بەهۆی بارانبارینەوە بەشێکی ڕێگای هامڵتۆن ڕۆچووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

ڕێگای ستراتیژیی سۆران – چۆمان لە دوو شوێنی جیاوازدا دووچاری ڕۆچوون و داڕمان بووە، ئەمەش مەترسیی پچڕانی تەواوەتیی هاتووچۆی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دروست کردووە.

چیرۆکی سەرەکی: ڕێگای هامڵتۆن ڕێگای نێودەوڵەتی بازرگانییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، مەترسی هەیە ڕێگاکە بەتەواوی دابڕمێت. لە شوێنێکدا بە قووڵایی 50 سانتیمەتر ڕۆچووە و ئاستەنگییەکی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست کردووە. لە شوێنێکی دیکەشدا کە تەنیا چەند مەترێک لە جادەکەوە دوورە، ژێرخانی زەوییەکە داڕماوە و هەر ساتێک ئەگەری پچڕانی ڕێگاکە هەیە.

٠ ئەم دۆخە نەک تەنیا هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی پەکخستووە، بەڵکو مەترسیی جددیی بۆ سەر هێڵی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی سۆران دروست کردووە کە لە "بەرزێوە"وە دەێت و ڕێک بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت.

زانیاریی زیاتر: ڕێگاکە دووەم جارە ڕۆبچێت، ساڵی 2019 جارێکیان ڕۆچوو، ئەوکات بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنی سۆران ڕاگرێکی بە بەرزی نۆ مەتر بە بەرد دروست کردووە، ئێستا کە حەوت ساڵ تێپەڕیوە ڕێگاکە دووبارە ڕۆچووەتەوە.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: محەممەد نووری دووکاندارە و لە نزیک ئەو شوێنە دووکانی هەیە، دەڵێت لەوەتەی بەبیرم بێت ئەم شوێنە ڕۆدەچێت. ئینجا جگە لە ڕێگاکە، کە شوێنەکە ڕۆدەچێت زیان بە بۆری ئاوی سۆرانیش دەگەیێنێت، ‌هێڵێکی ئاوی خواردنەوەی سۆران لە بەرزێوە ڕاکێشراوە و بەوێدا تێدەپەڕێت، چەندین جار بەهۆی ڕۆچوونی زەوی هێڵەکە شکاوە و چاک کراوەتەوە.

لێدوانی فەرمی: خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران دەڵێ: ئێستا تەنها ئەوەندەمان توانیوە ڕێگاکە چەوڕێژ بکەین و نەهێڵین ڕێگاکە پەکی بکەوێت، لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ