە ماوەی یەک ساڵدا و بە تێچووی 222 ملیار و 670 ملیۆن دینار، بە هاوکاریی هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی دێلاڤ و ئاوزان جێبەجێ کرا.
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.
ئامادەبووانی بەڕێز، خوشک و برایانی ئازیز، زۆر زۆر بەخێر بێن، بەیانیتان باش.
خوای گەورە دەفەرموێت: بسم اللە الرحمن الرحیم (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَیْءٍ حَیٍّ) کەواتە هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروستکردووە. لە کوردەواریماندا دەڵێین "ئاوەدانی" کەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاوەوە.
بێ ئاو ژیان نابێت، و زۆر گرنگە ئێمە ئەو ئاوە، ئەو نیعمەتەی کە خوا بە ئێمەی داوە، بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرگرین و بەفیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین.
ئێمە ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەوە کردووە کە بە فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی داواکاریی خەڵک بۆ ئاو، پێویستیمان بەوەیە پڕۆژەی ئاو بگاتە هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دێهاتەکانمان. هەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئیمە ئاسوودە ببن، هەم بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەرگرین و نەهێڵین ئاوی ژێر زەوی، بیرەکان بەو شێوەیە بە داخەوە، بەڵام هێندە ئاوی ژێرزەوی بچێتە خوارەوە. کەواتە زۆر گرنگە، ئێمە بتوانین بەو پڕۆژانە زیاتر ئاوی سەر زەوی بەکار بهێنین.ئەم ئاوە، هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ کشتوکاڵ، هەم بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر زۆر گرنگ دەبێت.
پێش ماوەیەکیش پڕۆژەیەکی تری گەورەی ئاوی فریاگوزاریی خێرا گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، کە ئەنجامدرا و بە کۆتایی گەیشت، ئەویش هەردیسان بەشێک بوو لەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمانبوو، کە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین.
ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین بەڵێنێکی دیکەشمان جێبەجێکرد و ئەم پڕۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند، پیرۆزە لە هەمووتان. دەستخۆشی لە کۆمپانیای "ئاوازەن" دەکەم کە بەڕاستی لە کاتێکی گونجاودا، بە دڵسۆزی و ماندووبوونێکی زۆرەوە توانییان لە کەمتر لە ساڵێکدا ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن. سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانیش دەکەم کە بەهەمان شێوە پاڵپشت و هاوکاربوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆژەیە و سوپاسی پارێزگا و قایمقام و هەموو فەرمانبەرانی حکوومەتیش دەکەم کە هەموویان هاوبەش بوون و هەمووشیان هاوکاربوون لەسەرخستنی ئەم پڕۆژانە، دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم.
پاراستنی ئاو ئەرکی هەموومانە، پێویستە هەموومان زۆر بە وریاییەوە ئاوەکانمان بپارێزین، ژینگەکەمان بپارێزین. لە ساڵانی ڕابردوودا باران کەم باری و ڕووبارەکان لە زۆر شوێن وشک بوون. کاریگەریی کەم بارین لە عێراق زۆر دیارە، و ئێمەش بێبەش نابین لەمە. ئەمە بەداخەوە تەنیا دەتوانین زیان و زیانی کەم ئاویمان لەسەر خۆمان کەم بکەینەوە، لەسەر ژینگەکەمان کەم بکەینەوە. هیوادارم ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردووش نەبێ و خوا بارانی ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێت و تووشی کەم ئاوی لەوە زیاتر نەبین؛ بەڵام ئەو پێشبینییانەی کە کردمان و ئەم پڕۆژانە دڵنیام کە ئێمە ناگەینە مەرحەلەیەک نەچاربین بە کۆچکردن؛ چونکە بێگومان کاریگەریی کەم ئاوی لەسەر خەڵک زۆر زۆرە، و عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی بە شێوەیەکی زۆر دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە.
مەترسیی کەم ئاوی، مەترسیی تریشی لەگەڵ دێت، مەسەلەی کۆچکردنی هاووڵاتییان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، چونکە ژیانی مرۆڤ وایە بەدوای ئاودا دەگەڕێت، بەدوای ژیاندا دەگەڕێت. لە شوێنێک ئاو نەبێت و بە بیابان بوون دروست بێت، خەڵک قەسدی شوێنێکی دیکە دەکات کە ژیانی تێدایە.
ئێمە هەوڵێکی جیددیمان داوە لەگەڵ دۆستەکانمان لە دەرەوەش کە یارمەتیمان دەن بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە، کێشەی گۆڕینی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهانی ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیددی کە هەوڵ دەدن چارەسەری بکەن و ئێمەش بەشێک بووین لەو چارەسەرییە و ئەو ڕوئیایەی کە ئێمە هەمانبوو لە کوردستان، بە پشتیوانیی خۆمان بەرنامەکانمان جێبەجێ کردووە، لە خۆشمان بە زیاد بێت دەبینین کە کاریگەریی کەشوهەوا و خەڵکی ئێمەش تا ڕادەیەکی زۆر توانیویانە ئاسوودە ببن.
جگە لەو پڕۆژانە ئێمە چەندین پڕۆژەی دیکەشمان لەبەردەستدان، هەندێکیان جێبەجێ کراون، هەندێکیان خەریکن جێبەجێ دەکرێن و هەندێکیان پلانیان بۆ داڕێژراوە لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن. تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارمان لەسەر دروستکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاو هی دوکان - سلێمانی دا، کە ئەویش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانی کۆتایی پێ دێنێت. پڕۆژەکانی دیکەش هیوادارم لە کاتێکی زوودا بە ئەنجام بگەن، بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک لە کوردستان نەمێنێت کە تووشی گرفت و قەیرانی کەم ئاوی بێت.
من داواکارییەکم هەیە لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست لە قوتابخانەکان، بە تایبەتی مامۆستایانی ئایینی، لە ڕۆشنبیران کە ڕێنوێمان بکەن، ئامۆژگاریمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت، دەست بە ئاوەوە بگرین. نیعمەتێکی گەورەیە، بەڵام با بە باشترین شێوە سوودی لێوەرگرین، ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەکەمان خۆشتر بکەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەرگرین کە خوا پێی بەخشیوین.
بابەتی هۆشیارکردنەوە، بابەتێکی گرنگە، نەک تەنیا بابەتی ئاو، بەڵکو ژینگەپارێزی بە گشتی، با ببێت بە کولتوورێک، هەموومان پێیەوە پابەندبین.
کاری زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین کە خەڵک پێیداوین و خزمەتگوزارییەکانمان بۆ خەڵک دابین بکەین نەک تەنیا ئاو، بەڵکو پڕۆژەی ڕووناکی، ڕێگاوبان، بەدیجیتالکردنی خزمەتگوزارییەکان، کەرتی تەندروستی، کەرتی پەروەردە. ئەمە هەمووی ئەرکی ئێمە بوو و هیچ منەتێکیشی تێدانییە، و هەمیشەش ویستوومانە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین. خزمەتکردن بەڕاستی ئیرەیی ناوێت، تەنیا دڵسۆزی دەوێت، ئەوەی بیەوێت خزمەت بکات، ئەوەندە بە دڵسۆز بێت کە بتوانێت خزمەت بکات.
سامانی نیشتمانی سامانی هەموو خەڵکی کوردستانە، موڵکی شەخسیی هیچ کەسێک نییە. پێویستە ئەم سامانە بۆ خەڵک بە باشترین شێوە سوودی لێوەر بگیرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی ئێوە تا ئێوە متمانەتان پێمانە، و بە سەربەرزی و بە شانازییەوە خۆمان بە خزمەتکاری ئێوە دەزانین، هیوادارم بەردەوام بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان.
هەر تەندروست و سەلامەت بن، خوای گەورە سەلامەتتان بکات و کوردستانەکەشمان ئاوەدان بکات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- بزنس
- 11 خولەک لەمەوپێش
دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی دەکرێت
- بزنس
- 27 خولەک لەمەوپێش
نووسراوی خەرجکردنی مووچە گەیشتە تەیف سامی
- کوردستان
- 29 خولەک لەمەوپێش
هەسەدە و هاوپەیمانان سەرکردەیەکی دیاری داعش دەستگیر دەکەن
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
نەتەوەیەکگرتووەکان: وێرانکاریی غەززە وەک فیلمێکی هۆلیوودە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
هۆشداری لە پیسکردنی دەریاچەی وان دەدرێت
14 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر ژنێک هاوشانی پیاوان کاری لەحیم دەکات
16 کاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە قەبارەی ئاوی بەنداوی مووسڵ ئاشکرا بکات
22 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر 26 یاریگا نۆژەن دەکرێنەوە و یاریگایەکی نوێش دروست دەکرێت
22 تشرینی یەکەم
دوایین زانیاریی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی هەشت
22 تشرینی یەکەم
- کوردستان
- 29 خولەک لەمەوپێش
هەسەدە و هاوپەیمانان سەرکردەیەکی دیاری داعش دەستگیر دەکەن
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
نەتەوەیەکگرتووەکان: وێرانکاریی غەززە وەک فیلمێکی هۆلیوودە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆن تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکی پەسەند کرد
- هەواڵ
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
مەشهەدانی: ئەمریکا بە کەمپی هۆل هەڕەشەی لێکردین ئەگەر یاسای حەشد تێپەڕێنین