فەریق عەزیز وەیسی: بۆ ڕۆژی دەنگدان پلانێكی تۆكمەی ئەمنی دانراوە

شەیری بکە لە:

فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی

ئاڤا نیوز

 

فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و میحوەری خازر، سەبارەت بە بەشداریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە پرۆسەی دەنگدان ئاماژەی بە ئەوە دا، "چەند ڕێككارێك بۆ زیاتر هۆشیاركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەشداریكردنیان لە پرۆسەی دەنگدان ئەنجام دراون، جەختیشی كردەوە پێشمەرگە ئەزموونێكی باشی لەگەڵ پرۆسەكە هەیە و ئەمجارە كەمترین هەڵە لە شێوازی دەنگداندا دەكرێت.


وێنە گەورەکە: وادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیک دەبێتەوە پسپۆڕانی یاسایی و هەڵبژاردنەکان بەردەوام هۆشیاری بە هاووڵاتیان دەدەن بۆ ئەوەی دەنگی هاووڵاتیی نەفەوتێت و بەشێوەیەکی دروست دەنگی خۆیان بدەن، هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش پێش وادەی دەنگدانی گشتیی لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش هۆشیاری تەواو بۆ هێزە ئەمنییەکان ڕوونکراوەتەوە لە ڕۆژانی داهاتووش هێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی هاووڵاتیان دەکەوێتە ئەستۆیان.


لێدوانی فەرمی: فەریق عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، هۆشیاری لەسەر هەڵبژاردن و چۆنیەتی دەنگدان لەلایەن کەسانی پسپۆڕ بۆ سەرجەم یەکەکانی پێشمەرگە ڕوونکراوەتەوە، بۆ ئەوەی دەنگی کەس نەفەوتێت، لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر دەنگ پووچەڵ کرایەوە بەهۆی نەبوونی هۆشیاری لەسەر شێوازی دەنگدان، بەشێکیان بێ بەش بوون لە دەنگدان.

 

زانیاریی زیاتر: فەریق عەزیز وەیسی، دوای کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەت، زیرەڤانی هاوشێوەی پۆلیس و ئاسایش ئەرکی پاراستنی هاووڵاتیانیان دەکەوێتە ئەستۆ، هێزەکانی زێرەڤانی سەرجەم دەروازەکانی کوردستان و سنووری ماددەی 140 دەکەوێتە ئەستۆیان، پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ پاراستنی ئارامیی هاووڵاتیان بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی کوردستان.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت، ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش 809 بنکەی دەنگدان و چوار هەزار و 501 وێستگەی دەنگدان تەرخان کراوە.


ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت بەگوێرەی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بەم شێوەیەن:

-وەزارەتی ناوخۆ  597 هەزار و 453 دەنگدەر. 
-وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان  124 هەزار و 312  دەنگدەر.
-دەزگای دژە تیرۆر 18 هەزار و 410 دەنگدەر.
-وەزارەتی پێشمەرگە 145 هەزار و 907 دەنگدەر.
-وەزارەتی بەرگری 298 هەزار و 54 دەنگدەر.
-دەستەی حەشدی شەعبی 128 هەزار و 127 دەنگدەر.
-کۆی گشتیی ملیۆنێک و 313 هەزار و 859 دەنگدەر.

شەیری بکە لە: