دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری قەزای خەبات دەستیپێکرد

شەیری بکە لە:
دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری قەزای خەبات دەستیپێکرد

دیمەنی دابەشکردنی نەوتی سپی مالان

ئاڤا نیوز

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت و گەیشتە قەزای خەبات. ئەمڕۆ لە ناحیەکانی ڕزگاری و کەورگۆسک بە سیستمی نوێ دەست بە دابەشکردنی نەوت کرا، کە هاووڵاتیان دەتوانن لە بەنزینخانەکان بەبێ قەرەباڵغی و چاوەڕوانی نەوتەکەیان وەرگرن. چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوویش لە سەنتەری قەزای خەبات دەست بە دابەشکردنی بکرێت، لە کاتێکدا ماوەی دوو ڕۆژە لە دەوروبەری شارە گەورەکانیش پرۆسەکە دەستیپێکردووە.

چیرۆکی سەرەکی: بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانیان دابین دەکات و پێش هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات. پرۆسەکە نزیکەی دوو هەفتەیە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستیپێکردووە، لە چۆمان و حاجی ئۆمەران و وەرتێ و ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی سەر بە ئیدارەی سۆران، هەر خێزانێک بڕی 200 لیتری پێدراوە. هەفتەی ڕابردووش لە پارێزگای دهۆک دابەشکرا،  ئێستا بەرەو سەنتەری شارەکان نزیک دەبێتەوە.

شێوازی جێبەجێکردن: ئەمساڵ پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە "سیستمی نوێ" بەڕێوەدەچێت. پێشتر نەوت لە ڕێگەی بریكارەکانەوە دابەش دەکرا، کە ژمارەیەکی زۆری بەرمیل لەبەردەم دووکانی بریكارەکان کۆدەکرایەوە و دیمەنێکی ناشیرین و ناشارستانی هەبوو. پاشان تانکەرێکی نەوت دەهات و بەرمیلەکانی پڕ دەکرد. بەڵام بەپێی سیستمی نوێ، ناوی هاوڵاتیان لە بریكارەکان وەردەگیرێت و دەدرێت بە بەنزینخانەکان. هاووڵاتیان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە بەنزینخانە نەوتەکەیان وەرگرن.

بۆ نموونە لە قەزای خەبات دوو بەنزینخانە دیاریکراون، کە هاووڵاتیان دەتوانن بەبێ ڕیزگرتن و هێشتنەوەی بەرمیلەکانیان لەبەردەم دووکانی بریكارەکان، بەرمیلەکانیان ببەن و نەوت وەرگرن.

زانیاریی زیاتر: لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتدا، هەموو کوردستان بەسەر سێ زۆندا دابەشکراوە:

٠ زۆنی یەکەم: ناوچە شاخاوییەکانە کە 320 هەزار خێزان نەوت وەردەگرن.

٠ زۆنی دووەم: ناوچەکانی دەوروبەری شار و شارۆچکەکانە، کە نزیکەی 345 هەزار خێزان نەوت وەردەگرن.

٠ زۆنی سێیەم: سەنتەری شارەکانە، کە 625 هەزار خێزان نەوت وەردەگرن.

لێدوانی فەرمی: کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، بە ئاڤای ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە هەردوو ناحیەی ڕزگاری و کەورگۆسک دەستکرا بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە هاونیشتمانیان دەتوانن لە بەنزینخانەکان بەشە نەوتیان وەربگرن. دوای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی نەوت لە هەردوو ناحیەکە، بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو لە سەنتەری قەزای خەبات دابەش بکرێت."

لەلایەکی دیکەوە: سالار محەممەد، لێپرسراوی بەشی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ئاڤای گوت: "دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد، ئێستاش دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێر دەستیپێکردووە واتە لە سنووری قوشتەپە و بەحركە و بنەسڵاوە."

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ