نێچیرڤان بارزانی: جێبەجێنەکردنی دەستوور هۆکاری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە

شەیری بکە لە:

نێچیرڤان بارزانی

ئاڤا نیوز

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپاتی کردەوە جێبەجێنەکردنی دەستوور زیانی بە هەموو عێراق گەیاندووە و هۆکاری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە، بۆیە پارتی پێداگری لە جێبەجێکردنی دەستوور بۆ هەموو عێراق دەکاتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە کەرنەڤاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری شێخان، کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025 بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند پەیامێکی دەربارەی پرسی مووچە  و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و دەستوور ڕاگەیاند و دووپاتی دەبێت دەستوور بۆ هەموو عێراق جێبەجێ بکرێت.

پەیامی فەرمی: نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: ئەوەی من خۆشحاڵ دەکات مامۆستایانی ئاینی و کریستیان و ئێزدی پێکەوە دانیشتوون، ئەوە دیمەنێكی جوانی کوردستانە ، پێویستە ڕەنگدانەوەی هەتا هەتایی بمێنێتەوە، ئەوە دیمەنە دڵی دۆستەکانمان خۆش دەکات و ناحەزان دڵتەنگ دەکات.

زانیاریی زیاتر: لەبارەی دەڤەری شێخان، نێچیرڤان بارزانی وتی، دەڤەری شێخان تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە بۆ کوردستان، لە شۆڕشدا سەدان داستانی پێشمەرگە لەو سنوورە تۆمار کراون، شێخان، باعەدرێ، کەلەکچی، قەسرۆک و ئەتروش ئەو سنوورە هەمووی پارتییە شوێنی ژمارەیەکی زۆر لە قارەمان و شەهیدانە بەهۆی ئەوانەوە ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە.

لە وتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئەمانەشی وت:

٠ بە درێژایی شۆڕشدا ناوچەی شێخان یەکێک لە چالاکترین ناوچەکانی پارتی بووە، چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە زۆربوون، قارەمانیەتی پێشمەرگەکانی سنووری شیخان هیچ کات لە هزر و بیری ئێمە ناچێتەوە.

٠ پێشمەرگەکانی ئەو سنوورە بە ئێزدی و موسڵمان و کریستیانەوە هەموویان پێکەوە خەباتیان بۆ میللەتی خۆیان کردووە، هەموویان پێکەوە گەورەترین داستانی شۆڕشیان تۆمار کردووە، هەموو پێکهاتەکانی ئەو سنوورەش ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکانیان بینیووە، پێش چەند ساڵێک بە تێکۆشەرانی خۆی بە تایبەت تێکۆشەرانی ئەو سنوورە، ڕێگریان لە داعش کرد و نەیانهێشت داعش بێنە پێش و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند.

٠ بۆ ئەوەی پارتی باشتر و بەهێزتر بەرگری لە مافی کورستان بکات، پێویستە لە 11ـی11 هەموومان بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، لیستی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو.

٠ پێویستە پارتی بەهێزەوە لە بەغدا بێت، چونکە بەهێزبوونی پارتی بەهێزبوونی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی کوردستان و پێکەوەژیان و ئاوەدانی کوردستانە.

٠ یەک ئامانجمان هەیە ئەویش جێبەجێکردنی فیدراڵیەت و جێبەجێکردنی دەستوورە، چونکە 20 ساڵە خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی دەستوور کارەساتی گەورەی بۆ عێراق دروست کردووە، پێویستە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

٠ ئەو سیستمەی عێراق لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات تەواو ناوەندییە، کێشەی مووچە و پێشمەرگە و شایستە داراییەکان و ماددەی 140 و پڕچەککردنی پێشمەرگە بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوور دروست بوونە.

٠ پرسی مووچە لە دەستوور دیاریکراوە و دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک هەموو مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دابین بکرێت.

٠ لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەی مووچەیە، لەو باوەڕەداین چارەسەر دەکرێت.

٠ سوپاسی هەموو میللەتی کورد دەکەم، کە سەرەڕای هەموو گوشار و ئاستەنگ و ناخۆشییەکان، جارێکی دیکە بۆ دۆست و دوژمن دووپاتیان کردەوە، بە دڵ لەگەڵ کوردستان دەمێننەوە و لەگەڵ پارتی دەمێننەوە و حیزبی خۆیان سەرفراز دەکەن.

٠ لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە، پەنا بەخوا ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت و کوردستان لەو قۆناغەوە دەبەینە قۆناغێکی گەشتر و ئاوەدانتر.

٠ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لە کوردستان دەکات و ئەندامانی پەرلەمانی ئێمە ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە ئەویش کارکردنە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، لە ڕێگەی گۆڕینی یاساکانی عێراق لە ناوەندیەوە بۆ فیدرالی، گۆرینی یاساکانی سەردەمی بەعس کە ئەو یاسایانە ئاستەنگن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی عێراق.

٠ جێبەجێنەکردنی دەستوور نەک تەنیا زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە، زیانی بە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش گەیاندووە، بۆیە کاتێک ئێمە دووپاتی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەینەوە بەس بۆ هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو دەمانەوێت دەستوور بۆ هەموو عێراق و هەموو پێکهاتەکانی عێراق جێبەجێبکرێت، ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێزبێت، بێگومان دەستوور جێبەجێ دەکرێت.

٠ پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان تابلۆیەکی جوانی نەخشاندووە لە مێژووی کوردستان و هیچ کاتێک لەبیرناکرێت، ڕژێمی لەناوچوو زۆر هەوڵیدا ئەو پێکەوەژیانە تێکبدات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی، بنگەی ئەو پێکەوەژیانە بنگەی فیکر و ڕێبازی شێخەکانی بارزانە، ئەمەش ئەو ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری بەردەوامە ئەویش پێکەوەژیانی برایانە و ئاشتییانەی هەموو پێكهاتەکانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: